دایکێک کە دوو کوڕی ئالودەکراون بە ماددەی هۆشبەر دەوڵەت تاوانبار دەکات

ئایسەل ئۆزکان کە دوو کوڕی ئالودەکراون بە ماددەی هۆشبەرەوە، ئاماژەی بەوەدا تەمەنی کەسانی توشبوو بە ماددەی هۆشبەرەوە بۆ ١١ ساڵ دابەزیوە، وتی کوڕەکانم دادگایی دەکرێن بەڵام لێکۆڵینەوە لە بازرگانان ناکرێت، ئەوەشی بە تاوانێکی دەوڵەت پێناسە کرد.

 

مەدینە مەمەد ئۆغڵو

ڕەحا- بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە تەمەنی زوودا لە کوردستان نیگەرانی لای خێزانەکان دروستکردووە، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ٢٠١٥ەوە لە شارەکانی وەک ئورفا، ماردین، شرناخ و دیاربەکر لە هەڵشاندایە، بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢١ تەمەنی بەکارهێنانی دەرمان لە ڕەحا بۆ ١١ ساڵ دابەزیوە، ئایشە سوروچۆ، پەرلەمانتاری ڕەحای پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو داوای لە پەرلەمان کرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی زیادبوونی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکە پێکبهێنێت.

 

بۆ ٢.٥ ملیۆن دانیشتوو، توانای ٥٠ قەرەوێڵە!

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١دا جگە لە زیادبوونی ڕووداوەکان، سەنتەری چارەسەری کحول و ماددە هۆشبەرەکان و و سەنتەری چارەسەری پێوانەیی منداڵان و گەنجان لە شارەکان دامەزران، کە بۆ ٢.٥ ملیۆن کەس تەنها توانای وەرگرتنی ٥٠ توشبوویان هەبوو، سەنتەرەکان مانگی ڕابردوو دەستیان بە وەرگرتنی نەخۆش کرد، نازانرێت تا ئێستا چەند سەردانیکردن هەبووە.

 

خێزانەکان لە نیگەرانیدان سەبارەت بە فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆڵانەکاندا بە ٤٠ لیرەی تورکی، کە وەک شەکر مامەڵەیان پێوەدەکرێت، ئایسەل ئۆزکان دایکێکە دوو کوڕی ئالودەکراون بە ماددەی هۆشبەر، یەکێک لە کوڕەکانی بەو هۆیەوە لە زینداندایە، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەت دەست بۆ بازرگانان نابات.

 

ئایسەل باسی لەوەشکرد دوای ئەوەی زانیویەتی کوڕەکانی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر توشی نەخۆشی دەروونی بووە و چارەسەری دەروونی وەردەگرێت، وتیشی لەگەڵ کورەکانیدا بە ڕۆژگاری سەختدا تێدەپەڕن.

 

"هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەو ناوانە نەکراوە کە دراون"

ئایسەل ئۆزکان وتیشی کاتێک کوڕەکەی دەستگیرکراوە، ناو و ناونیشانی ئەو کەسانەی داوە کە مادەی هۆشبەر دەفرۆشن، بەڵام هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە بازرگانان نەکراوە: "کوڕەکەمم لە بەرامبەرم دانا و لێمپرسی لە کێت کڕیوە و کێ داویەتی پێت، وتی کە لە سەربازێکی پەرسوسی کڕیوە، دوای ئەوەش چونکە ماددەی هۆشبەری پێگیرا، دەستگیرکرا، ئەمانەی لە دادگاش وت، بەڵام نە ئەوەی دەرمانی پێداوە و نە بازرگانەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکرا، ئەمە سیاسەتە و کاری دەوڵەتە لەسەر گەنجان بەڕێوەی دەبەن، دەیانوێت بەم شێوەیە لە ژیان دایانبڕێنن، تەنها ئەوانەش دەگرن کە بەکاری دەهێنن".

 

"نازانم چی بۆ کوڕەکانم بکەم"

ئەو دایکە باس لە چارەسەری دەکات کە پێویستە ڕێگە لە منداڵەکان بگیرێت و چارەسەریان بکرێت، وتیشی کوڕەکەی لە زینداندا چارەسەر ناکرێت، کە ئازادیش بوو مەترسی دەستپێکردنەوەی بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری لەسەرە، "وەک شەکر لە هەر سوچێکدا فرۆشیاری هەیە، نابێت دەوڵەت ڕێگە بەم کارە بدات، ئەمە جێی داخە بۆ هەموومان، نازانی چی بۆ دوو کوڕەکەم بکەم، ئیستا لە زینداندا ماونەتەوە بەڵام دوای ئازادبوونیان دووبارە دەستپێدەکەنەوە، دەبێت بازرگان و ناوەندەکان ڕێگرییان لێبکرێت، تا کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت".

 

ت.پ