ژنێکی گەنج شەڕ لەگەڵ پیسبوونی ژینگە دەکات

ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ، شەڕ لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری و پیسبوونی ژینگە دەکات، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە، لەپێناو پیسنەبوونی ژینگەدا هیچ کات بە فڕۆکە گەشت ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

گرێتا تونبێرگی تەمەن ١٨ ساڵ، بەڕەگەز سویدیە، لە ساڵی ٢٠١٩ بووە خاوەنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵی جێگرەوە بۆ چالاکوانی ژینگەیی، لە نێوان تەمەنی هەشت بۆ نۆ ساڵیدا بەهۆی خوێندنی وانەکانی بواری ژینگە و پیسبوونی بەرگە هەوا بڕیاردەدات هەرچەند لە توانایدا بێت هەوڵبدات بۆ ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە.

 

ئەو هەر لەو تەمەنەدا بیر لەوە دەکاتەوە کە دەبێت کەسێک هەبێت، لەسەر گەرمبوونی بەرگەهەوا و پیسبوونی ژینگە کارێک بکات، دەیەوێت خۆی بەپێی ئەو توانایەی هەیەتی کار بۆ ڕاگرتنی پیسبوونی بەرگەهەوا بکات، لەبەر ئەوە دەچێتە بەردەم پەرلەمانی سوید و کاغەزێک دەگرێت بە دەستیەوە کە لەسەری نوسراوە " مانگرتنی قوتابخانە بۆ کەش و هەوا".

 

ئەم کارەی گرێتا دەبێتە جێی سەرنجی هاوڵاتیانی وڵاتەکە، ئێستا ملیۆنەها گەنجی سوید و جیهان، ڕێکخراوێکیان دژی پیسبوونی کەشووهەوا پێکهێناوە، لە کاتێکدا سیستمی سەرمایەداری هەوڵەکانی بۆ بەرهەمێنانی کارگەی زیاتر بووە، ڕێژەی پیسبوونی ژینگە دەیان جار بەرزتر بووەتەوە، بۆ ئەم مەبەستە گرێتا بە بەشداری ملیۆنان کەس لەبەردەم پەرلەمانی سویددا خۆپیشاندن و ناڕەزایەتی دژی پیسبوونی بەرگە هەوا ئەنجامدا، دواتریش ئەم ناڕەزایەتییە لە ١٦٠ وڵاتی دیکە بڵاوبووەوە، ئەم خۆپیشاندانە ملیۆنییانە هۆکارێک بوو تا جارێکی دیکە حکومەتی وڵاتان بە بڕیارەکانیاندا بچنەوە.

 

گرێتا بەشداری چەندین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی کردووە و ڕەخنەی لە سیاسەتی وڵاتانی جیهان گرتووە، کە گرنگی بە ژینگە و بارگە هەوا نادەن، لە ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی جێگرەوە، کە دوای مەلالە یوسف گەنجترین کەسە ئەو خەڵاتەی وەرگرتبێت.

 

گرێتا جگە لەوەی کە هەڵمەتێکی بۆ پارێزگاری لە پیسبوونی بەرگەهەوا و ژینگە ڕێکخست، خۆی هیچ کات بە فڕۆکە و زۆرینەی ئامێرەکانی دیکەی گەواستنەوە کە دووکەڵیان هەیە گەشت ناکات، زۆرینەی کاتەکانی بە بەلەمێک کە بە وزەی خۆر کاردەکات و دوکەڵی نییە گەشتەکانی ئەنجام دەدات.

 

هەروەها هەڵمەتێکیشی بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی کەرەستەکان هەیە، تا کەرەستە و ئامێری دیکە دروستنەکرێت و ژینگە پیس نەبێت.

 

هەڵمەت و هەوڵەکانی گرێتا لە کاتێکدایە، زاناکانی بواری ژینگە بەردەوام هۆشیاری لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا و توانەوەی سەهۆڵی جەمسەرەکانی باکور و باشور دەدەن، بەڵام ڕۆژانە بە ملیۆنان کارگە و دەیان ملیۆن ئۆتۆمبێڵ و فڕۆکە و ئامێرە دوکەڵدارەکان بە کەشوهەوادا بڵاودەبنەوە و دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، ساڵانە لە تەواوی جیهاندا زیاتر لە ٤.٢ ملیۆن کەس تووشی نەخۆشیەکانی دڵ و هەناسەدان، شێرپەنجەی سییەکان دەبن و هەزاران کەسیش دەمرن.

 

پیسبوونی هەوا مەترسی گەورە لەسەر تەندروستی و کەشوهەوا دروست دەکات، پیسبوونی هەوای ناڕوون بە نزیکەی ٤.٢ ملیۆن مردن لە ساڵێکدا هەژمار دەکات بەهۆی جەڵتەی مێشک، نەخۆشی دڵ، شێرپەنجەی سییەکان، هەناسەدانان و نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە.

 

ت.پ