بەشداری ژنان لە ئابوری تایبەتدا لە ١١٪یە

بەشداری ژنان لە هەرێمی کوردستان لە ئابوریدا لاوازە بەهۆی ئەو ئاستەنگیانەی دێتە ڕێگەی کارکردنیان، بەڕێوەبردنی کاری سەربەخۆی ژنان لە ١١٪ یە و ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، ژنانی خاوەن کار داواکارن ژنان کار بکەن تا ڕوانگەی کۆمەڵگا بگۆڕن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤایەتیەوە ژنان بەرهەمهێنی پێداویستیەکانی ژیان بوون، دوای دروستبوونی کۆمەڵگای چینایەتی ئەو مافە لە ژنان سەندرایەوە و ئابووری و ژنیان لێک ترازاند، بەڵام دواتر ژنان هاتنەوە ناو کایەی ئابووری و لە چوارچێوەی ماڵدا دەستیان بەکارکردەوە، بەرلە ساڵی ٢٠١٤ کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵدا بەرچاو نەبوو، مەگەر لە دامودەزگا فەرمیەکانی حوکمەتدا نەبێت، بەڵام دوای دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک بەشداری ژنان لە کەرتی تایبەت و ئابوری سەربەخۆدا ڕووی لە زیادبوون کرد هەرچەندە ڕێژەکەی زۆر کەمە و بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا ١١٪ی ژنان خاوەنکاری سەربەخۆن و لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، لەکاتێکدا کارکردنی ژنان کاریگەری هەیە لەسەر گۆڕینی ڕەوتی کۆمەڵگا، دابونەریت و ئایندەی ژیانێکی باشتر، ژنانی خاوەنکار داواکارن ڕوانینی کۆمەڵگا بگۆڕدرێت و ئاستەنگیەکان لەبەردەم کارکردنی ژنان ڕوو لەنەمان بکات.

 

ژنان لە کۆمەڵگای بەر لە شارنشینی بەرهەمهێن بوون

ژنان لە کۆمەڵگای بەرلە شارنشینی بە ڕێبەر و فەرمانڕەوای کۆمەڵگا ناسرابوون، هەمیشە بەرهەمهێنەری پێداویستیەکانی ژیان بوون و هەرگیز وابەستەی خێزانەکانیان نەبوون، لە بواری ئابوریدا سەربەخۆ بوون و داهاتی تایبەت بە خۆیان هەبووە، هەر لە کاری تۆو چاندنەوە تا پەرسگا دروستکردنیان ئەنجامداوە، بەڵام بە سەرهەڵدانی کۆمەڵگای چینایەتی و خاوەنداریەتی تایبەت، ژنان لە کاری بەرهەمهێنان و ئابووری پاشەکشەیان پێکرا و سەربەخۆی ئابووریان لەدەستدا، ئیدی کاری ناوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ بووە پێناسەی ژن و ئابووری و ژنیان لێک ترازاند.

 

کارکردنی ژنان لە دەرەوەی ماڵ چارەسەری پێشکەوتنی کۆمەڵگایە

بیرمەندی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرخستنی ژنان لە ماڵ و کارکردنیان بە سیاسەتێکی چارەسەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەزانێت، لە نیوەی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠دا ئیدی ژنان وردە وردە هاتنەوە ناو کایەی ئابوری، ژنان لە چوارچێوەی ماڵدا دەستیان بە کارکردن کردەوە لە پیشە دەستیەکانی وەک بەرگدروو، دروستکردن و فرۆشتنەوەی هەندێک کەلوپەل، هەروەها لە سەدەکانی ڕابردوودا ژنی باشمان هەبوو وەک حەپسەخانی نەقیب و عادیلە خان کە خاوەنی هزرێکی یەکسان و ئابووریەکی سەربەخۆ بوون.

بە شداری ژن لە بواری ئابووری و کارکردنیان لە دەرەوەی ماڵدا تا ساڵی ٢٠١٣ بەرچاو نەبوو، بەڵام دوای دروستبوونی قەیرانی ئابوری لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری و هاتنە دەرەوەی ژنان لە ماڵ و کارکردنیان لە کەرتە تایبەتییەکان و بەشداری کردنیان وەک بازرگان، بوون بە خاوەنکار و هەوڵدان بۆ ئابووریەکی سەربەخۆ بە ڕادەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کرد.

