لە تەشتێکەوە بۆ بوون بە خاوەن کار

هەوڵی ژنان بۆ بەدەستهێنانی کاری خۆیان بەردەوامە، شێنەش ئەو ژنەیە لە تەشتێکی بچوکی ماڵەکەیدا دەستی پێکردووە و بە دوکانێک بەردەوامە لە کارەکەیدا.

 

شنیار بایز

سلێمانی- شێنە سەروەت، ژنێکە خولیای دروستکردنی شیرینی دۆنەتی هەیە، هەر ئەو خولیایەی پاڵنەری بووە بۆ کردنەوەی دوکانێک و دەستپێکردنی بە کارکردن، شێنە کۆلێژی زانست بەشی بایۆلۆجی تەواو کردووە، لە دوای تەواوکردنی خوێندن بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە بووە بیری لەوە کردووەتەوە بتوانێت ببێتە خاوەن کاری خۆی سەرەتا ماوەی ٢ مانگ لە ماڵەوە شیرینییەکانی دروست دەکرد، پاشان بیری لە دروستکردنی دوکانێک کردووە و ماوەی دوو ساڵە توانیویەتی ببێتە خاوەن فرۆشگایەک بە ناوی ئیلیان دۆنات، لە ئێستاشدا خاوەنی ٣ لقی تایبەت بە خۆیەتی.

 

بۆ دەستکردن بە کارێک دەبێت سەرەتا خولیات هەبێت

شینە باس لە کارەکەی دەکات کە چۆن لە ماڵەوە هەوڵی داوە تا بتوانێت لە کاتی دروستکردنی دوکانەکەدا سەرکەوتوو بێت، خۆیشی دەڵێن چەندین جار پێوانەی هەویرەکەم گۆڕیوە تا گەشتووم بەو پێوانەیەی ئێستا دۆناتەکانی پێ دروست دەکەم، هەروەها پێی وایە دەستکردن بە کارکردن سەرەتا دەبێت خۆت خولیات بۆ کارەکە هەبێت نەک تەنها لەبەر ئەوەی کار بکەیت دەست بکەیت بە کارکردن.

لە پاڵ کارکردندا شێنە خاوەنی هاوژین و منداڵە، ئەرکی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵەکانی لەسەر شانە   دوکانەکەشی بە ناوی کچەکەیەوە ناوناوە کە ئیلیانە.

 

سەرەتای بڵاوکردنەوەی کارەکانم لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بوو

شێنە دەڵێ: "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکارێکی باشی من بوون، خەڵکی داوای دۆنەتیان دەکرد بۆم دروست دەکردن دواتر خۆیان ڕیکلامیان بۆ ئەکردم، کۆمەڵگەی ئێمە لەو لایەنەوە زۆر هاوکاری یەکترن زۆر کات بەبێ هیچ بەرامبەرێک ڕیکلام بۆ کەسانێک دەکەن کە دەستیان کردووە بە کاری خۆیان.

 

چەند جۆر دۆنەت لە دوکانەکەیدا هەیە؟

شێنە باس لە جۆرە جیاوازەکانی شیرینی فرۆشگاکەی دەکات کە لە ڕووی جۆرە جیاوازەکانی دۆناتەوە هەموو هەویرەکان یەک هەویرن بە یەک شێوە دەشێلدرێن، تەنها ئەو ماددانە پێی دەڕازێنینەوە جیاوازن، دەڵێت: "هەمانە مەحشین لە ناو هەویرەکەدا نەستەلە و کرێم دادەنێین، هەشمانە سادەن، لە ڕووی ئەو ماددانەی پێی دەڕازێنینەوە ٢٠ جۆری جیاوازن.

شێنە باس لەوە دەکات دروستکردنی هەر شتێک کە بۆ خەڵک بێت دەبێت بە پێی ویستی خەڵکی بێت، دەشڵێت خەڵکی ئێمە وەک دەرەوە زۆر حەز بە شیرینیەک ناکەن زۆر شیرین بێت بۆیە منیش دۆنەتەکانم بە دڵی خەڵکین و شیرینیەکی زۆریان نییە.

 

فرۆشگاکەی شێنە هەلی کاری بۆ چەند ژنێک دابین کردووە

لە فرۆشگاکەی شینە هەلی کاری بۆ چەند ژنێکی دیکە دابین کردووە و شێنەش باس لەوە دەکات کە خۆشحاڵە بە کارکردنی ئەو ژنانەی دیکە لەگەڵیدا دەشڵێت: "پێشتر خۆم کارم لە لای خەڵکی تر کردووە ئەزانم قورساییەکی خۆی هەیە بۆیە جێگەی دڵخۆشیە بۆ من بتوانم کار بۆ کەسانی تر دابین بکەم، هەمیشە خۆم و کارمەندەکانم وا هەست دەکەین خێزانێکین و لە ماڵێکداین پێکەوە، تایبەتتر بەوەی بەشی زۆرینەمان ژنین و هەندێک پیاویشمان لەگەڵدان. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان خۆی و کارمەندەکانی دەڵێت: "هیچ لەگەڵ کارمەندەکانمدا جیاوازیمان نییە، هیچ کات نەمهێشتووە هەست بکەن من وەک خاوەن کارێکی ئەوان وام.

 

داوا لە خەڵکی دەکات خۆیان هیلاک بکەن تا دەگەنە ئامانجەکانیان

شینە دەڵێت پێویستە ئەو بیرکردنەوەیە نەمێنێت کە خوێندنت تەواو کرد چاوەڕێ بیت لە دەزگایەکی حکومیدا دابمەزرێیت، دەبێت خۆت هەوڵ بدەیت خۆت هیلاک بکەیت و بیسەلمێنی کە بەڵێ دەتوانم کاری خۆمم هەبێت، هەروەها دەڵێت: "پێویست دەکات سەرەتا لە کارکردن لە شوێنی دیکەوە دەستپێ بکەیت نەک بتەوێر ڕاستوخۆ ببیتە خاوەن کاری خۆت.

هەروەها دەڵێت هەرکاتێک گەنج لەوە تێگەیشت کە دەبێت پشت بە خۆی ببەستێت بۆ دەستکەوتنی کار ئەوا بێکاری نامێنێت، شێنە لە باسی کاتی کار کردنیدا دەڵێت: "نابێت لە هەوڵدان ماندوو ببن، هەندێک کات خۆم کە ٧ی بەیانی بۆ ١١ی شەو کارم کردووە تا گەیشتومەتە ئەم دۆخەی ئێستام، لەپاڵ ئەوەشدا منداڵی بچوکم هەبووە و لە پێناو کارەکەمدا هەوڵی زۆرم داوە.

لە کۆتایشدا دەڵێت دڵخۆشم بەوەی هەرچەندە دۆخی ئێستای کوردستان ناخۆشە بەڵام ژنان هەمیشە لە هەوڵدان، ژنان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانیان و خاوەن بزنسی خۆیانن، لە پاڵ ئەوەی ئەرکی زۆری ماڵ لەسەرشانی ژنە بەڵام ئەوانە ڕێگر نین بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان.

 

ت.پ