١٠ ساڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر ٩ بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک...٤؛ ناوەندی یاسایی

ناوەندی یاسا و دادپەروەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بنەمای یاسای دیموکراتیک دامەزراوە. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیستمی یاسایی خۆیان وەک بەدیلێک بۆ یاسای دەوڵەت-نەتەوە کە لەبری ئەخلاق و سیاسەتە بەکاردەهێنن.

 بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ئەو مۆدێلەی نەتەوەی دیموکراتیک کە پشت بە ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەبەستێت، لە جەوهەرەکەیدا مانای حەقیقەتی مێژوویی و بوون و فەرهەنگی دەگەڕێنێتەوە. بۆیە جێبەجێکردنی پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بە واتای پاراستن و زیندووکردنەوەی حەقیقەتی مێژوویی دێت.

 

مۆدێلی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک که‌ له‌سه‌ر ٩ پره‌نسیپ پێناسه‌ کراوه‌، له‌ سه‌ده‌ی ٢١دا له‌گه‌ڵ شۆڕشی ١٩ی تەمموز‌ی ٢٠١٢ له‌ رۆژئاوای کوردستان، کەوته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌. پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە میزۆپۆتامیا دەژین شۆڕشێکی ئازادی و گۆڕانکاری و چاکسازییان دەستپێکردووە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا لەسەر بنەمای بنەماکانی نەتەوەی دیموکراتیک خۆیان ڕێکخستووە.

 

ناوەندی یاسایی یەکێکە لە لایەنە گرنگەکانی نەتەوەی دیموکراتیک کە لەم قۆناغەدا لە ناوەڕۆکی خۆیدا دەرکەوتووە، لە نەتەوەی دیموکراتیکدا یاسا وەک دیاردەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دەناسرێت کە بەرهەمی گەلە.

 

لە واقیعی کۆمەڵگەی سروشتیدا ئەو کێشە و ململانێیانەی کە سەرهەڵدەدەن بە ئەخلاق و سیاسەت چارەسەر دەکرێن، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، سیستمی دەوڵەت-نەتەوە هەوڵدەدات لەڕێگەی یاساوە کێشەکان چارەسەر بکات و بۆ سیستمەکەی پاساو بهێنێتەوە. هۆشیاری سەرمایەداری دەیەوێت لە رێگەی چەمکی یاسا کە لە ناوەڕۆکەکەیەوە سەریهەڵداوە، واقیعی کۆمەڵگە، حەقیقەت و دەنگی مێژوو، گەردوون و سروشت بشێوێنێت و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات. سیستمی سەرمایەداری لە جیاتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە پێوەرەکانی ئەخلاقی و سیاسی، یاساکان بەکاردەهێنێت و ئینکاری واقیعی کۆمەڵایەتی دەکات.

 

بەدرێژایی مێژوو نکۆڵی لە بوون و حەقیقەتی کورد و کوردستان کراوە. لەناو سیستمەکانی تورکیا و ئێران و سوریادا یاسایەکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد نەبووە. بۆیە بە پێشەنگایەتی گەلی کورد، ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەتایبەتی لە ناوەندی یاسادا، سیستمێکی یەکسان و دادپەروەری و پشتبەستوو بە کۆمەڵگە و سیاسەت و ئەخلاق لە ژێر چەتری نەتەوەی دیموکراتیکدا کاردەکەن و هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی یاسایی ماف و پێگەی پێکهاتەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی ئیدارەیەکی ناوچەیی و خۆجێی لە چوارچێوەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکدا دابمەزرێت.

 

لە ڕابردوودا ناوەندی یاسایی چۆن بوو و لەگەڵ سەرەتای شۆڕشدا بە چ قۆناغێکدا تێپەڕی؟

نەسرا خەلیل، ئەندامی ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەرێمی فورات، سەبارەت بە گرنگی و واتای ناوەندی یاسایی لەناو سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەریدا، وتی: من پارێزەرم و ئەندامی ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیم. من دەتوانم زۆرترین لایەنی یاسایی ئەم سیستمە بەرز بنرخێنم، سیستمی داد لە هەرێمەکەمان زۆر قورس بوو. دادگا و دادوەرێک هەبوون کە زۆر لاواز بوون. هەموو کەیسەکان لە یەک ڕوانگەوە سەیردەکران و بە شێوەیەکی یاسایی توند چارەسەر دەکران، دوای شۆڕشی ١٩ی تەمووز، بەدیلێكمان بۆ دادگای ڕژێمی سوریا دروستكرد كە پشت بە نەتەوەی دیموكراتیک دەبەستێت، ئەویش یاسای دیموكراتیکە، لەسەرەتاوە لیژنەی ئاشتەوایمان دامەزراند، لەو سەردەمەدا هێشتا سیستمی یاسایی و دادپەروەری هەرێم بە باشی پێناسە نەکرابوو.

