لە ناوچوونی پاشماوە پلاستیکییەکان لە زەریاکان چەندێک دەخایەنێت؟

هەموو ساڵێک نزیکەی هەشت ملیۆن تەن پلاستیک فڕێدەدرێنە ناو زەریاکان و هەندێک لە توێژەران هۆشداری ئەوە دەدەن کە تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەی پلاستیک زیاتر دەبێت لە ڕێژەی ماسی لە زەریاکان.

 

بێریڤان کەمال

پاشەڕۆ پلاستیکییەکان، کەڵەکەبوونی کەلوپەلە پلاستیکییەکانە وەک: بوتڵی پلاستیکی و قەسەبی پلاستیکی و زەرفی پلاستیکی ، کە کارییگەری خراپیان هەیە بۆ سەر ژینگە و گرۆی مرۆڤ و ئاژەڵەکان.

 

ساڵانە بڕێکی ئێجگار زۆر پاشەڕۆی پلاستیکی لە جیهاندا فڕێ دەدرێت کە زیانێکی زۆری بە ژینگەی جیهانی گەیاندووە، لە وڵاتی بەڕیتانیا ساڵانە بە نزیکەیی ٥ ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی فڕێدەدرێت کە تەنها یەک لەسەر چواری دووبارە بەکاردەهێندرێتەوە "ڕیسایکل".

 

سێ چارەکی تری پاشماوە پلاستیکییەکان فڕێ دەدرێنە ژینگە و زیان بە ئیکۆسیستم دەگەیەنێت و بەتایبەتی لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوودا بەشێکی زۆری ئەو پاشەڕۆیانە فڕێدەدرێنە زەریاکان و ژیانی بوونەوەرەکانی ناو دەریا دەخەنە مەترسییەوە، چونکە ئەو پاشەڕۆ پلاستیکییانە بە نزیکەیی ٤٠٠ ساڵ زیاتریان پێویستە بۆ لە ناوچوون.

 

لە کۆتای سەدەی بیستەمەوە بە گشتی جیهان پشتی بە مادەی پلاستیکی بەستووە لەبەر کەمی نرخ و گونجاویی و هەمەجۆریی، هەر بۆیە ڕێژەی بەکارهێنانی زیادیکردووە، بەڵام بۆ ڕزگارکردنی هەسارەی زەوی لەو زیانانە پێویستی بە مامەڵەکردنێکی ژیرانە هەیە.

پاشماوە پلاستیکییەکان لە زەریاکان

پاشەڕۆی پلاستیکی لە زەریاکان کێشەیەکی جیهانییە، بەڵام پاشماوەکان چۆن لە سەرەتاوە دەچێتە ناو ئاوەوە؟، بە گشتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕێژەیەکی زۆری پاشەڕۆ پلاستیکییەکان دووبارە بەکاردەهێندرێتەوە، بەڵام لە وڵاتانی تازە گەشەسەندودا پاشەڕۆکان فڕێدەدرێتە ناو ڕووبار و جۆگە و دەریا و زەریاکان، کە ئەو ماددانە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانی بوونەوەرە دەریاییەکان.

 

هەموو ساڵێک نزیکەی هەشت ملیۆن تەن لە پلاستیک فڕێدەدرێنە ناو زەریاکان و هەندێک لە توێژەرانیش پێشبینی دەکەن کە ئەو ژمارەیە تا ساڵی ٢٠٢٥ دوو هێندە زیاد بکات، لەکاتێکدا هەندێک لە توێژەرانی دیکە هۆشداری ئەوە دەدەن کە تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەی پلاستیک لە ماسی زیاتر دەبێت لەناو زەریاکان.

 

زۆرترین ڕێژەی پاشەڕۆی پلاستیکی فڕێدراو لە زەریاکان، گەورەترینیان لە باکووری زەریای هێمن دایە، لە نێوان هاوایی و کالیفۆرنیا، کە ١.٨ تریلیۆن پارچەی پلاستیکی تێدایە، کە زۆربەی جار دەبێتە هۆی مردنی ئەو ئاژەڵانەی لەناو زەریاکان دەژین.

