ڕێژەی باران بارین لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە

بەراورد بە ساڵانی پێشووتر باران بارین کەمی کردووە، ئەمەش جوتیارانی نیگەران کردووە و زیان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەدات.

ناوەندی هەواڵ

 

بە هۆی کەمی باران بارینەوە لە کاتێکدا لە ناوەڕاستی وەرزی زستانداین هاوڵاتیان بە گشتی و بە تایبەت جوتیاران نیگەرانن ئەمساڵ وشکە ساڵی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات.

ئەمساڵ ڕێژەیەكی كەم باران لە ناوچەكانی هەرێمی کوردستان باریوە کە نەگەشتۆتە ئاستی پەڵە دان، جوتیاران ئاماژە بەوە دەکەن کەمی باران بارین زیان لە بەرهەمەکانیان و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەدات، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەدات لە نێوان ١٥ی تشرینی یەكەم بۆ ١٥ی تشرینی دووەم بە گشتی پلەی گەرمی سلێمانی لە ٢٠ بۆ ٢٥ پلەی گەرمیدایە، ئەوەش باشترین و گونجاوترین پلەی گەرمایە بۆ چاندنی تۆو بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆر دواکەوتنی باران و پەڵە نەدان زیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و پێگەشتنی تۆو دەگات.

 

بەشێوەیەكی زانستی ئەگەر ڕێژەی باران بارین گەیشتە ٧٥ سم، ئەوە پەڵەی داوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، جووتیارانیش دەڵێن ئەگەر لە كاتی كێڵاندا زەوی وشك نەبوو، ئەوكات پەڵەی داوە.

محەمەد کەمال پسپۆڕی بواری کەشناسی دەڵێت شەپۆلی باران بەڕێوەیە و بە پێی پێشبینییەکان ئەگەر هەیە لە مانگی داهاتووەوە باران بارین زیاد بکات، وتیشی: "مانگەكانی شوبات و ئادار، مانگی بە بارانە و بە تایبەتیش مانگی ئادار، پێشبینیش دەكەین بارانبارین تا كۆتاییەكانی مانگی ئایاریش بەردەوامی هەبێت لە كوردستان و عێراق".

بە پێی پێشبینییەکان لە مانگەكانی داھاتوودا ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان ڕێژەی باران بارین زیاد بکات بە جۆرێک لەمانگی شوباتی ئایندەدا ڕێژەی بارانبارین بە ١٠٪‏ باشتر بێت لەم مانگە و لە مانگی ئاداردا ٢٠٪‏ باشتر ببێتەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە بەھەمان شێوە لە خوار ئاستی ئاسایی بارانبارینی ساڵەکانی تردایە.

 

ت.پ