ئەو دارەی لە سوتووی خوداوەند تیماما دروست بووە

لە باوەڕی هیندییەکان کاتێک خوداوەند تیماما ماریمانۆ لە مەراسیمی مردنی هاوژینەکەیدا خۆی فڕێ دەداتە ناو ئاگرەوە، لە سوتووی لاشەی درەختێک سەوز دەبێت، بۆیە ئەو درەختە وەک پیرۆزی سەیر دەکرێت و دەبێتە پەرستگا و شوێنی عیبادەتی هندییەکان، لە دەوری پەرستگاکەش ئەو درەختە دەڕوێنن و بە لقەکانی ناوچەیەکی فراوانی سێبەر دروست دەبێت بۆ زیارەتکارانی.

ناوەندی هەواڵ

 

درەختی تینی بنخەلی بە درەختی خوداوەند "تیماما ماریمۆ" ناسراوە، ئەم دارە نیشتمانەکەی هندستانە وەک دارێکی نەتەوەیی سەیر دەکرێت، و لە سەرانسەری باشووری ئاسیادا دەڕوێت، لە لای ئاینی هندییەکان زیندوو مانەوە و گەورەبوونی تینی بنخەلی واتای نەمرییە.

لە وڵاتی هندستان ئەم دارە سیمبولی بەرەکەت، ژیان و سەرلەنوێ زیندوو بوونەوەیە لە دوای مردنی تیماما ماریمۆ، زۆر لە شوێنکەوتووانی ئاینی هندی، بوزی و ئاینەکانی دیکە بە دەوری دارەکەدا دەسووڕێنەوە و دوعا و داواکانیان دەکەن تا داری تیماما بۆیان بێنێتە دی، وەک داری ئاوات هەر کەسێک ئاوات و داخوازی هەبێت دەیخوازێت، زۆرتری ئەو کەسانەی سەردانی داری تیماما دەکەن ئەو هاوژینانەن کە منداڵیان نییە، دەشبێت ئەو کەسەی دەچێت بۆ ژێر دارەکە و ئاوات بخوازێت بێ پێڵاو بچێت.

 

خوداوەند تیماما ماریمۆ

تیماما لە باوەڕی هندییەکاندا پێگەی گرنگی هەیە، بە بۆچوونی ئەوان ژنێک بە ناوی تیماما ساڵی ١٤٣٣ هاوژینەکەی لەدەست دەدات، لە مەراسیمی ناشتنەکەیدا خۆی هەڵدەداتە ناو ئاگرەوە و دەسوتێت، لە جێگەی خۆڵەمێشەکەشی ئەو دارە سەوز دەبێت و لە ناو کۆمەڵگای هندییەکاندا بە پیرۆزی دەپاریزرێت، و هندییەکان دەڵێن ئەو پەرستگایەش یادکردنەوەی تیمامایە لەو شوێنەدا، لە ساڵی ٢٠٠١دا هەندێک کەلوپەلی کۆن و زێڕ لەناو دارەکەدا دۆزرایەوە.

بۆ پەرستن، باوەڕداران دەچنە ژێر دارەکە و پەرستشی خۆیان بۆ تیماما ماریمۆ دەکەن، پاشان دەچنە پەرستاگەکە بۆ سەردانیکردنی هاوژینەکەی و خواردنی پێشکەش دەکەن، دەبێت لەسەر سینی خواردن بەهارات و گوێزی هندی هەبێت، پێش چوونە ژوورەوە بۆ پەرستگای تیماما کە لە بەردی ڕەش دروست کراوە، کاهینەکە (خزمەتکاری پەرستگا) مەشخەڵێک دادەنێت و بە ڕووناکی چاوپێکەوتنەکان پیرۆز دەکات، پاشان چیرۆکی فیداکاری و لەدەستدانی خوداوەند تیماما دەگێڕێتەوە و هەموو زیارەتکاران گوێ دەگرن، هەروەها پەرستگا و پەیکەری بچوکی سیمبولی ئاینەکانی دیکە لەسەر لقی سەر زەوی دارەکە دادەنێن.

 

تیماما بۆ نەخۆشی دەرمانە

زۆرێک لە باوەڕداران لەو باوەڕەدان کاتێک دەستیان دەدەنە دارەکە وزەیەکی ئەرێنییان دەست دەکەوێت کە زۆر بەسوودە بۆ جەستە و گیان و ڕۆحیان، بۆ ١٠ خولەک باوەش دەکەن بە دارەکەدا و وشە پیرۆزەکانی ئاینەکەیان دەڵێنەوە تا وزەیان دەستبکەوێت، هەروەها دەرمانی ئەسپرین لە توێکڵی دارەکە دروست دەکرێت، میوەکەشی کە ناوی "تین"ـە تامێکی خۆشی هەیە و بۆ دەرمانیش بەکار دێت، کە چارەسەرە بۆ نەخۆشییەکانی لووت و جگەر، هندییەکان لە میوەی تین شیرینی نەریتی دروست دەکەن.

 

ت.پ