لانیا، هیوایەک لە شارۆچکەیەکی بێ خزمەتگوزارییەوە

لانیا دوکانێکی کەلتوری تایبەت بە خۆی کردووەتەوە، چەندین شیرینی جۆراوجۆر دروستدەکات، بە خەندەوە کڕیارەکانی بەڕێدەکات و خۆزگە دەخوازێت چیدی شارۆکەکەیان پشتگوێ نەخرێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- بەڕێکەوتووین بۆ شارۆچکەی ماوەت، کەشوهەوا تەمە و باران بێ وەستان دەبارێت، کە گەیشتینە دوکانەکەی لانیا دانیشتبوو لە کەشوهەوای ساردا چای بە بەرهەمە خۆماڵیەکانی ماوەتەوە دەخواردەوە.

 

ئەو یەکەم ژنە لە ماوەت دوکانێکی تایبەت بە خۆی دابنێت، چەندین جۆر شیرینی جیاواز دروستدەکات، خولیای بۆ دروستکردنی شیرینی وای لێکردووە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە خۆی فێری شیری جۆراوجۆر بکات، دوکانەکەی بە چەندین شیرینی جیاواز بڕازێنێتەوە.

 

ئەو دڵخۆشە و خێزان و ناسراوەکانی سەرەکیترین پاڵپشتی لانیا بوون، لانیا خەلیلی ٢٢ ساڵ، خوێندکارە و دانیشتووی شارۆچکەی ماوەتە، کەمتر لە مانگێکە دوکانەکەی کردووەتەوە.

 

"سەرەتا بە ئۆنلاین شیرینییەکانم دەفرۆشت"

دوکانەکەی ناوی "لانی سویت"ە، بە پارچەی کەلەپوری و بەرهەمی خۆماڵی ڕازاندوویەتیەوە، کاتێک دەچیتە لای بە خەندەوە بەخێرهاتنت دەکات و بە پەرۆشی و خولیای کارکردن لە چاوەکانیدا دەبینیت.

 

"ماوەی ساڵێکە لە ماڵەوە بە ئۆنلاین ئیشدەکەم، سەرەتا پەیجێکی بچوکم دانا، خواست لەسەر شیرینییەکانم بوو، ئەم دوکانەم دانا بۆ ئەوەی زیاتر خەڵک ئاگاداری کارەکانم بێت و لە نزیکەوە کارەکانم ببینن".

 

ئەو حەزی کردووە، کە دوکانەکەی شێوازێکی کەلەپوری پێوەدیاربێت، بەرهەمەکانی ناوچەکەی خۆی بەکاربهێنێت، چەندین شیرینی جۆراوجۆری وەک پاقلاوە، برمە، شەکلەمە، کاستەر، محەلەبی، خشخش و کێک دروستدەکات، دەڵێت خواست لەسەر برمە، کێک و خشخشەکەی زۆرە، بەرهەمەکانی لانیا بەپێی خواستی کڕیارەکانە، ئەگەر کڕیار بیەوێت بە شیر و ڕۆنی کوردی و هەنگوین شیرینییەکان دروست دەکات.

 

لانیا بەدەم دروستکردنی شیرینی خشخشەوە، باسی ئەوە دەکات، لە دووکانەکەیدا باسوق، سجوق، دۆشاوی توو، ڕووبەهەناریش هەیە، خەڵک شەوان دێن، بەم دەم خواردنەوەی چاو و قاوەوە گفتوگۆدەکەن و شیرینییەکان تامدەکەن.

 

خەڵکی ناوچەکە پشتیوانی لانیان

خەڵکی ناوچەکە دڵخۆشن بە کردنەوەی دوکانەکەی لانیا، بەڵام لانیا هیوای دەخواست گرنگی زیاتر بە شارۆچکەکە بدرایە، چونکە ئێستا بەهۆی پشتگوێخستنی، تا دێت زیاتر چۆڵدەبێت و هەلی کاری تێدا نییە.

 

"ماوەت شوێنێکی گەشتوگوزاری و سەرنجڕاکێشە، بەڵام خزمەتگوزاری کەمی تێدایە، هیچ هەلی کارێکی بۆ گەنجەکان تێدا نییە، ئێستا زۆربەی لە شارەکاندا ئیش دەکەن، ماوەت پڕە لە کانزا و بەرهەمی سرووشتی، بەڵام گرنگی پێندراوە".

 

ئامۆژگاری ژنانی دیکە دەکات، کە هەر کارێک لە سەرەتادا سەختە، بەڵام ئەگەر خۆشەویستی بۆ کارەکە هەبێت بەردەوام دەبێت، دەخوازێت ژنانی گەنجی دیکە نەترسن لە هەر بوارێکدا بەهرەیان هەیە تواناکانیان نیشانبدەن.

 

ت.پ