فیلمی ئەمڕۆ: ئارەقی سارد

فیلمی عارەقی سارد

 

 فیلمی ئارەقی سارد، فیلمێکە ڕەخنە لە یاساکانی وڵاتی ئێران دەگرێت، کە تا ئێستاش ئەگەر پیاوێک ڕازی نەبێت هاوژینەکەی ناتوانێت گەشتی بکات، ژنان لەم بابەتەدا هیچ مافێکیان نییە.

 

فیلمی ئارەقی سارد "عرق سارد"، باس لە ژیانی ژنێک دەکات، کە ماوەی ١١ ساڵە یاریزانی هەڵبژاردەی وەزرشی فوتساڵی ئێرانە و کاپتنی هەڵبژاردەکەیە، ماوەی هەشت ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ پێشکەشکارێکدا کردووە.

 

کاتێک ئەو تیپە وەرزشییە دەیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات و لە یارییە نێودەوڵەتییەکاندا یاری بکات، کە دەچنە فڕۆکەخانە تا گەشت بکەن، دەزانرێت ئەو ژنە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە گەشتکردنی لێ قەدەغەکراوە، هەرچەندە هەوڵ دەدات بەڵام ئەو پیاوە بە پاڵپشتی یاساکانی وڵات سور دەبێت لەسەر بڕیارەکەی، تەنها هۆکاریشی ئەوەیە کە لەبەردەم دادگادا دەڵێت "نامەوێت هاوسەرەکەم بچێتە دەرەوەی وڵات".

 

هەرچەندە بەشێکی زۆر لە چالاکوانانی بواری ژنان دەیانەوێت کارێک بۆ ئەو ژنە بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی بە یاسا ڕێگەپێدراو نییە، هیچ دەرئەنجامێکی نابێت، ئیتر ماندووبوونە چەندین ساڵەکەی ئەو ژنە لەبەر ئارەزووەکانی پیاوێک وەک دوکەڵ دەچێت بە هەوادا.

 

فیلمەکە ڕەخنەیەکی تەواوە بۆ یاساکانی ئەو وڵاتە، کە تا ئێستا ژنان ناتوانن بچنە ناو یاریگەکان، هەروەها ئەگەر پیاوێک ڕازی نەبێت هاوسەرەکەی ناتوانێت گەشتی بکات، دەرهێنەری ئەم فلیمە "سوهەیل بیرقی" لە لێدوانە ڕۆژنامەنووسییەکاندا هۆکاری دەرهێنانی ئەم فیلمەی گێڕایەوە بۆ ئەو یاسایانەی کە مافی ژنانی تێدا نییە و لە بەرژەوەندی پیاوانە.

 

فیلمەکە لە ساڵی ٢٠١٨ بەرهەمهێندراوە، ئەکتەری دیاری ئێران "باران کەوسەری" ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، ماوەی فیلمەکە ٨٥ خولەکە.