منداڵانی شەنگال بە فێربوونی دەف ژەنین کلتوری دێرینیان دەپارێزن

کۆمەڵگەی ئێزیدی لە کۆمەڵگە دێرینەکانی سەر زەوییە، سەرەڕای ئەنجامدانی سەدان هەڵمەت بۆ لە ناوبردنیان و لە دژ وەستانەوەیان، بەڵام توانیویانە سەرکەوتوو ببن لە پاراستنی ژیانیان بە جوانترین شێوە.

نەسرین حسێن

 

شەنگال- میزۆپۆتامیا لە بواری ڕۆشنبیری یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و بەنرخترین ناوچەکانی جیهان، ئێستا بەهۆی خواست و ئارەزووی فێربوونی منداڵانی ئێزیدی لە شەنگال دووبارە کلتور و هونەر زیندوو دەکرێتەوە.

سیستمی خۆبەڕێوەبردن کە هەموو پێداویستیەکانی کۆمەڵگە دابین دەکات، کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەریان و لە بواری ڕۆشنبیری و هونەردا هەوڵی زۆریان داوە بۆ بەرەوپێشچوون، بۆ ئەوەی منداڵانی شەنگال لە تەمەنێکی بچووکدا بتوانن بە باشی و بە دروستی فێری کلتوری خۆیان ببن، مامۆستای کلتور و هونەر ستیا نەخشان ڕاهێنانی جۆراوجۆریان لەسەر ئامێر و گۆرانی پێشکەش دەکات.

یەکێک لەو خولە پەروەردەییانە خولی منداڵانی نێوان ٩ بۆ ١٤ ساڵییە لەسەر دەف و زەرب، منداڵانی فێرخوازی دەفەکەی مامۆستا ستیا نەخشان دەڵێن، دەیانەوێت فێری کولتوری ئێزیدی خۆیان ببن تا بتوانن پارێزگاری لێبکەن.

یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە بەناوی شۆڕەش دەخیل دەڵێت: "ماوەیەک پەیوەندیم بە چالاکی و بەرهەمەکانی رۆشنبیری و هونەرەوە کرد، مامۆستاکانم و هاوڕێکانم و کلتور و هونەرەکەمم خۆشدەوێت، ئێمە لێرەین بۆ فێربوونی شتی نوێ".

 ڕانا کەریم، دوای ئەوەی بە دەنگە خۆشەکەی گۆرانییەکی وت، داوای لە هەموو منداڵانی ئێزیدی کرد کە بێن و بەشداری کار و چالاکییەکانی ڕۆشنبیری و هونەر بکەن، هاوکات داوای لە منداڵانی کەمپەکان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ زێدەکەیان بۆئەوەی لەناو کلتوری خۆیان پەروەردە ببن.

جیان جەلالی تەمەن حەوت ساڵ باسی خەونەکانی و خەونی هاوڕێکانی دوای فێربوونی دەف ژەنینی بۆ کردین، "مامۆستاکانمان داوایان لێکردین بەباشی فێری دەف ژەنین بین، هەروەها جلی ئێزیدی و کوردیش لەبەر دەکەین و کەفییە دەخەینە سەر سەرمان و هەڵدەستین بۆ شانۆکان بۆ ئەوەی گۆرانی لەسەر شنگال بڵێین".

سەوسەن سیدۆ کە ئێستا لەگەڵیدا دەخوێنێت، دەڵێت: "دەمانەوێت بتوانین زیاتر فێری ژەنینی هەموو ئامێرەکان بین، هەروەها دەمانەوێت هاوڕێی زیاترمان هەبێت لە بواری ڕۆشنبیری و هونەردا بۆ ئەوەی گروپی سەما و مۆسیقاکانمان گەشە بکەن و گەورەتر ببن".

سەوسەن سیدۆ یارمەتی هاوڕێکانی دەدات بۆ فێربوون، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی فەرمان کە لەلایەن داعشەوە بەسەریاندا هات، وتی: " داعش ویستویەتی بە هێرشەکانی کلتوری ئێمە لە ناوببات، بەڵام وەک خەڵکی شەنگال رێگە بەو کارە نادەین و تا کۆتایی کلتوری خۆمان دەپارێزین."