دەنگی نوێ، دەنگی ژنان و لاوانە

ڕادیۆی دەنگی نوێ، یەکێکە لە ڕادیۆکانی لە شاری هەڵەبجەدا پەخشی خۆی بە زمانەکانی کوردی سۆرانی-کرمانی و عەرەبی دەکات، ماوەی ١٦ ساڵە لە کاردایە و زۆرینەی کارمەندەکانی ژنن، ئەو ڕادیۆیە دروشمی "دەنگی نوێ، دەنگی ژنان و لاوانە"ی هەڵگرتووە.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ١ی ئایار/٥ شانزە ساڵ بەسەر دامەزراندنی ڕادیۆی دەنگی نوێ'دا تێپەڕبوو، ڕادیۆی دەنگی نوێ بە دروشمی "دەنگی نوێ، دەنگی ژنان و لاوانە" لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگاکە وەک شارەزوور و هەورامان پەخش دەکات.

ڕادیۆکە لە ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشێکی نوێی بۆ خزمەتکردنی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، زۆرینەی کارمەندەکانی ژنان و گەنجانن و ڕۆژانە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی بۆ ١٢:٠٠ی شەو لە پەخشدایە، لەم دۆسیەیەدا دەچینە ڕادیۆکە و ژنانی ڕۆژنامەوان بۆمان دەدوێن.

"ئێرە شوێنێکی باشە بۆ هەنگاوی زیاتر"

شادان حەبیب کاری مۆنتێری دەکات لە ڕادیۆی دەنگی نوێ'دا ، وێڕای پیرۆزبایی کرد لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی ڕادیۆکە، وتیشی: شانزە ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەنگی نوێ تێپەڕدەبێت، لێرە بەرنامەکانمان جیاوازن، پێکدێن لە بەرنامەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی و بەرنامەی تایبەتیشمان هەیە، لەدوای هاتنی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشێکی تایبەتمان بە ئاوارەکان کردەوە.

شادان باسی لەوەش کرد کە جگە لەو بەرنامانە هەموو سەرکاتژمێرێک گەشتی هەواڵەکان هەیە بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و عەرەبی پێشکەش دەکرێت.

 جگە لە کاری ڕاگەیاندن لە ڕادیۆی دەنگی نوێ چەندین خول و سیمینار دەکرێتەوە، شادان دەڵێت: لەم ڕادیۆیەدا چەندین کەس پێگەشتوون و ئێستا لە ڕادیۆ و تیڤیەکانی دیکەدا خزمەت دەکەن، شادان دەربارەی خۆیشی ئاماژەی بەوەدا دەیەوێت پەرە بە خولیاکانی بدات و ئێرە شوێنێکی باشە بۆ هەنگاوی زیاتر.

"بە گرنگمان زانی بەشێک بۆ ئاوارە و پەنابەران بکەینەوە"

ڕادیۆی دەنگی نوێ گرێدراوی ڕێکخراوی نوێ'یە بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، ڕەنگین سەلام، بەرپرسی بەشی ڕادیۆیە لە ڕێکخراوی نوێ، پیرۆزبایی ساڵیادی ڕادیۆکەی لە بیسەران کرد و باسی لە ڕادیۆی دەنگی نوێ کرد: دەنگی نوێ ڕادیۆیەکی کۆمەڵگاییە و سەربەخۆ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کار دەکات و لە ئیستادا پەخشی ڕادیۆکەمان شارەزوور، هەڵەبجە و هەورامان دەگرێتەوە.

 

ڕەنگین دەڵێت بە گرنگمان زانی بەشێک بۆ ئاوارە و پەنابەران بکەینەوە و ئاماژەی بەوەدا: لەم ڕادیۆیەدا لە ساڵی ٢٠١٥ و پاش هاتنی شەپۆلێکی فراوانی ئاوارەکان و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان، بیرمان لە دامەزراندنی بەشێکی تایبەتی ئاوارە و پەنابەران کردەوە کە بە شێوەزاری کوردی کرمانجی و عەرەبی بەرنامە پێشکەش بکەین و ڕۆژنامەنووسیان لێ پێ بگەیەنین تا خزمەت بە خۆیان بکەن.

 

لە پێشتردا بەرنامەکانی دەنگی نوێ نزیکەی ١٧ بەرنامە بوون، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەرنامەکان کەبووەتەوە، هەر لە ڕادیۆکەدا بەشێکی تایبەتیان بۆ هۆشداری تەندروستی دەربارەی کۆرۆنا کردووەتەوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان.

بەشی عەرەبی لە ڕادیۆکەدا هەیە

ئیمان خواکەرەم کە بێژەری هەواڵی عەرەبیە لە ڕادیۆی دەنگی نوێ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەست بەکار بووە و لە بەشی تایبەت بە ئاوارەکان کاردەکات، ئاماژە بەوەدەکات: کارەکەمم تەنها لە بێژەری و پێشکەشکاری بەرنامەدا کورت نەکردووەتەوە بەڵکوو گرنگیم داوە بە هەواڵە عێراقیەکان و ئاوارە و پەنابەرەکان.

ئیمان دەڵێت لەو کاتەوەی لێرەدا کار دەکەم زۆر شت فێربووم، فێربووم ڕێزی کات بگرم چونکە کات زۆر بەنرخە، لێرەدا ئێمە بەشی ژنانمان هەیە کە گرنگی بە کەیسی ژنان و لاوان دەدەین، هەروەها تیشک دەخەینە سەر کێشەکانی ژنان لە عێراق، بەتایبەت لەم دواییانەدا کوشتن زۆر بووە، لێرە چەندین خول دەکرێتەوە کە خۆمان و کەسانی دەرەوەی ڕادیۆش بەشداری دەکەن، دیارترین خول کە بەشداریم کرد چۆن خۆمان بپارێزین لە تۆڕە کۆمەڵەیەتییەکان و سۆشیال میدیا.

ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، جگە لە بەشی ڕادیۆ بەشی مافەکانی ژنان و ژینگە و ئاوارەکانی هەیە کە ساڵانە چەندین چالاکی لە شێوەی خول، کۆڕ و سیمینار ڕێکدەخەن و هۆشیاری بڵاو دەکەنەوە.

 

ت.پ