٣٠ ساڵە بە چاندنی توتن بژێویی ژیانی دابین دەکات

ڕەیحان کرک، کاری توتن چاندن دەکات و کردوویەتیە پیشەی خۆی، دەڵێت دوای ئەوەی توتنەکە لەبەر هەتاو وشک دەبێتەوە لە شارەکاندا دەیانفرۆشێت.

 

مەدینە مەمەدئۆغڵو

چەولیک- کاتی وشک کردنەوەی توتن لە چەولیک دەستیپێکرد کە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بەو بەرهەمە، چاودێری توتن، کە لە بەهارەوە دەست پێدەکات، زۆر قورسە. توتن دوای سەوزەوات دووەم  بەروبومە لەلایەن خەڵکی هەرێمەکەوە دەچێندرێت، دوای وشککردنەوەی بۆ فرۆشتن دەنێردرێت بۆ شارەکان، ڕەیحان کرک یەکێکە لەو ژنانەی ماوەی ٣٠ ساڵە کاری چاندنی توتن دەکات و بژێوی ژیانی لەو ڕێیەوە پەیدادەکات.

 

تەنها توتن بژیوی ژیانمان دابین دەکات

ڕەیحان خەڵکی ئامەدە، پێش ٣٠ ساڵ بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست لە ناوچەکەدا بۆ چەولیک کۆچ دەکات و بە کاری چاندنی توتنەوە خەریک دەبن، لە بەهاردا دەست بە چاندنی سەوزە و توتن دەکات، دەشڵێت: ئەگەرچی چاودێریکردنی توتن قورسە و فرۆشتنی قەدەغەیە، بەڵام بژیوی ژیانمان لەسەر توتن فرۆشتنە.

 

ئەم کارە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ڕەنجێکی زۆری پێویستە

ڕەیحان باس لە قورسی کارەکەی دەکات و دەڵێت: ئێمە ئەمەمان کردە پیشە بۆخۆمان، جگە لەمە نازانین کاری دیکە بکەین، بەهار توتنەکان دەچێنین و چاودێرییان دەکەین، دواتر لێکردنەوە و کۆکردنەوەی توتنەکان دەستپێدەکات، ئەو توتنەی کۆیدەکەینەوە لە چادرەکاندا جێیان دەکەینەوە، پاش ئەوە دەبێت لەبەر هەتاو هەڵبخرێت لەسەر تەختە تا وشک دەبێتەوە و زەرد دەبێت.

 

رەیحان وتیشی دوای زەرد بوون کۆی دەکەنەوە و دەینێرن بۆ ئامەد تا بفرۆشرێت.

ت.پ