کامپی ئاوارەکان بە سەوزایی دەنەخشێنن

ژنانی عەفرین دوای ئاوارەبوونیان لەسەر خاکەکەیان، بۆ بەسەربردنی ڕۆژە سەختەکانیان و ژیانیان، بەردەم ماڵەکان بە باخچە و گوڵ دەڕازێننەوە.

 

حەسنا محەمەد

شەهبا-  دانیشتوانی شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٨ی ئادار/٣ی ٢٠١٩ بەهۆی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ئاوارەی کانتۆنی شەهبا بوون، دانیشتوانی ئەو شارە بە وابەستەییان بە خاک و سەوزاییەوە دەناسرێنەوە، بەم هۆیەشەوە شەهبایان بۆ ناوچەیەکی پڕ لە سەوزایی گۆڕیوە، زۆرێک لە ئاوارەکانی عەفرین لە کامپەکانی شەهبادا ژیان دەکەن، لەبەردەم هەریەک لە چادرەکاندا دەتوانیت باخچەکانیان ببینیت، بە دەستپێکردنی بەهار، بەشێکی زۆر لە سوزایی، میوە و گوڵ چێندراون و کامپەکەیان سەرتاپا کردووەتە بەهار.

"خۆمان بە چاندنەوە خەریک دەکەین"

فاتمە ئەحمەد لە ناوچەی ئەحداسی کانتۆنی شەهبادا نێشتەجێ بووە، باس لە ژیانی ئاوارەیی بۆ ژنها دەکات: ئێمە لەسەر خاکی خۆمان ئاوارەبوون و ڕووبەڕووی سەختییەکانی دەبینەوە، لە شەهبادا هەلی کار زۆر نییە، بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆمان دابین بکەین لەبەردەم ماڵی خۆماندا دەست بە چاندن دەکەین، سیر، پیاز، نیسک و مەعدەنووس دەچێنین، لەگەڵ دەستپێکی بەهاریشدا دەست بە سەوزایی چاندن دەکرێت، تەنها لەسەر باخچەی بەر ماڵەکەی خۆم بژێوی بۆ ٨ کەسی خێزانەکەم دابین دەکەم، هەروەها هاوکاری دراوسێکانمان دەکەین و ئەو هیلاکییانەی کە دەیکێشین لەسەر یەکتری کەم دەکەینەوە.

 

"هەموو شوێنێک بە سەوزایی دەڕازێنینەوە"

زەکێ مستەفا، باس لەوە دەکات کە لە منداڵییەوە بە کاری چاندن و باخ و باخاتەوە خەریکە و دەڵێت: لە منداڵییەوە لە عەفریندا خۆمان بە کشتوکاڵ و چاندنەوە خەریک دەکرد و بژێوی ژیانمان دابین دەکرد، ئەو کارە لە دایکمەوە فێربووم، لە عەفرین خزمەتی باخچەکەمانم دەکرد و چاندنیم تێدا دەکرد، ئێستا کە ژیانی ئاوارەیمان هەیە، کلتوری خزمەتی باخچەکانمان دەپارێزین، ئێمە هەموو شوێنێک بە سەوزایی دەرازێنینەوە، چونکە ئەوە کلتوری ئێمەیە.

 

ت.پ