پەریناز لەسەر دەزگا ١٥ ساڵانەکەی ژیان دەهۆنێتەوە

پەریناز چوپان لەسەر ئەو دەزگایەی کە لە ئێستادا زۆر کەم ماوەتەوە، بژێوی ژیانی پەیدا دەکات، باس لەوەشدەکات کاتێک دەچێتە سەر دەزگاکە هەموو ئازارەکانی لەبیر دەکات.

 

مەدینە مەمەد ئۆغڵو

وان- پەریناز چوپان لە ناوچەی ئیدرمیت لە وان دەژی، لەسەر ئەو دەزگایەی کە تەمەنی ١٥ ساڵە و لە تەختە دروستکراوە بەکاری جۆڵاییەوە خەریکە و سەرپۆش، جانتا و کەلوپەلی کلتوری دروستدەکات، پەریناز بە پەرۆشی گەڕانەوەیە بۆ گوندەکەی کە بەهۆی زوڵمی جەندرمەکانەوە کۆچیان کردووە و بە بەردەوامی کار دەکات تا پەرۆشی خۆی کەم بکاتەوە، بە کۆکردنەوە و فرۆشتنی گوێزیش بژیوی ژیانی خۆی دابیندەکات.

 

پەریناز دەزووەکان هەڵدەگرێت و دەچێتە سەر دەزگاکە و باس لە کارەکەی دەکات بۆمان و دەڵێت کە دەزووەکان لە خوری مەڕ دروستکراون، بە جوڵەی قاچەکانی پەریناز دەزگاکە دەکەوێتە کار و ڕیز بە ڕیز دەست بە هۆنینەوە دەکات و لەگەڵیدا قسە بۆ ئاژانسەکەمان دەکات.

 

وەک چاوەکانی لە دەزگاکەی دەڕوانێت

پەریناز بەو پارەیەی لە فرۆشتنی کەلوپەلەکان دەستی دەکەوێت بژێوی ژیانی دابین دەکات، دەزگاکەشی لە نهۆمی سەرەی ماڵەکەی داناوە تا لە کاتی کارکردندا لە گرفتەکانی ژیان دووربکەوێتەوە، "ئەم ئامێری جۆڵاییە تەمەنی ١٥ ساڵە و بە دار دروستم کردووە، ئێمە گوێز کۆدەکەینەوە و دەیفرۆشین، کاتێکیش گوێز نەبێت دەستدەکەم بە جۆڵایی، پێشتر لە گوند هەموو ڕۆژێک کارم لەسەر دەکرد ئەوکاتانە کاری دیکەشمان زۆر بوو، بەڵام کە هاتینە شار کارەکانمان کەمتر بووەوە، لێرە کارمان نییە بۆیە زۆربەی کار بە جۆڵاییەوە خەریک دەبم، کارەکە دیسپلینی دەوێت، ئەگەر هەڵەیەک لە چنینی دەزووەکان دروستببێت هەمووی خراپ دەبێت، بۆیە من بە سەبرێکی زۆرەوە دەزووەکان دەچنم".

 

 

"خەمەکانم لێرە لەبیر دەکەم"

پەرینازی ڕەنجکێش باس لەوەدەکات کوڕەکەی و هاوژینەکەشی کاری جۆڵایی دەکەن و وتی: کاتێک خۆم یان کوڕەکەم و هاوژینەکەم بێتاقەت دەبن، دێین و دەست بە چنین دەکەین، بژیوی ژیانی منداڵەکانم دابین دەکەم، ئێستا وەکو جاران نییە، جاران ئێش و ئازار ئەوەندە زۆر نەبوو، ئێستا هەرکەسێک خەم و گیروگرفتێکی هەیە، من خەمەکانم لێرە هەڵدەڕژم، لەسەر دەزگاکەم نەخش و تورەکە و جانتا و سەرشان دروستدەکەم.

 

ت.پ