جەنگێکی سەخت لەگەڵ ژیان

ژنێک دەستەکانی لەگەڵ سەختی ڕۆژگاردا زبر بوون، ژیان هێندەی شکانی گوێزەکانی ئەوی شکاندووەتەوە، کەچی تا ئێستاش بوێرانە بەرەنگاری ژیان دەبێتەوە و خەمی بەخێوکردنی کوڕە نەخۆشەکەیەتی.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕۆژگارە تاڵەکانی کاتی گرانی ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان، ئەو خێزانە ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بۆ بەدەستهێنانی نان، بەڵام لەوێ هاوژینەکەی لەدەست دەدات، ژیانی سەختی خۆی و منداڵەکانی دەستپێدەکات، چەندین کاری وەک پاککردنەوە، کرێکاری، پاسەوانی و بژارکردن دەکات، تا هیچ کات چاوەڕوانی دەستی کەس نەبن.

 

قومری مستەفای ٦١ ساڵ، ئەو ژنەی چرچەکانی دەموچاوی و زبرییەکانی دەست و قاچاکانی ڕۆژە سەختەکانی دەگێڕنەوە، بە تەنها لەگەڵ کوڕەکە نەخۆشەکەیدا لەماڵێکدا دەژین، کە ژیانکردن تێیدا ئەستەمە.

 

قومری بەسەرهاتی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت بە هۆی گرانی لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا ئاوارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبن و پاش ٢٥ ساڵ دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان. دوای هاوسەرگیری منداڵەکانی دیکەی، بە تەنها لەگەڵ کوڕە نەخۆشەکەیدا لە خانوویەکی کرێدا دەژین، کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی تێدا نییە و کەلوپەلەکانیشیان هێندە کۆنن ئیتر سودێکیان نەماوە.

 

 

ئەو ژنە سەرباری ڕۆژە قورسەکانی بەڵام هێشتا چۆکی ژیانە سەختەکەی دانەداوە، ئێستا بە چەکوشەکەی دەستی شەڕ لەگەڵ ژیان دەکات، ڕۆژەکانی بە شکاندنی گوێز بۆ کۆمپانیاکان بەسەردەبات، هەرچەندە بۆ هەر ٥٠ کیلۆ گوێزێک تەنها چوار هەزاری پێدەدرێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و دەیەوێت خۆی بژێوی خۆی و کوڕە نەخۆشەکەی پەیدا بکات.

 

کوڕە ٤١ ساڵانەکەی قومری، نەخۆشی شیزۆفرینیای هەیە، کە نەخۆشیەکی دەروونییە و بە هۆی ئاوارەییەوە توشی بووە، توانای ژیری لە دەستداوە و هەڵسوکەوتی جیاواز ئەنجام دەدات، چەند جارێکیش ونبووە و دوای چەند مانگێک دۆزیویانەتەوە، بۆ کەمێک باشتربوونی دەروونیشی مانگانە دەبێت ١٠٠ هەزار بداتە دەرمانەکانی.

 

قومری و کوڕە نەخۆشەکەی لە خانوویەکی کرێدا دەژین، کە تەنانەت بۆیلەرێکیش بۆ گەرمکردنی ئاو نییە، لەبەر نەبوونی تەنکی ئاویش، دەبەی بۆ کاتی نەمانی ئاو لە حەوشەکەیدا پڕ کردووە، ئەگەریش مانگێک کرێی خانووەکە دوا بکەوێت ئەوا خاوەن ماڵ دەریدەکات.

 

قومری پێشتر مووچەی خۆی و کوڕەکەی هەبوو لە لایەن حکومەتەوە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا مووچەکەی بڕدراوە، ئێستاش جگە لە چەکوشەکەی دەستی سەرچاوەیەکی دیکەی بۆ ژیان نییە،

 

ت.پ