 

چۆن پاشەڕۆ پلاستیکییەکان کاریگەری دەکەنە سەر ژیانی بوونەوەرەکان؟

بە پێی توێژینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەلایەنی کەمەوە ٨٠٠ جۆر لە جیهاندا لە ژێر کاریگەری پاشماوەی دەریاییدان کە ٪٨٠  ی پلاستیکە، ئاژەڵە دەریاییەکان زۆر جار بە مادەیەکی پلاستیکییەوە گیردەبن و دەمرن یاخود ئەڵقە پلاستیکیەکان قوت دەدەن.

 

شەش دەیەی پێش ئێستا، بەرهەمهێنانی بە کۆمەڵی پلاستیکەکان دەستی پێکرد بە شێوەیەکی خێرا کە ٨.٣ ملیار تەن پلاستیک دروستکرا و زیاتر لە ٩٠٪ ی ئەو پلاستیکە فڕێدرا کە دووبارە بەکارنەهێنراوەتەوە.

 

لە ساڵی ٢٠١٨ ەوە، ساڵانە نزیکەی ٣٨٠ ملیۆن تۆن پلاستیک لەسەر ئاستی جیهان بەرهەمدەهێنرێت کە ژینگەی زەوی بەرگەی ئەو بڕە پلاستیکە ناگرێت، ئەمەش وایکردووە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون بەهۆی پلاستیک و بەکارهێنان لە سالانی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد بکات.

 

لە ئێستادا چین گەورەترین بڕی پاشەڕۆی پلاستیکی بە پەراوێزێکی بەرچاو بەرهەم دەهێنێت و بەدوایدا ئیندۆنیزیا و فلیپین و ڤێتنام و سریلانکا لە لیستی ئەو وڵاتانادان کە زۆرترین ڕێژەی پلاستیک بەرهەمدەهێنن.

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی پاشماوەی پلاستیکی چیە؟

کۆمەڵێک لە هۆکارەکان وایکردووە کە بەکارهێنانی مادی پلاستیکی لە جیهاندا زیاد بکات، بەشێک لەو هۆکارانەش هەرزانی مادەی پلاستیکی، ئاسانی بەردەستبوونی و بەربڵاوی لە بەکارهێنانی، ژمارەی دانیشتوانی جیهان لە زیادبووندایە هەروەها شارنشینیش زیادی کردووە، ئەمەش ڕیژەی بەکارهێنانی مادە پلاستیکیەکانی زیادکردووە، هەروەها ناهۆشیاری خەڵکی دەربارەی زیانەکانی فڕێدانی مادە پلاستیکییەکان بۆ ژینگە، درەنگ لە ناوچوونی پاشماوە پلاستیکییەکان کە زیاتر لە ٤٠٠ ساڵی پێویستە، هەروەها کەشتی دەریایی و پیشەسازی ماسیگرتنش بەشێکن لەو هۆکارانە.

 

 سوودەکانی کەمکردنەوەی پاشەڕۆی پلاستیکی؟

کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی مادەی پلاستیکی سوودێکی زۆر لەخۆدەگرێت کە کەمترینیان پاراستنی سامانە سروشتیەکان و پاراستنی ژینگە و پاشەکەوتکردنی پارەیە.

 

ڕێگەگرتن لە پیسبوون بە کەمکردنەوەی بڕی مادەی خاوی نوێی بەکارهێنراو، بڕی ئەو پاشەڕۆیە کەم دەکاتەوە کە پێویستی بە دووبارە بەکارهێنانەوە هەیە، یارمەتیدەرە لە پاشەکەوتکردنی پارە کە ڕیژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی مادە و کەرەستەکان زیاد دەبێت وەک لە کڕینی پلاستیکی زیاتر.

 

ت.پ