ژنانی کۆچەریی ژیانیان لە نێوان خۆشی و زەحمەتیدا بەسەردەبەن

کۆچەرییەکان بە درێژای ساڵ کۆچ دەکەن و بە هەموو شوێنێکدا دەگەڕێن، بەهۆی ئەوەی ڕژێمی سوریا ڕێگەیان لەبەردەم کۆچەرییەکاندا خۆشنەکردووە، ژیانیان هەمیشە لە کۆچکردن دایە.

 

دەلال رەمەزان

كۆبانێ- عەرەبە کۆچەرییەکان بە درێژای ساڵ لەنێوان گەرمیان و کوێستاندا ژیانێکی کۆچەریی بەسەر دەبەن، لە دەوروبەری سەرچاوە ئاوییەکان چادر هەڵدەدەن و بەردەوام لە شوێنێکدا نیشتەجێ نابن، ماڵەکانیان چادرن و بە مووی بزن دروستدەکرێن، ژیانیان بۆ زیاتر لە هەزار ساڵە بەو شێوەیەیە، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشت بە ئاژەڵداری دەبەستن و هەمیشە بە دوای لەوەڕگای گونجاودا دەگەڕێن تا ئاژەڵەکانیانی تێدا بەخێو بکەن، عەرەبە کۆچەرییەکان بە پێی ژیانیان دوو جۆرن، کۆچەری گەڕۆک و نیو گەڕۆک.

کۆچەرییە گەرۆکەکان زیاتر هێستر بەخێودەکەن و بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناوچەیەکدا دەمێننەوە، کۆچەرە نیو گەڕۆکەکانیش ژمارەیەکی زۆر مەڕوماڵات بەخێودەکەن و ماوە کورت لە شوێنێکدا دەمێننەوە.

ژیانی عەرەبە کۆچەرییەکان

حەنوف كحیت، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵە و لە شاری تەدمیری وڵاتی سوریایە، هەموو ساڵێک دەچێتە ناوچەیەکەی تر تا وەرزی زستان تەواو دەبێت، پاشان دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، حەنوف لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ژنها دەڵێت: "بۆ ئەوەی بژین پێویستە مەڕوماڵات بەخێو بکەین، ژیانمان لەسەر کۆچەری بەڕێدەکەین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە کۆچ دەکەین، ماڵەکانمان چادرن و لەسەر پشتمان هەڵی دەگرین، ئەزانین کە ژیانمان ئاسان نییە، بەڵام ئەمە شێوازی ژیانی ئێمەیە"، ئەو ژنە کۆچەرە باس لەوە دەکات بۆ ئەمساڵ هاتوونەتە کۆبانێ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمساڵ لێرەدا ژیان بەڕێدەکەن، تا زستان لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ دەبن و دواتر لەبەر ئاژەڵەکانیان کۆچ دەکەنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.

حەنوف دەڵێت: داپیر و باپیرانمان چەندین ساڵە بەم شێوەیە ژیاون، ئێمە چادرەکانی خۆمان بە دەستی خۆمان دروستدەکەین و بە باران و هەتاو تێکناچن و بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە، زۆرکات تووشی زەحمەتی و کەم ئاوی دەبینەوە، ئێمە لە سەرەتای بەهار دێین و تا کۆتای هاوین لە کوێستاندا دەمێنینەوە.

 

"هەمیشە بەدوای ئاژەڵەکانماندا دەگەڕێین"

فاتمە ڕکاد هلو، لە ناوچەی بەلدای سەر بە شاری ڕەقایە، باس لەو بەرهەمانە دەکات کە بەدەستی دەهێنن و وتی: "ماوەی ١٠ ساڵە هاوسەرگیریم کردووە و من بەم شێوەیە دەژیم و کار دەکەم، ئێمە ئاژەڵداری دەکەین و ئەوە نەبێت ناتوانین بژێوی ژیانمان دابین بکەین، ئەمە کلتوری کۆچەرییەکانە و ئێمە بە ئاژەڵدارییەوە دەناسرێینەوە، لەم کاتانەی ساڵدا کۆچەرییەکان لە کوێ بن بەرەو ناوچەی سەوزایی کۆچ دەکەن".

فاتمە دەربارەی ژیانی ڕۆژانەیان دەڵێت: "بەیانی زوو لە خەو هەڵدەستین، لای ئاژەڵەکان و دەوروبەری پاک دەکەینەوە، خواردن دەدەینە منداڵەکانمان و دەست بە دۆشینی مەڕوماڵاتەکان دەکەین، ڕۆژی دووجار ئێمە دەیاندۆشین، دواتر شیرەکەی هەڵدەگرین و لەژێر چادرەکاندا دەیدەنێین، دوای نیو سەعات ئەو شیرە دەبێتە پەنیر، ئێستا کاتی دروستکردنی پەنیرە و هەموو کەسێک دێن و پەنیر بۆ زستان دەکڕن، لە دەوری خۆشمان سەوزایی دەچێنین و مریشکیش بەخێو دەکەین، هەروەها پاشەڕۆی مەڕوماڵاتەکە کۆدەکەینەوە بۆ ئاگری زستان هەڵیدەگرین، یاخود بۆ کوڵاندنی شیر بەکاریدەهێنین.

 

ت.پ