بە بەشداری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەک لە کەلار کرایەوە

پێشەنگایەکی کاری دەستی لە کەلار کرایەوە و چەندین ژنی خاوەنکار، کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان تێدابوو، بەرهەمەکانی خۆیانیان تێدا نمایشکرد.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- لە پارکی گشتی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، پێشەنگایەکی کاری دەستی کرایەوە و چەندین ژنی بەتوانای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژنانی گەرمیان بەرهەمەکانی خۆیان، کە بە ڕەنجی خۆیان دروستیان کردبوو، تێدا نمایشکرد.

 

لە پێشەنگاکەدا کاری دەستی و جلوبەرگی کوردی، چنراوی دەستی ژنان و چەندین بەرهەمی دیکە نمایشکران، ژنان بەرهەمی خۆماڵی و خواردنە کوردەوارییەکانیان دروستدەکرد و دەیان فرۆشت، سەردانیکەران لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە سەردانی پێشەنگاکە دەکەن.

 

ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کارەکانیان بەشداربوون و کردنەوەی ئەم جۆرە پێشەنگایانە بە پێویست دەزانن، تا بتوانن تواناکانی خۆیان دەربخەن و پشت بە ڕەنج و ماندوبوونی خۆیان ببەستن.

 

"بە کارەکانم کولتووری کوردی دەناسێنم بە جیهانی دەرەوە"

نیشتیمان فەتاحی لە شاری مەریوانەوە بەشداری کردووە، ئاماژەی بەوەدا، ماوەی چەند ساڵێکە کاری دەستی دەکات و بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ ناساندنی کارەکانیەتی بە ژنانی باشووری کوردستان، وتیشی: ژنانی ڕۆژهەڵات توانایەکی باشیان لە چنین و دروستکردنی کارە دەستیەکاندا هەیە و کارەکانیان جیاواز و تایبەتە، منیش ویستم لە ڕێگەی کارەکانمەوە کولتووری کوردی بپارێزم، بۆیە زیاتر ئەو خشڵانە بەکاردەهێنم کە مۆرکی کوردەواریان پێوەیە و هەرکەسێک لە نەتەوەکانی تر کارەکانم ببینن، دەزانن کە تایبەتە بە کولتووری کوردی، زیاتر هەنارم بەکارهێناوە لە دروستکردنی کارەکانمدا، چونکە شتێکی زیندووە و سەرنجی کڕیارەکان ڕادەکێشێت.

 

"ژنان لە کارکردندا حەز و هیوای خۆیان دەدۆزنەوە"

شادیە نادری لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە، وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گروپێکین کە هەموومان ژنین و هەر پێشەنگا و فێستیڤاڵێک بکرێتەوە ئێمە بەشداری دەکەین، من ئەو کارانە دروستدەکەم کە لە کۆندا بەکارهاتووە، لە کوردستان و بەتایبەتی لە گەرمیان وا بیردەکەنەوە کە نابێت ژنان ئیش بکەن و بڕۆنە دەرەوە، بەڵام ژنان دەبێت پشت بە خۆیان ببەستن و کاری خۆیان بکەن، چونکە ژنان ئەگەر کاربکەن لە ناو کارەکەدا حەز و هیوای خۆیان دەدۆزنەوە.