سیستم و دەسەڵات هۆکاری زیادبوونی هەژارییە لە جیهاندا

هەژاری لە جیهاندا ڕێژەکەی بەرزە و ڕۆژێکی ساڵ دیاریکراوە تا بانگەشە بۆ نەهێشتنی هەژاری بکرێت، هەندێک پێیان وایە هەژاری جۆرێکە لە نەخۆشی و هۆکارەکەی گەندەڵی حکومەتە و ئاوڕنەدانەوەی کەسانی پلە باڵایە لە هەژارەکان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم بە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی هەژاری دەستنیشان کراوە، دانانی ئەمڕۆژە لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و کۆتایهێنان بە هەژارییە.

 

زۆرکات لە دەمی هەژارەکانەوە دەوترێت هەژاری خراپترین نەخۆشییە، هەندێک کات هەژاری دەبێتە هۆی لەناوبردنی خێزانێکی بەختەوەر یاخود بە هۆی هەژارییەوە نەخۆشییەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێتە هۆی لەدەستدانی کەسانی نزیک.

 

جیهان بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنێت، ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢١ بریتییە لە ٧.٩ بلیۆن کەس، بە پێی بانکی جیهانی لەو ژمارەیە ڕێژەی لە ٪٩.٢ی جیهان کە دەکاتە ٦٨٩ ملیۆن کەس لە هەژارییەکی قورسدان، ڕۆژانە کەمتر لە ١.٩٠ بۆ ٢ دۆلار لە ڕۆژێکدا پەیدا دەکەن، هەروەها ٤.٥ ملیار کەس واتە ٪٥٩ی دانیشتوانی جیهان ڕۆژانە بە کەمتر لە ٥ دۆلار ژیان بەسەر دەبەن و ناتوانن بە پێی پێویست پێداویستیەکانی ژیانیان دابین بکەن.

 

باشووری سودان یەکێکە لەو وڵاتانەی بەدەست هەژاریییەوە دەناڵێنێت و بەرزترین ڕێژەی تۆمار کردووە ژمارەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە ١١ ملیۆن و ٣٨١ هەزار و ٣٧٨ کەس، لە ٪٨٢.٣٠ دانیشتوانەکەی هەژارن.

 

عێراق بێ بەش نییە لە هەژاری و یەکێکە لەو وڵاتانەی بە بەراورد بە دانیشتوانەکەی ژمارەیەکی زۆر هەژاری تێدایە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ بریتییە لە ٤١ ملیۆن و ٣٧١ هەزار و ٤٨٥کەس وە لە ٪١٨.٩٠ دانیشتوانەکەی هەژارن.

 

یەکێک لەو وڵاتانەی نزمترین ڕێژەی هەژاری تێدایە بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە چین، ١ ملیار و ٤٤٤ملیۆن و ٢١٦هەزار و ١٠٧ کەسن، تەنها لە ٪ ٠.٦٠ دانیشتوانەکەی هەژارن.

 

مایکی ژنها ڕودەکاتە ژنانی شاری سلێمانی و بیروبۆچونی هەریەکێکیان دەربارەی هەژاری دەخاتە ڕوو.

"حکومەت هۆکارە بۆ دروستبوونی هەژاری"

شەنگە شەریفی تەمەن ٣٠ ساڵ پێی وایە هەژاری نەبوونی پارە و خراپی باری داراییە، دەڵێت "حکومەت هۆکاری سەرەکییە بۆ خراپبوونی باری دارای هاوڵاتیان و دروستبوونی هەژاری لەناو کۆمەڵگەدا" لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد هاوڵاتیان ئەو بڕە پارەیەی دەستیان دەکەوێت بەشی دابینکردنی بژێوی ژیانیان ناکات تا ژیانی پێبەڕێ بکەن.

"ئەگەر کەسێکی بەتەمەن هەژار نەبێت لەسەر شەقام شت نافرۆشێت"

پەیام نەوزادی تەمەن ٢٣ ساڵ، هەبوونی کارکردنی ژن و پیاوی بەتەمەن یاخود منداڵان بە هەژاری ناودەبات، لەبارەیەوە دەڵێت: "هەژاری لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا زۆرە هەر لەو ژن و پیاوانەوە سەیربکەین کە تەمەنێکیان هەیە، بەڵام هەژاری تەنگی پێهەڵچنیون و بەوهۆیەوە کار دەکەن لەسەر شەقامەکان".

