ژنان بە دروستکردنی دەمامک پارێزگاری لە تەندروستی کۆمەڵگە دەکەن

ژنانی هەڵەبجە بە دروستکردنی دەمامک و جلوبەرگی پزیشکی پارێزگاری لە تەندروستی کۆمەڵگە دەکەن، لەلایەن ڕێکخراوێکیشەوە بێبەرامبەر دەدرێتە قوتابخانە و نەخۆشخانەکان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە-  سەرلەبەیانی هەموو ڕۆژێک کاتژمێر ٧:٠٠ پۆلێک ژن کە سەرجەمیان مەبەستیان کارکردنە پێکەوە و بەدەستهێنانی بڕێک پارەیە بۆ بژێوی ژیانیان، ڕوو لە بینایەکی دوورە ڕێگە دەکەن لە پارێزگای هەڵەبجە و دەست بە دوورینی دەمامک و جلوبەرگی پزیشکی دەکەن.

 

ڕۆژین خەسرەو، سەرپەرشتیاری پرۆژە لە ڕێکخراوی iom، دەربارەی پڕۆژەکە باسی لەوەکرد کە سی ژن ڕۆژانە لە کارگەیەکدا کاردەکەن و دەمامک و سەرجێگای نەحۆش بۆ نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە دروستدەکەن، وتیشی: "ڕۆژانە بەرامبەر بە بڕێک پارە پشتگیری ئەو ژنانە دەکرێت، لە ڕۆژێکدا شەش کاتژمێر کاردەکەن"، ڕۆژین ئاماژەی بەوەشدا کە لە کۆتایدا ڕێکخراوەکەیان دەمامکەکان دابەش دەکات بەسەر قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکاندا

 

دوورینی دەمامک سودی مادیمان پێدەگەیەنێت

گەشاو سەعید، یەکیک لەو ژنانەیە کە دروومان دەکات، باسی لە کارکردنیان کرد و وتی: "بە چەند شێوازێک دروومان دەکەین بۆ دەمامکەکان، سایزی گەورە و بچوکیش دروستدەکەین بۆ منداڵان"، ئەو ژنە وتیشی کە هیچ یەکێک لە پارچەکان فڕێ نادەن بەڵکو بەشێوازێکی ڕێک دەیان بڕن و دەمامکەکانی لێدروست دەکەن، گەشاو ئاماژەی بەوەشدا کە کاردەکەن تا بژێوی ژیانیان بە ماندوو بوونی خۆیان بەدەستبهێنن.

 

ت.پ