فێستیڤاڵی ئین سلێمانی نەورۆز بە مەراسیمی جیاواز بەرز ڕادەگرێت

فێستیڤاڵی ئین سلێمانی بەبۆنەی نزیک بوونەوە لە ڕۆژی نەورۆز فێستیڤاڵێکی بۆ ژنان و هاوڵاتیانی خاوەنکار بۆ خستنەڕووی بەرهەمەکانیان، کردەوە و بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر تا ٢٠ی ئادار بەردەوام دەبێت.

سلێمانی

 

ڕۆژی ١٧ی ئادار، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی فێستیڤاڵی "ئین سلێمانی" بە کردنەوەی پێشەنگای کاری دەستی بۆ ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکاران دەستی بە چالاکییەکانی کرد، فێستیڤاڵەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر ٢ی پاش نیوەڕۆ تا ١٠ی شەو بەردەوام دەبێت و بڕیار وایە تا ٢٠ی مانگ چەندین چالاکی جۆراوجۆر لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.

 

پێشەنگای کاری دەستی و چنین و خواردن و یاریە کوردەواریەکان لە پارکی ئازادی بەڕێوەدەچێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەکات، هاوڵاتیان لە شارەکانی تری کوردستانەوە سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و ژنانی خاوەنکاریش داوا دەکەن ساڵانە لەم جۆرە فێستیڤاڵانە بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.

 

"بە کارەکەم پشتم بە خۆم بەستووە"

کۆدیا هۆشمەند وەکو ژنێکی خاوەنکار بە مۆم بەشداری کردووە و وتی: من لە شاری هەڵەبجەوە هاتووم و بەشداری ئەم فێستیڤاڵەم کردووە بە کاری دەستی ڕایزن و مۆم، ماوەی دوو ساڵە ئەم کارە دەکەم و بەشداری چەند فێستیڤاڵێکی ترم کردووە، من خوێندنم تەواو نەکردووە بۆیە بەم کارەم پشتم بە خۆم بەستووە و داوا لە ژنانی خاوەن بەهرە دەکەم، پشت بە خۆیان ببەستن و ئەگەر بە بەشداری کردنیان لە فێستیڤاڵەکاندا بێت یان بە ئۆنلاین بێت.

 

"دەمەوێت لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە توانای ژنانی کورد بە جیهان بناسێنم"

ڕاز رەزا، بە هونەری شێوەکاری بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە، ئاماژەی بەوەدا، من وەکو ژنێکی گەنج ئەم کارەی دەیکەم دوورە لە خوێندنی خۆمەوە، بەڵام لەبەرئەوەی حەزی منداڵی خۆمە بەردەوام بووم لەسەری، لە کارکردندا باسی ڕەگەز ناکرێت، بەڵکو توانا گرنگە، بۆیە ژنانیش توانایەکی باشیان هەیە لەو بوارەدا، منیش دەمەوێت وەکو ژن ئەو بەهرەیە بە جیهان بناسێنم لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە.

 

بەهار عەلی کە بە کاری دەستی و چنین بەشداری فێستیڤاڵی ئین سلێمانی کردووە، وتی: لە سەرەتادا کارکردنم زۆر قورس بوو بۆم، بەڵام کۆڵمنەدا و پشتم بە توانا و بەهرەی خۆم بەست و ئێستا بووم بە خاوەن براندی خۆم، ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە زۆر بەسوودە بۆ ئەوەی ژنان بەرهەمەکانیان بخەنەڕوو.