دیەن دارا، تەمەنێکی منداڵ و بەهرەمەندێکی گەورە

دیەن خولیای کاری دەستی هەیە و بە ڕەنگاوڕەنگی کارەکانی و بەهرەدارییەکەی، سەرنجی زۆری بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- پێشانگای ساڵانه‌ی قوتابخانه‌كان لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، چە‌ندین منداڵ بە كاری جۆراوجۆری ده‌ستی، هونه‌ری وێنه‌كێشان، گۆرانی وتن و نمایشی شانۆگه‌ری به‌شدارییان كردووه، به‌ڵام له‌و نێوه‌نده‌دا كچێكی ١٠ ساڵ بینه‌رێكی زۆری له ‌كاره‌كانی خۆی كۆكردووەته‌وه ‌و مامۆستا و خوێندكار سه‌رنجی كاره‌كانی ده‌ده‌ن.

 

ئەو منداڵە ناوی دیه‌ن دارایە و تەمەنی ١٠ ساڵە، خوێندكاری پۆلی پێنجی سه‌ره‌تاییه و ‌ وردی له‌ كاره‌كه‌یدا وایكردووه‌ له‌ پێشانگای ساڵانه‌ی قوتابخانه‌كان بینه‌رێكی زۆری هه‌بێت.

 

به‌ناز محمود، دایكی دیه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م منداڵه‌كانی ئه‌و به‌هره‌یه‌یان تیابووه،‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌ركی خوێندن نه‌یانتوانیوه‌ به‌رده‌وام بن، لەبارەی دیەنەوە وتی: دییەن لەبەر حەزی زۆری بۆ کارەکەی و کارە دەستییەکانی، هەموو پێداویستییەکانی بۆ دەکڕین و دەیپارێزین، بۆ ئەوەی نەشکێن و نەفەوتێن، ئەرکی سەرشانمانە منداڵەکنمان بە باشترین شێوە پەروەردە بکەین و بتوانین بیانگەیەنینە پێگەی خۆیان و داهاتوویان دیار بێت.

 

دیه‌ن دارا باسی لە کارەکانی دەکات کە حەزێکی زۆری بۆی هەیە، دەشڵێت: حه‌زم به‌ كاری ده‌ستییه ‌و زیاتر كاری هه‌ویری ڕه‌نگاوڕه‌نگ دەکەم، به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ری چونكه‌ حه‌ز و ئاره‌زووی زۆرم بۆی هه‌یه،‌ هیوام وایە بتوانم بەردەوام بم تیایدا.

 

منداڵان نه‌وه‌ی دواڕۆژن و به‌ گرنگی پێدانیان له ‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ‌‌ژیاندا، ده‌كرێت پشتیان پێ ببه‌سرێت و نه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مدار دروستببێت.