نەخشاندنی هونەر لەسەر دار گوزارشت لە ژیان دەکات

شەرارە ڕەحمانی کە هونەرەکەی لە بواری دارتاشی و هەڵکۆڵین و نەخشاندنە، بە خۆشەویستییەوە کار دەکات لەم هونەرەدا کە تا ئێستا بە کاری پیاوان ناسراوە، ئەو بە شێوەیەکی پیشەیی کار دەکات و فێری خوێندکارەکانیشی دەکات.

 

هیما ڕاد

سنە- شەرارە ڕەحمانی، یەکێکە لە ژنە هونەرمەندەکانی شاری سنە کە کاری هونەری بە دار-مۆزایک، دارتاشی و هەڵکۆڵین دەکات، ئەو بوارەی هونەر لەلایەن خەڵکەوە بە کاری پیاوان ناسراوە، بەڵام شەرارە جێدەستی خۆی تێیدا دەرخستووە، دروستکردنی ئەو هەموو جوانییە بە دار گوزارشت لە ژیان دەکات و بە خۆشەویستیەوە دووکانە ساردەکەی گەرم دەکاتەوە، تێیدا هەست بە ژیان دەکرێت.

 

شەرارە ڕەحمانی لە باسکردنی خۆیدا دەڵێت: "تەمەنم ٣٣ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە دەستم بە خوێندن کردووە لە بواری هونەریدا، وێنەم کێشا و کاری نەخشی سەر تەختە و مۆزایکم کردووە، ماوەی سێ ساڵە کاری تەختە دەکەم و لە مامۆستا بەناوبانگەکانەوە فێری بووم."

 

شەرارە لەبارەی سەختی کارەکانییەوە باسی لەوەکرد کە سەرەڕای هەموو نەهامەتییەکان ژنان دەتوانن هەر کارێک دەیانەوێت ئەنجامیبدەن و داوای لێکردن کاری هونەری ئەنجامبدەن "ناتوانم شەوانە لەبەر ئازاری دەستەکانم بخەوم، بەڵام کاتێک ئەنجامی کارەکەم دەبینم، هەست بە دڵخۆشی دەکەم کە هەموو ماندووییەکەم دەڕەوێتەوە"، ئەو دەشڵێت مایەی خۆشحاڵییە کە هونەرمەند بیت و ئەگەر دیاری بدەیت بە هاوڕێیەک ئەوە کارێکی هونەری خۆتی پێدەدەیت چونکە لە هەموو شتێک بە نرخترە.

 

بازاڕی دار لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە و سەرەڕای خۆشەویستیی لە کار و هونەردا، فرۆشتنی کارەکەی زەحمەتە، چونکە کەسانی بەتەمەن دەستیان بەسەر بازاڕی کاردا گرتووە کە ڕەنگە هێندەی کارەکانی شەرارە جوان نەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەرارە بە بەراورد لەگەڵ ئەوان تازەیە لە بوارەکەدا و ژنە، هەروەها لەلایەکی ترەوە هونەرمەندەکان گرنگیان پێنادرێت و نەبوونی پشتیوانی ئەوی بەرەو لێوار بردووە، بەڵام بەردەوام بە خۆشەویستییەوە سەیری هونەرەکەی دەکات.

 

ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەشدا کە هونەرەکەی بە کاری هونەرمەندە پیاوەکان ناسراوە کەم ژن لە بوارەکدا هەن، وتیشی: "حەزم لەم بوارەیە و حەزدەکەم ژنانی دیکەش فێربکەم کە حەزیان لێیەتی."

 

شەرارە بەیانیان ڕاهێنان دەکات و دوانیوەڕوانیش داواکارییەکانی خەڵکی دروستدەکات، بە پشتیوانیەکانی خێزان و هاوژینەکەی بەردەوامە و داوا لە خێزانەکان دەکات پشتیوانی ژنان بکەن و نەبنە ڕێگر لە بەردەم بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە ناوچەکەدا.

 

ت.پ