 

باسی لەوەشکرد هەنێک لەو ژن و پیاوە بەتەمەنانە لە هیلاکی خۆیاندا زۆرکات بەدیار شتومەکەکانیانەوە خەو دەیانباتەوە، ئاگاداری ئەو بڕە پارەیەش نابن کە بەشی منداڵێکیش ناکا نەک خێزانێک، پەیام وتیشی: "لە کۆمەڵگای ئێمەدا جیاوازییەکی چینایەتی زۆر هەیە، حکومەت ئاوڕ لەوکەسانە ناداتەوە کە هەژارن، بەڵکو لایەنگری کەسانی پلە بەرز دەکات، تەنها لەوکاتانەدا بیری هاوڵاتی هەژاری هەیە کە دەنگدانە وەک بەر لە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بانگەشەی خزمەتی گەورەیان دەکرد و ئێستا ژیان وەک خۆیەتی و هیچ نەگۆڕاوە".

"هەژاری دەردێکی کوشندەیە، هۆکارەکەشی گەندەڵییە"

کۆیانی تەمەن ٢٣ ساڵ دەربارەی هەژاری وتی: "هەژاری دەردێکی کوشندەیە، مەرج نییە تەنها لە ڕووی مادییەوە بێت بەڵکو هەندێک هەن لە ڕووی تەندروستی و ئەقڵیەتەوە هەژارن"، لە بارەی بوونی هەژارێکی زۆر لەناو کۆمەڵگای کوریدا کۆیان ئاماژە بەوەدا گەندەڵی هۆکاری بوونی ئەم ڕێژە زۆرەی هاوڵاتی هەژارە، نەبوونی سەرچاوەیەکی داهات، نەبوونی هەلی کار، پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمووی هۆکارە بۆ زیادبوونی هەژاری.

 

دەشڵێت "چینی مامناوەند نەماوە لە کۆمەڵگادا، تەنانەت کەسانی پلە بەرزیش لە هەبوونی خۆیاندا ئاگاداری هەژارەکان نین، هەر بۆیە پێویستە حکومەت ئاوڕ لە گەنج و هەژارەکان بداتەوە".

"هەستی هەژاری برینارت دەکات"

حەپسە ئەحمەدی تەمەن ٦٦ ساڵ لە بارەی هەژارییەوە بە ژنهای وتی "لەوکاتەی کەسێک پێویستی بە پێداویستییەکی ژیانی دەبێت و ناتوانێت بەدەستی بهێنێت ئەوە هەژارە، وە زۆرینەی خەڵک لە ئێستادا لەو دۆخەدان، ئەم دۆخە وایکردووە زۆرینە هەست بە هەژاری خۆیان بکەن لە بەرامبەر خێزانەکانیان ڕوویان دابمێنێت".

"هەوڵدان و دیاریکردنی ئامانجی گەورە دوورتدەخاتەوە لە هەژاری"

کازیا ئایار، دەڵێت هەژاری تەنها وشەیەکە بەڵام ناوەڕۆکێکی گەورەی هەیە، هەرکاتێک کەسێک بۆ دابینکردنی پێداویستی ژیانی چاوەڕێی دەستی کەسێک بوو ئەوە هەژارە، لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسن لە دروستبوونی هەژاری بۆ زۆرینەی هاوڵاتیان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هاوڵاتیان بە گشتی و کەسانی هەژار بە تایبەت ئامانجی گەورەیان هەبێت و نەوەست لە هەوڵدان تا لە دۆخی هەژاری ڕزگاریان دەبێت.

 

کازیا وتیشی: "هەبوونی ئامانجی گەورەش پێویستی بە دەستگرتنی کەسێکە واتە پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دامەزراندن و کردنەوەی کۆمپانیا پەرە بە توانای گەنجان بدەن، جیا لەوە هەر تاکێک توانایەکی هەبوو پشتیوانی بکەن یاخود لە بەرامبەر بەو کارەی دەیکەن بڕە پارەیەکی باشیان پێبدرێت و مافیان نەخورێت"، لە کۆتای قسەکانیدا دەڵێت" گەنج داهاتووی کۆمەڵگایە لە بەرەوپێشبردنی توانای گەنج ئابووری وڵات بەرەو پێش دەچێت".

ت.پ