 

هۆکاری کەمی بەشداری ژن لە کایەی ئابووریدا

بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان لەناو ژنان زۆر زیاترە لە پیاوان، جگە لەوەی ئەو ژنانەی کاری بازرگانی دەکەن لە ھەرێمدا زۆر کەمن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردیی بە سیستەمێکی پیاوسالارانە بەڕێوەدەچێت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان سنوور دادەنێت بۆ بەشداریی ژنان، کاری ژن زیاتر لە ماڵ و کەرتە حکومیەکاندا پەسەند کراوە، وەک لە کەرتە تایبەتییەکاندا، هەروەها بە کەم لە توانای ژنان ڕوانین هۆکارە بۆ کەمی بەشداری ژن لە بواری بازرگانی و ئابوریدا، لە هەمان کاتدا دەوری ژنان تەنیا بە بەرخۆر پێناسە دەکەن، پێیان وایە ژنان هیچ رۆڵێکیان نییە لە بەرهەمهێنانی کاروباری پەیوەندیدار بە ئابووریدا.

ژنانی بازرگان و خاوەن کار داواکارن کە تێڕوانینی کۆمەڵگا بگۆڕێت بەرامبەر بەشداری کردنی ژنان لە ئابوریدا، کارکردنی ژنان و بوونی ئابوریەکی سەربەخۆ بە هۆکاری کەمکردنەوەی توندوتیژیەکان دەزانن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.

هەواڵ عوسمان: ژن دەتوانێت زۆر سەرکەوتووتر بێت لە پیاو

هونەرمەند هەواڵ عوسمان ژنە بازرگانێکی باشووری کوردستانە و سەرەڕای پلار و تانەکانی کۆمەڵگا، بەڵام بەردەوامە، ئەم بازرگانە کارکردنی هەموو تاکێکی بە پێویست زانی بۆ ئەوەی خاوەن ئابوریەکی سەربەخۆ بن، لەگەڵ ئەوەشدا دەربارەی ژن و بازرگانی بۆ ئاژانسەکەمان وتی: لە کۆمەڵگادا باس لەوە دەکرێت کە بازرگانی و ژن پێکەوە ناگونجێت، بەڵام من هیچ لەگەڵ ئەو ڕستەیەدا نیم، چونکە ژن دەتوانێت زۆر سەرکەوتوتر بێت لە پیاو.

 

بە بڕوای ئەم بازرگانە گەر فرۆشیار ژن بێت خولی کڕیار و فرۆشیار زۆر باشتر بەڕێوەدەچێت، هەروەها هیوادار بوو کۆمەڵگا واز لەو باوەڕە بێنن کە دەڵێن "ژن نابێت کار بکات" چونکە کارکردنی ژنان بە پێویست دەزانێت لە کۆمەڵگادا، لەم بارەیەوە وتی هیچ کارێک بۆ ژن عەیب نییە، دەبێت ئێمەی ژن هەوڵ بدەین و چاوەکان ڕابێنین لەسەر کارکردنی ژنان و ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکان ببینەوە.

دونیا عومەر: کارکردنی ژنان دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی توندوتیژی

دونیا عومەر وەک کچە بۆن فرۆشێک بۆ ئاژانسەکەمان دوا: لە کۆمەڵگادا ڕێگریەکان زۆرن لە بەردەم کارکردنی ژناندا، بەڵام پێویستە ژنان کاربکەن، چونکە کارکردن دەبێتە هۆی باوەڕ بەخود بوون و دروستبوونی شارەزایی لە کاردا، ئەم بۆن فرۆشە باسی لەوە کرد کە کارەکەی لەلایەن بەشێکی زۆری کۆمەڵگاوە قبوڵ نەکراوە و ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، بەڵام بەردەوامە لە کارکردن.

دونیا عومەر دەربارەی کارکردنی ژنان وتی: ئەگەر ژن ئابووری سەربەخۆی هەبێت، ئەوا توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت کەم دەکات.

 

 

گەر لە ئامارەکانی بڕوانین و بە کردەیش لە بازاڕ و شوێنەکانی کار لە کوردستان بکۆڵێنەوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، وێڕای بەرەو پێشچوونی تاڕادەیەکی ڕۆشنبیری خێزانەکان، بەڵام هێشتا ڕێژەی ژنان لە کاردا لە ئاستێکی نزمدایە، بە ڕادەیەک بەشداری ژنان لە کاری سەربەخۆدا لە ساڵی ٢٠١٩دا ١١٪ بووە، ئەمە لەکاتێکدایە دەزانرێت کارکردنی ژنان کاریگەری هەیە لەسەر گۆڕینی ڕەوتی کۆمەڵگا و دابونەریت و ئایندەی ژیانێکی باشتر.

 

ت.پ