هەواڵە ئاشکراکان؛ مانگی نیسان ٧ ژن گیانیان لەدەستداوە

تا دێت حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیاد دەکات، لەگەڵ ئەوەی مانگی نیسان مانگی ڕەمەزان بوو، بەڵام ڕێگری نەکرد لە کوشتنی ژنان و ژمارەیەک ژن بە بێ تاوان و بە هۆکاری ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کوژران.

ناوەندی هەواڵ

 

هەموو مانگێک کۆمەڵێک ژن لە ژێر ناوی شەرەف و بە بیانووی کێشەی کۆمەڵایەتی دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، ئامارەکان تا دێت لە هەڵکشاندایە و لەگەڵ بوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دژی خێزان و ژنان، بەڵام کوشتن و ناچار بە خۆکوشتن زیادی کردووە و ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بکوژ جێبەجێ ناکرێت، هۆکاری کوشتنەکان ئەو ئەقڵیەتە دژە ژنەیە کە چەندین ساڵە ڕەگی لەناو کۆمەڵگەدا داکوتیوە.

 

لەلایەکی دیکەوە کپکردنی کوشتنی ژنان و بڵاونەکردنەوەیان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی ژنان، هۆکارێکی دیکەیە بۆ زیادبوونی ئەم حاڵەتانە و هۆشیار نەبوونی کۆمەڵگە پێیان، بەڵام ڕاستی ژێر بێدەنگی لە کوشتنی ژنان، ئەوەیە کە باشووری کوردستان نائارامە و دۆخی ژن تیایدا تا دێت خراپتر دەبێت.

 

ئاماری کوشتنی ژنان لە مانگی نیساندا بەم شێوەیەیە؛

کەرکوک

بەیانی ٨ی نیسان، لە گەڕەکی عەدەنی شاری کەرکوک، تەرمی ژنێک لەناو ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، ژنەکە بەتەنها ژیاوە و تەمەنی ٥٨ ساڵە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و پێدەچێت خنکێندرابێت. 

 

حاجیاوا

بەرواری ١٠ی نیسان، لە حاجیاوا لە دەڤەری ڕاپەڕین، ژنێک لە ڕووداوێکی گوماناویدا بە هۆکارێکی نادیار کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا، ئەو ژنە دەرچووی زانکۆی کۆیەیە، هاوسەرگیری کردووە و دەسگیراندار بووە، لە پاش خۆکوشتنی نامەیەکی جێهێشتووە تێیدا ئەوە دەردەکەوێت کە، ئەو ژنە گەنجە لەژێر فشارێکی دەروونی زۆردا بووە، داوای لێبوردنی لە دایک و باوکی کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریەکی ڕوون و فەرمی لە بارەی ڕووداوەکە و هۆکارەکەیەوە نییە.

 

ڕەواندوز و چۆمان

پاشنیوەڕۆى ١٧ی نیسان، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بەناوی "شلێر فەتحوڵا"، لە نزیک پردی حافیز لە نێوان شارۆچکەی ڕواندوز و چۆمان، کەوتە ناو ڕووبار و خنکا، شلێر فەتحوڵا دایکى دوو منداڵە و ماڵیان لە نزیک ڕووبارەکە دایە، وەک کەسوکارەکەی دەڵێن، بەهۆی خلیسکانەوە کەوتبووە ناو ڕووبارەکە. 

 

ڕانیە

ڕۆژی ١٨ی نیسان، ژنێکی گەنج بە ناوی "لارا عەلی ڕەزا" دانیشتووی ڕانیە بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و وترا بەهۆی بەركەوتنی فیشەكەوە بووە.

 

کەرکوک

١٩ی نیسان، ژنێکی بە تەمەن و هاوژینەکەی لە گەڕەکی ئەسرا و مەفقودینی کەرکوک کە بە تەنیا ژیاون، بەهۆی لێچوونی گازەوە لە خەودا گیانیان لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکان ژن و پیاوەکە کوردن و ژنەکە تەمەنی ٧١ ساڵە.

 

ئاکرێ

٢٠ی نیسان، لە گوندی بەدریكێ-ی سەر بە شارەدێی گردەسێنی سنووری شارۆچکەی ئاكرێ، ژنێکی گەنج بە ناوی "ڤ، ش" بە گوماناویی گیانی لەدەستدا و کەسوکارەکەی وتیان: "خۆی سوتاندووە"، بەڵام تا ئێستا هۆكاری ڕووداوەكە ئاشكرا نەبووە و  لێکۆڵینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستی پێكردووە. 

 

سۆران

٢٦ی نیسان، ژنێکی گەنج بە ناوی "هۆزان مستەفا سەعید" دانیشتووی گوندی لێلکان لە سنووری قەزای سیدەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە گوماناوی گیانی لەدەستدا و بەپێی وتەی کەسوکارەکەی بۆ پۆلیس، لە کاتی ئامادەکردنی خواردنی ئێوارە غازی پێدا تەقیوەتەوە و بەشێکی زۆری جەستەی سووتاوە، بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەی، ٢٦ی نیسان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

ڕاپەڕین

لە هەمان ڕۆژدا و لە بەرواری ٢٦ی نیساندا ژنێکی گەنجی تەمەن ١٨ ساڵ لە قەڵادزێی سنوری ئیدارەی ڕاپەرین بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستداوە.