کتێبێک بۆ گرنگیدان بە بەهرەکانی منداڵان

کتیبی "مێرگی ئەندرۆ هینری" باس لە منداڵێکی خاوەن بەهرە دەکات، بەڵام لەلایەن خێزانەکەیەوە بەربەستی بۆ دروستدەکرێت، ئەویش بەردەوام هەوڵ دەدات تا لە کۆتاییدا گوندێک لە منداڵە بەهرەمەندەکان دروستدەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کتێبی "مێرگی ئەندرۆ هێنری" لە لایەن دۆریس بۆرن، نوسەری ئەمریکی لە ساڵی ١٩٦٥ نووسراوە، ئاهەنگ کاوانی لە ماوەی کەرەنتینەدا وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەشدا بڵاویکردووەتەوە.

 

ئەم کتێبە باس لە منداڵی سێیەمی خێزانێک دەکات، کە داهێنەرێکی بچووکە، بەڵام لە لایەن خێزانەکەیەوە بەردەوام پێی دەوترا کە کەلوپەلەکانی کۆبکاتەوە و لایان بدات، لە کاتێکدا ئەو دەیوست بە داهێنانە بچووک و سادەکانی هاوکاری دایک و باوکی بکات.

بەردەوامی لە ڕێگرییەکانی خێزانەکەی، وا لە ئەندرۆ دەکات ماڵەکەی جێبهێڵێت و بچێت لە مێرگێکدا بژی، دواتریش چەند منداڵێکی دیکەی هاوشێوەی ئەو دەچنە لای و پێکەوە گوندێکی بچووک دروست دەکەن.

 

ئاهەنگ کاوانی، وەرگێڕی کتێبەکە ڕەخنە لە شێوازی پەروەردەکردنی منداڵانی ئێستای کۆمەڵگای کوردی دەگرێت، کە دایک و باوکەکان بەردەوام دەیانەوێت منداڵەکانیان ببنە ئەندازیار و پزیشک، هیچ گرنگی بە خواستی منداڵەکانیان نادەن.

 

ئاهەنگ، باس لەوەش دەکات، کە حەز و خولیای منداڵەکان لەناو براون، بۆیە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبەی بە گرنگ زانی، تا منداڵی کوردیش بێبەش نەبێت لەو کتێبانەی کە سوودی هەیە و دەتوانێت خۆی تێدا بدۆزێتەوە، نەک تەنها وەک چیرۆکێکی ئاسایی بەسەریدا تێپەڕێت، هەروەها دایکوباوکیش لە بەهرە و خولیاکانی منداڵان تێبگەن.

 

ئەم کتێبە یەکەم کتێبی ئاهەنگ کاوانییە، کە وەرگێڕانی بۆ کردبێت، بڕیاریشە لە داهاتوودا کتێبێکی خۆی بڵاوبکاتەوە.

 

ت.پ