ژیاننامەی ئەمڕۆ: نازک مەلائیکە شاعیری عێراقی

یەکێکە لە شاعیرە گرنگەکانی عێراق و عەرەب لە سەدەی نوێگەریدا بە پێشەوای شیعری ئازاد-حور یان شیعری کارلێکەری-شیعری تەفعیلی دادەنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

نازک سادق مەلائیکە لە ٢٣ی ئابی ١٩٢٣ لە بەغداد لە ژینگەکەی ڕۆشنبیری هاتووەتە دونیاوە، خێزانەکەی لە چوار منداڵ پێکهاتبوون، نازک گەورەترین منداڵی خێزانەکەیەتی و دەرچووی کۆلێژی باڵای مامۆستایانە، لە ساڵی ١٩٤٤ چووەتە پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەشی مۆسیقا لە ساڵی ١٩٤٩ تەواوی کردووە، ساڵی ١٩٥٩ بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبی بەراورددا لە زانکۆی ویسکونسن-مادیسۆن لە ئەمریکا بەدەست هێناوە، بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغداد و زانکۆی بەسڕە، دواتر لە زانکۆی کوەیت.

 

نازک مەلائیکە ڕۆڵی هەبوو لە گۆڕینی چوارچێوەی شیعریدا

باوکی شاعیر بووە و مامۆستای زمانی عەرەبیش بووە هانی داوە بۆ خوێندنەوە، بەهەمان شێوە دایکیشی شاعیر بووە و کارەکانی لە ژێر ناوی خوازراوی "دایکی نزار مەلائیکە" بڵاودەکردەوە، ژنانی ئەو کاتە نووسینەکانیان بەو شێوازە بڵاودەکردەوە، بەڵام ئەو شێوازە لەسەر دەستی کچەکەی گۆڕا.

 

ئەو شاعیرە سەرکەوتن و ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە گۆڕانکاری کردن لە شێوازی هۆنراوەی شیعریدا و هێنانە دەرەوەی لەو چوارچێوە کلاسیکیەی لە ئەدەبی عەرەبیدا درێژەی هەبوو بۆ چەند سەدەیەک بۆ شێوازێک کە بە شیعری ئازاد ناسرا.

مەلائیکە بە چوار زمان قسەی دەکرد، وتاری بە دەنگی بەرز پێشکەش دەکرد و هەوڵی دەدا ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگا عەرەبیەکاندا دەربخات، هۆشداری دەدایە ژن پێویستە دەنگی لە کۆمەڵگادا هەبێت و بەرەنگاری کۆمەڵگای باپیران ببیتەوە کە بووەتە ڕەشیەک بۆ کۆمەڵگای عەرەبی.

 

سەیر نەبووە کە لە ژێر سێبەری خێزانێکی شاعیردا لە تەمەنی دە ساڵیەوە شیعری نووسیبێت، دواتر بە یارمەتی دایکی و مامی لە ژێر ناونیشانی "بين روحي و العالم" "لە نێوان رۆحم و جیهاندا" نووسی، دواتر کۆمەڵێک لە شیعرەکانی سەرەتای بەناوی ''عشاق الليل'' لە ساڵی ١٩٤٧دا بڵاوکردەوە، ئەو کۆمەڵەیەشی بەشێوازی شیعری کلاسیک-شیعری عەموودی نووسیوە، نازک کاریگەر بووە بە مۆسیقای تەقلیدی جوانی ماڵەکەی.

 

لەساڵی ١٩٥٣دا نازک لە یانەی یەکگرتووی ژنان وانەی بە ژنان وتەوە بە  ناونیشانی ''ژن لە نێوان جەمسەری نەرێنی و ڕەوشتدا'' داوای لە ژن کرد ئازاد بێت و بێتە دەرەوە و بەرامبەر بە نەریتی تێیدا دەژی بوەستێتەوە، بەوەش بەرەنگاری سیستمی باپیرانی کرد لە وڵاتەکەیدا و بووە دەنگێکی لێهاتوو کە شیکاری و لێکدانەوە لە بنەڕەتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و نەرێنیەکانی دەکات. لە هۆنراوەکەیدا بەناوی ''شتنەوەی شەرەف'' کە باسی لە بابەتی کوشتنی ژن دەکات لە پێناو شەرەفدا، دەنگۆیەکی زۆری لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندنا هێنا.

 

لە وتەیەکیدا لەسەر خەمۆکی دەڵێت: ''وەک بیرمە، چووبوومە قوڵای شیکاری خۆمەوە، بۆم دەرکەوت نەبە جەستە هەم نە دەتوانم بیروڕا و  هەست و سۆزم دەربرم وەک چۆن چواردەورم دەیان کرد، کشانەوە و شەرمنیم تێپەڕاند، بڕیارمدا لەم ڕێگا نەرێنیە بچمە دەرەوە، یادگاریەکانم شایەتی ئەو ململانێیەن بەو ئومێدەی بگەم بە ئامانجەکەم، هەنگاوێکم بۆ پێشەوە نەدەنا دە هەنگاوم بۆ دواوە دەنا، ئەوەش مانای ئەوە بوو گۆڕانکاری بۆماوەی ساڵانێکی درێژ نقوم ببوو لەگەڵمدا، ئەمڕۆ بۆم دەرکەوت گۆڕانکاری خۆد قورسترینە".

 

دوای دوو ساڵ لە هاتنی سەدام حسێن بۆ سەر دەسەڵات لەساڵی ١٩٧٠ دا نازک عێراقی بەرەو کوێت جێهێشت، لەساڵی ١٩٩٠ کوێتیش بەرەو قاهیرە جێدێڵێت بەهۆی گەمارۆدانی کوێت لەلایەن عێراقەوە، لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا بەهۆی نزمبوونەوەی سوڕی خوێن لە دەمارەکانیدا گیانی لە دەستدا لە رۆژئاوای قاهیرە بە خاک سپێردرا.

 

ت.پ