مەراسیمی یادی ٢٣٨ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو

ژنانی خاوەنکار پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانییان کرد و کردنەوەی فێستیڤاڵ و پێشەنگایان بە دەرفەتێک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی ژنانی خاوەنکار لە یادەکاندا دانا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، ١٤ی تشرینی دووەم، ٢٣٨ ساڵ بەسەر دامەزراندی شاری سلێمانی تێدەپەڕێت، لە بەردەرکی سەرا لە شاری سلێمانی ئەم یادە بە کردنەوەی پێشانگا و بە بەشداری سەدان کەس لە هونەرمەندان، ژنانی خاوەنکار ، خەڵکی شاری سلێمانی و شارەکانی تر بەرز ڕاگیرا.

 

ڕوناک جەمیل سائیب، بەشداربووی پێشانگاکە باسی شاری سلێمانی کرد و وتی: زۆر خۆشحاڵم کە ئامادەبووم لە یادی دامەزراندی سلێمانیدا، یادەوەریەکەی زۆر گرنگە کە هەموو ساڵێک تازە دەکرێتەوە، ئەم یادە هەموو تەمەنی منداڵیم دەهێنێتەوە یاد، ژیانی پێشتر خۆشتر بوو، چونکە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، خۆشەویستی و ڕێز زیاتر بوو، ئەم یادکردنەوانەش وا لە خەڵک دەکات زیاتر پێشبکەون لە پیشەسازی و کەلەپوردا".

 

"بە ئیشی مۆم خزمەت بە کولتووری کوردی دەکەین"

کازیوە ئەحمەد، ژنێکی گەنجی خاوەنکارە لە پێشانگاکەدا بە مۆم بەشداری کردووە، دەڵێت: یادی دامەزراندی سلێمانی پیرۆز بێت لە هەموو تاکێکی کورد، من یەکەم جارمە کە بەشداری لە پێشانگادا بکەم بە ئیشی مۆم، مۆمەکان هەمووی ئیشی دەستی خۆمانە و تیایدا گرنگی بە کولتووری کوردی دەدەین و هەوڵ دەدەین بە زیندووی بیهێڵینەوە، بە ئیشی مۆم کاسایەتیە ناودارەکانی سلێمانیمان دروستکردووە وەک مەستورەی ئەردەڵانی، شێرکۆ بێکەس و چەندین کەسایەتی دیکەی ناوداری کورد.

 

"یادکردنەوەی شاری سلێمانی هەلێکی باشە بۆ ژنانی خاوەنکار"

سۆزە محەمەد، دەستڕەنگینە و بە کارە دەستییەکانی بەشداری لە مەراسیمی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا کردووە، پیرۆزبایی خۆی نارد و وتی: یادکردنەوەی دامەزراندنی شاری سلێمانی پێویستە، چونکە نەوەکانی داهاتوومان ئاشنا دەبن بە کولتوور و پیرۆزی ئەم شارە، هیوادارم ئەم یادە هەموو ساڵێک بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئێمەی ژنانی خاوەنکار بتوانین کارەکانی خۆمان نمایش بکەین و کارەکانمان بناسێنین وەک ژنانی کورد.

 

سەرگوڵ حەمەڕەشید، خەڵکی شاری سلێمانییە و لە یادەکەدا بەشداربوو، پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە خەڵکی شاری سلێمانی دەکات و دەڵێت: هیوادارم کە هەموو ساڵێک یادی سلێمانی بکەینەوە، ئەم یادەمان بیر نەچێت و بە شانازیەوە پێشوازی لێبکەین.