ژنێکی گەنج کارمەندی شوێندکاری ئۆتۆمبێلە

لە کۆمەڵگای کوردیدا کاری خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل بە کاری پیاوان ناسراوە، بەڵام چاوان وەک ژنێکی گەنج ئەو ڕێچکەیەی شکاند و لە ئێستادا لە یەکێک لە شوێنکارێکی خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل کاری ڕۆنگۆڕی، پاکردنەوەی مەکینە، پەنچەرچێتی و چەندین کاریتر ئەنجام دەدات.

لە کۆمەڵگای کوردیدا کاری خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل بە کاری پیاوان ناسراوە، بەڵام چاوان  وەک ژنێکی گەنج  ئەو ڕێچکەیەی شکاند و لە ئێستادا لە یەکێک لە شوێنکارێکی خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل کاری ڕۆنگۆڕی، پاکردنەوەی مەکینە، پەنچەرچێتی و چەندین کاریتر ئەنجام دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

چاوان هیوای  تەمەن ٢٥ ساڵ دانیشتوی شاری سلێمانیە و ماوەی ٤ ساڵە  وەک کارمەند لە یەکێک لە  شوێنکارەکانی خزمەتگوزاری ئوتومبێل کار دەکات.

چاوان باس لە کارەکەی دەکات کە سەرەتا وەک ژمێریارلە دەزگای خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل کاری کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەکێک لە ئارەزووەکانی کارکردن بووە لە بواری ئۆتۆمبێل و میکانیکیدا هەربۆیە لەگەڵ کاری ژمێریارییەکەیدا گرنگیەکی زۆر دەدات بە خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێل ولە ئێستاشدا کاری فیتەری، پاکردنەوەی ئۆتۆمبێل، گۆڕینی ڕۆن و هەندێ کاری تر لەو بوارەدا ئەنجام دەدات.  

 

هیچ کارێک پەیوەست نەکراوە بە پیاوانەوە

وەک دەزانرێت لە ناوکۆمەڵگای کوردیدا ئەم کارەی چاوان ئەنجامی دەدات بە قورس دەزانرێت بۆ ژنان و هیچ ژنێک بەر لەم ژنە فیتەرە لەم بوارەدا کاری نەکردووە، بەڵام چاوان ئەم بۆچوونەی ڕەت کردەوە و وتی: ئەڵێن ئەم کارە بۆ ئافرەت قورسە بەڵام من وای نابینم چونکە هەموو کارێک خولیا و ئارەزووە ئەگەر ئارەزووت بۆی هەبێت ئەوە هیچ کارێک قورس نیە و هیچ کارێکیش پەیوەست نەکراوە بە پیاوەوە.

هەروەها چاوان ئاماژەشی بەوەدا کە هیچ کارێک لە ئێستادا قورسی پێشتری نەماوە بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا کە ئاسانکاری زۆری کردووە لە ئەنجامدانی کارەکاندا.

 

"عەیبە ئێرە جێگای پیاوە نەک ژن"

کاتێک لە کۆمەڵگای کوردیدا ژنان دەست بە ئەنجامدانی کاری جیاواز دەکەن توشی ڕەخنە و ئاستەنگی زۆر دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگا و کەسانی دەوروبەریان، بێگومان ئەم کچە ڕۆنگۆڕەش بێبەش نەبووە لەو ڕەخنانەی کۆمەڵگای کوردی، بەڵام وەک خۆی باسی لێوەکرد هەرگیز گوێی بە ڕەخنەکان نەداوە و بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی خولیاکەی، ئەو دەشڵێت:  سەرەتای کارکردنم پێیان دەوتم بۆ لێرەیت عەیبە ئێرە جێگای پیاوە نەک ژن، بەڵام من ڕووبەڕووی هەموو ئەو قسانە بوومەوە بە ئێستاشەوە بەردەوامم.

چاوان داواکاربوو لە ژنان کە هیچ کارێک بە قورس نەزانن وئەو کارەی دەیانەوێت وئارەزوویان هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەنجامی بدەن و تاقی بکەنەوە.

 

ت.پ