شیلان کامێراکەی نزیکترین هاوڕێیەتی

شیلان فۆتۆگرافەرێکە لە باشووری کوردستان، ماوەی ٣ ساڵە بەکاری وێنەگرتنەوە سەرقاڵە و وەک خۆی دەڵێت کامێراکەی نزیکترین هاوڕێیەتی، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا بە وێنەکانی بەشداری لە ٩ پێشانگادا کردووە، ئەم وێنەگرە داواکارە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکان ببنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شیلان فۆتۆگرافەرێکە لە باشووری کوردستان، لە ساڵێ ٢٠١٧وە  بەکاری وێنە گرتنەوە سەرقاڵە و وەک خۆی دەڵێت کامێراکەی نزیکترین هاوڕێیەتی، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا بە وێنەکانی بەشداری لە ٩ پێشانگادا کردووە،  شیلان زیاتر حەز بە وێنەگرتنی سروشت و دیمەنی شار دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی ئاهەنگەکانی گواستنەوە، لەدایکبوون و خەنەبەندانیش بۆ هاوڕێیانی دەچرکێنێت، ئەم وێنە گرە داواکارە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکان ببنەوە.

شیلان عەبدول ڕەحمان دانیشتوی شاری سلێمانیە و ماوەی ١٥ ساڵە لە یەکێک لە خوێندنگاکانی شاری سلێمانی مامۆستایە و خوێندکاران پەروەردە دەکات، شیلان جیاواز لە پیشەی مامۆستایی لە ئێستادا بە کاری فۆتۆگرافیەوە سەرقاڵەو بە دوگمەی دەگلا شۆری کامێراکەی چرکەساتەکانی ژیان دەکاتە مێژوو، ئەم فۆتۆگرافەرە لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ژنها ئاماژەی بە کارەکانی خۆی کرد.

 

فۆتۆگرافی وەستاندنی چرکە ساتەکانی زەمەنێکە لە وێنەیەکدا

فۆتۆگرافی وەستاندنی چرکە ساتەکانی زەمەنێکە لە وێنەیەکدا کە لە ڕێگەیەوە جوانیەکانی سروشت و نەهامەتیەکان بە بێ وتە دەخەیتە ڕوو، وێنەگرتن خولیایەکی منداڵیمە، بەر لەوەی ببمە خاوەن کامێرا لە ڕێگای مۆبایلی زیرەکەوە لە هەوڵی بەدیهێنانی خەونەکەمدا بووم، من بڕوام وایە هەوڵدان دەتگەیەنێتە ئامانج، منیش هەوڵم داو وا ٣ ساڵە خاوەن کامێرام و کامێراکەم بۆتە باشترین هاوڕێم و لە ڕێگایەوە چرکەساتەکان تۆمار دەکەم و گشتیان بۆ من بوونەتە مێژوو.

ئەم فۆتۆگرافەرە باسی لەوە کرد کە کلتوری کۆنی کۆمەڵگای کوردی کلتورێکی چەق بەستووە بۆ ژنان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنان بەردەوام هەوڵی بەرەو پێش چوونیان داوە و ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە بوونەتەوە کە هاتۆتە سەر ڕێی بەدیهێنانی خەونەکانیان، لەم بارەیەوە وتی: ئێمەی ژنان دەبێت بتوانین ئاستەنگیەکان تێپەڕێنین، ئەوکات دەگەینە ئامانج.

وەک دەزانین لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر ژنان خواستیان بۆ کاری وێنە گرتن هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئابووریەکی باش و دواکەوتووی ئاستی ڕۆشنبیری خێزانەکان و کۆمەڵگا، بۆ بەدەست هێنانی خەونەکەیان کۆڵ دەدەن و پەرە بە خەونەکەیان نادەن.

 

وێنەکان بۆ شیلان و کامێراکەی بوونەتە یادگاری تایبەت

شیلانی وێنەگر بۆ هەر جێگایەکی شار بچێت کامێراکەی هاوڕێیەتی، بۆیە دەخوازێت هیچکات بارودۆخێک نەیەتە ڕێگای کە ناچاری لەدەستدانی کامێراکەی ببێت، چونکە خولیایەکی زۆری بۆ وێنەگرتن هەیە، شیلان دەربارەی وێنەکانی وتی: تەنها بۆ خولیای خۆم وێنە دەگرم، زیاتر حەز بە وێنەگرتنی سروشت دەکەم بە تایبەت دیمەنی سلێمانی بە شەودا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وێنەی بۆنەکانی گواستنەوە، لەدایکبوون و خەنەبەندانیش بۆ هاورێیان دەگرم و بۆ من و کامێراکەم بوونەتە یادگاری تایبەت.

ئەم ژنە فۆتۆگرافە باسی لەوەکرد کە گۆڕانکاری لە شێوازی تایبەتی وێنەکاندا فێڵێکە لە چاوی بینەر دەکرێت بۆیە پێویست ناکات فۆتۆگرافەر گۆڕانکاری لە وێنەکاندا ئەنجام بدات، تەنها لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ دا شیلان  بە وێنەکانی بەشداری لە ٩ پێشانگادا کردووە، وە لە کۆتایدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ژنان پشت بە تواناکانیان ببەستن و هەوڵ بدەن بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان.

 

ت.پ