 

نەسرا باس لەوەدەکات کە ساڵی ٢٠١٥ دادگایەکی بچووکی داد دامەزرا، پاشان ڕێسای ئەنجوومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دیاریکرا و خەباتکارانی لە ئەکادیمیاکانی نەتەوەی دیموکراتیکدا ڕاهێنانیان پێکرا و بە شێوەیەکی پیشەیی دەستیان بە کارەکانیان کرد، "بەم هەنگاوە لە ساڵی ٢٠١٧دا بناغەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دانرا، ساڵ لە دوای ساڵ سیستمەکە ڕوونتر دەبووەوە".

 

لە چ ئاستێکدا گرنگی و مانای ناوەندی یاسایی لە نەتەوەیەکی دیموکراتیکدا هەیە؟

نەسرا خەلیل لەو بارەیەوە وەها وەڵامی دایەوە: وەک ئەنجوومەنی داد تا دەتوانین کێشە و ناکۆکییەکان بە ئاشتەوایی چارەسەر دەکەین. ڕاپۆرتی کارەکانمان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٢ دەریدەخات کە کارێکی یاسایی باش ئەنجامدراوە. ئێمە ناوەندی یاساییمان وەک پێویست لە نەتەوەیەکی دیموکراتیکدا جێبەجێ نەکردووە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوێکی ئەرێنی نراوە، بۆیە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا سیستمێکی یاسایی دروست لە کۆمەڵگەکەماندا بنیات دەنێین. ئێمە وەک دامەزراوەی دادپەروەری و کۆمەڵگە هاوکاری یەکتر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بە یەکسانی و دادپەروەری و بەپێی مافەکان، هەموو کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەین، یاسا بەقەد پەروەردە گرنگە. کۆمەڵگەیەک کە یاسای دیموکراتیک و سیاسی تیایدا هەبێت، کۆمەڵگەیەکی ڕاستەقینە و سەرکەوتوو دەبێت، ئەگەر یاسایەکی ڕاست و دیموکراتیک جێبەجێ بکەین، دەتوانین بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بگەین و کۆمەڵگەیەکی ئازاد بنیات بنێین.

 

سیستمی دادپەروەری و یاسا چییە، جیاوازی یاسای دیموکراتیک لە نەتەوەی دیموکراتیک و دەوڵەت-نەتەوە چییە؟

نەسرا لە وەڵامی جیاوازی یاسای دیموکراتیک لە نەتەوەی دیموکراتیک و دەوڵەت-نەتەوەدا وتی: لە سەرەتادا لیژنەیەکی ئاشتی دامەزرا، ماڵی ژنانیش بە لیژنەی ئاشتەوایی ناسراوە، هەروەها دیوانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش هەیە کە کۆمیتەی لێکۆڵینەوە و دیوانی دادپەروەری و تانەدان و جێبەجێکردنی هەیە. ئەم دامەزراوانە کە باسمان کرد هەموویان لەژێر سەرپەرشتی ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی کاردەکەن. ئەنجومەنی داد ڕێگا و ئامرازی دروستی دادپەروەری بۆ ئەو دامەزراوانە دابین دەکات. کەیسەکانی خێزان و کۆمەڵگە و ژنان ناتوانن بچنە ئەنجومەن تا نەچنە لیژنەی ئاشتی و ماڵی ژنان و دیوانی دادپەروەری. ئەم دامەزراوانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکان دەکەن و ڕێکاری سازانیان هەیە. بێگومان هه‌موو ئه‌و دۆسیانه‌ی ده‌چنه‌ دیوانی دادپەروەری به ‌ڕووی لیژنه‌كانی ئاشتی و ماڵی ژنانیشدا كراوه‌ن.

 

نەسرا ئەوەشی خستەڕوو کە، جیاوازی یاسای دیموکراتیک ئەوەیە لە بری دادگا و تاکە دادوەرێک کە لە ڕوانگەیەکەوە سەیری کەیسەکان بکات و بڕیار بدات، دیوانی دادپەوەری و لیژنەکانی هەیە، "بڕیارەکان بە کۆی دەنگ لەلایەن ئەندامانی دیوانەوە دەدرێن، بۆیە کاتێک بڕیارەکە لەلایەن یەک دادوەرەوە دەدرێت، ئەو بڕیارە قبوڵ ناکرێت و لیژنەکە دووبارە کۆدەبێتەوە. ئەم دۆخە چەندین جار بەسەرماندا هاتووە و بڕیارەکەمان هەڵوەشاندەوە".