ژینگە و کەرتی کشتوکاڵ پشتگوێ خراون، کاندیدەکان پڕۆژەیان چییە؟

نەبوونی سەوزایی و پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێمی کوردستان بووەتە خەمی کاندیدە ژنەکان، دەیانەوێت خزمەتی ژینگە و کشتوکاڵ بکەن.

نەبوونی سەوزایی و پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی هەرێمی کوردستان بووەتە خەمی کاندیدە ژنەکان، دەیانەوێت خزمەتی ژینگە و کشتوکاڵ بکەن.

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ- بەهۆی گرنگینەدان بە سەوزایی و باخ و پارکەکان و ڕێژەی سەوزای لە شارەکاندا، ڕێژەی سەوزایی تەواو کەمی کردووە و شارەکان زەرد هەڵگەڕاون، لەم چوارچێوەیەدا کاندیدانی ژن دەیانەوێت لە ڕێگای حکومەتی عێراقەوە کار بۆ ژینگە و کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بکەن.

 

شیرین عەبدوڵا، کاندیدی ژمارە ٣٣ لە بازنەی یەکی کەرکوک، باس لە خراپی ژینگەی شارەکەی دەکات، کە بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگە و بیرەکانی دەرهێنانی نەوت تەواو پیس بووە، سەرباری ئەوەی کەرکوک بووەتە قوربانی ململانێ سیاسیەکان.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، هەرچەندە شاری کەرکوک ژێر زەوییەکەی یەکپارچە زێڕی ڕەشە، بەڵام ئەمە نەبووەتە مایەی خۆشگوزارانی بۆ خەڵکی شارەکە، بەڵکو تەنها دوکەڵ و شەڕە سیاسییەکان بۆ خەڵکی شارەکە ماوەتەوە، داهاتی ئەو نەوتە بۆ خزمەتی شارەکە بەکارناهێندرێت، "ژینگەی ئەو شارە بووەتە قوربانی حزب و دوو حکومەتەکە، بەرپرسەکان لەنێوان خۆیاندا ئەو داهاتەیان بەش دەکەن و خزمەتی شارەکە نەماوە".

 

کە دێتە شاری کەرکوک تەم و دوکەڵ ئاسمانی شارەکەی داگیرکردووە

وەک ئەو کاندیدە باسی دەکات، ژینگەی شاری کەرکوک ئێستا لە خراپترین ئاستدا، "کەشوهەوای کەرکوک بە تەواوی پیس بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی کەرکوک شارێکە کۆمپانیای نەوتی هەیە، دوکەڵ و غازیکی زۆر هەیە و کە نزیکە لە ناو شارەوە، ئەو کارگانەش کەمتەرخەمن".

 

شیرین عەبدوڵا، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی کۆمپانیاکانی بواری وزە دەکات، کە بەهۆیانەوە شارەکە بووەتە زبڵدان، لەگەڵ هاتنە ناوەوە بۆ شاری کەرکوک تەم و دوکەڵێک لە ئاسمانی شارەکە دەبیندرێت.

 

پشتوێنێکی سەوزایی بۆ کەرکوک

پلانیشی هەیە، لە داهاتوودا کاربکات تا داهاتی شارەکە بۆ خزمەتکردنبێت، پشتوێنێکی سەوزایش بە دەروی شارەکەدا بە چارەسەرێکی گونجاو دەزانێت، تا ئاسمانی شارەکە پاکببێتەوە، کۆمپانیاکانی بواری وزەش ناچاربکرێن تا بەشێک لە داهاتەکەیان بۆ خزمەت و سەوزکردنی شار خەرج بکەن.

 

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان خاکێکی بە پیت و کەشوکەواهەیەکی گونجاوی هەیە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگییەکی ئەوتۆ بە کەرتی کشتوکاڵ نەدراوە، نەکراوەتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات.

 

سەرباری ئەوەی ساڵانە جوتیارەکان بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان زیانی زۆریان پێدەگات، حکومەتیش پاڵپشتیان ناکات و پێداویستییەکانیان بۆ دابین ناکات.

جوتیارەکان بەرهەمەکانیان ساغ نابێتەوە

بەدریە حسێن، کاندیدی بازنەی چواری پارێزگای سلێمانی لە لیستی هاوپەیمانی، کە ڕانیە، قەڵادزێ، پشدەر، دوکان و پیرەمەگروون دەگرێتەوە، باس لەوەدەکات سەرباری ئەوەی ناوچەکە زەوییەکی لەباری بۆ کشتوکاڵ هەیە، جوتیارەکان بەرهەمیان هەیە، بەڵام پاڵپشتی ناکرێن.

 

"سنورەکەی ئێمە کشتوکاڵی تێدا کراوە، بەڵام لە عێراقەوە بڕێکی کەم لە گەنم و دانەوێڵەی سنورەکەمان وەرگیراوە، یاخود هەر وەرنەگیراوە، جوتیارانی سنورەکەی ئێمە پاڵپشتییان نییە، جوتیارانی ئێمە بێ پشتیوانی ماددی و پێداویستییە جوتیارییەکانیانن، خەڵکەکە پاشگەزبووەتەوە لەوەی کشتوکاڵ بکەن".

خزمەتکردنی کەرتی گەشتوگوزار ئەرکی ئێمەیە

وەک بەدریە حسێن ئاماژەی بۆ دەکات، دەبێت لە کاتی دروستکردنی کارگەکاندا کۆمپانیاکان ناچاربکرێن تا خزمەتی ژینگە بکەن، هاوکات لە ڕێگای حکومەتی عێراقەوە بە هاوکاری دەستەی گەستوگوزاری هەرێمی کوردستان کار بۆ پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاری بدرێت.

 

وەک باسی دەکات، ئەگەر پەرە بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت، سەرباری ئەوەی ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، هاوکات هەلی کار بۆ گەنجەکان دەڕەخسێندرێت، کە ساڵانە بەهۆی بێکاری ژمارەیەکی بەرچاوی گەنجانی ئەو دەڤەرە کۆچ دەکەن و پەنابەری هەڵدەبژێرن.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە ڕێگای زیادکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەتواندرێت زیاتر کار بۆ دەڤەرەکە بکرێت، لە ڕووی کشتوکاڵ، ژینگە و گەشتیارییەوە خزمەتی دەڤەرەکە بکرێت.

 

ت.پ