١٠ ساڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر ٩ بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک...٥؛ کولتوور

کولتوور یەکێکە لەو بنەما بنەڕەتیانەی کە نەتەوەی دیموکراتیک خۆی لەسەر بنیاد دەنێت، لە رێگەی کولتوورە شوناسی مرۆڤەکان دیاری دەکرێت، ئەم بنەمایە بۆ پاراستنی بەها و شوناس و ئایدیاکانی کۆمەڵگە هەڵبژێردراوە و خۆی لەسەری بنیاد دەنێت.

 

کولتوور یەکێکە لەو بنەما بنەڕەتیانەی کە نەتەوەی دیموکراتیک خۆی لەسەر بنیاد دەنێت، لە رێگەی کولتوورە شوناسی مرۆڤەکان دیاری دەکرێت، ئەم بنەمایە بۆ پاراستنی بەها و شوناس و ئایدیاکانی کۆمەڵگە هەڵبژێردراوە و خۆی لەسەری بنیاد دەنێت.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- کولتوور لە کۆمەڵگەی سروشتیدا سەریهەڵدا، لەو کاتەدا پێداویستی مرۆڤەکان بەو شتەی کە هەیانبوو دابین دەکرا، ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەم پێیدەگوترا کولتوور. کولتوور کاری مرۆڤایەتییە کە هەزاران ساڵە دروستبووە. هزر، بیرۆکە، جلوبەرگ، کشتوکاڵ، هەست، بیر، بیروباوەڕ، زمان، بەخشین و وەرگرتن کولتوورن و لەسەر دوو بەش دامەزراون، یەکێکیان پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە و ئەوی دیکەیان پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و سروشتە. ئەوانەی کولتووریان دروستکردووە ژنن، ژنان لە کۆمەڵگەی سروشتیدا گەشەیان بە کشتوکاڵ داوە، کۆمەڵایەتیبوونیان بنیاد ناوە، لەو کاتەدا هەمووان بۆ یەک کار کاریان دەکرد و هەموو شتێکیان بۆ هەمووان دەکرد. ئەگەر باس لە دیموکراسی بکەین، لە کۆمەڵگەی سروشتیدا دەیبینین، چونکە یەکسانی و کۆمەڵایەتیبوون و خۆشەویستی و هاوکاری یەکتر بە واتای دیموکراسی دێت، بۆیە کۆمەڵگەی سروشتی دروستترین کۆمەڵگەیە، دوور لە سیستم و بەرژەوەندییە تاکڕەوەکان کە هەموو کەسێک دەتوانێت بۆ خۆی بیکات .

 

لە بنیادنانی سەردەمی سۆمەریدا چینەکان دروستبوون، کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوەی پێ گەشەیان کرد و هەموو بەهاکانی کۆمەڵگە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانیان بەکاردەهێنران. لە هەموو جیهاندا گەلێک نەتەوە دەژین، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، مافی خەڵک سەندرایەوە و تەنیا یەک سیستم و زمان و فەرهەنگ قبوڵکرا، فشاریش خرایە سەر گەلانی دیکە کە هیچ کولتوور و زمان و مێژوویەکیان نەبێت، لەوکاتەشەوە خەباتی ژنان بە ئامانجی پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگە و پاراستنی زمان و ناسنامە بەردەوامە، هەوڵەکان دەدرێن بۆ زیندووکردنەوەی کولتوور لە ژێر هەموو جۆرە توندوتیژییەکدا.

 

"کولتوور بەرهەمی ملیۆنان ساڵەی ڕەنجی ژنە"

عەفاف حەسەکێ، بەرپرسی کۆمیتەی کولتوور کانتۆنی حەسەکە، ئاماژەی بەوەدا هەموو نەتەوەیەک بەها و زمان و کولتووری تایبەتی خۆی هەیە و وەها پێناسەی کرد، ""کولتوور بۆ ملیۆنان ساڵ کاری مرۆڤایەتییە، ئەگەر لە کۆمەڵگەی سروشتییەوە دەستپێبکەین، ئەوا کولتوور بە پێشەنگایەتی ژنان دروستبووە، بۆیە دەبینین خاوەنی ئەو کولتوورە ژنن و ئەو کەسانەی لەو کاتەوە تا ئێستا بە زیندوویی دەیهێڵنەوە ژنن، چونکە دەرئەنجامی ماندووبوونی ئەو ملیۆنەها ساڵە. مرۆڤ ناتوانێت پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ کولتوور بکات، بەڵام دەتوانێت بڵێت کولتوور هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتییە، واتە ماددی و ڕۆحییە، ئەم بەهایانە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوە پێیان دەوترێت کولتوور

 

"شەڕێکی تایبەت لە دژی کولتووری کۆمەڵگە بەڕێوەدەچێت"

عەفاف حەسەکێ ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمە دەسەڵاتدارەکان شەڕی تایبەت دژی بەهاکانی کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن تا بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و وتی: دوای دروستبوونی چینەکانی کۆمەڵگە لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا کە لەلایەن خوداکانەوە بەڕێوەدەبران، بە تێپەڕبوونی کات سیستمی دەوڵەت-نەتەوە دامەزرا کە تەنیا یەک ئاڵا و زمان و فەرهەنگ قبوڵ دەکات و یەک نەتەوە بەسەر گەلانی دیکەدا دەسەپێنێت. بەو سیستمە و بەكارهێنانی شەڕی تایبەت بۆ سەر كۆمەڵگە، كولتووری زۆرێك لە گەلان لەناوبراوە، ئەمەش سەرلێشێواوی و نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێش دەبات.

 

عەفاف حەسەکێ سەرنجی بۆ بەکۆیلەکردنی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژن ڕاکێشا و وتی: لەبەرئەوەی ژنان بنەمای بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ڕاستگۆ و ئەخلاقین، ژنیش خاوەنی کاری ملیۆنان ساڵەن بۆ سەرهەڵدان و پەرەپێدانی کولتوور، هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەمڕۆدا لە ڕێگەی نەریت و ئایینەوە ئەنجام دەدرێن، سیستمەکانی دەوڵەت کۆمەڵگەیان لە کەسایەتی ژندا کردە کۆیلە و بە رێگەی شەڕی تایبەت کۆمەڵایەتیبوون و دەستکەوتەکانی ژنیان لەناوبرد، بە هەموو شێوازێك شوناسی خەڵكیان كردە ئامانج، بەڵام ئێستا و لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاوا چیتر گەلان ئەم سیستمەیان قبوڵ نییە و بە پێشەنگایەتی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا داوای خاوەندارێتیان لە شوناسەکەیان دەکرد.

 

"هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بوونی گوڵی ڕەنگاوڕەنگ دەپارێزێت"

عەفاف حەسەکێ ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ خاوەندارێتی ناسنامەی هەر نەتەوەیەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، "لەم کاتە هەستیارەدا کە هەموو دەوڵەتەکان لە دژی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک یەکدەگرن و لەگەڵ تورکی داگیرکەر هاوکاری دەکەن، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌یه‌كی له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێكهێنا بۆ نووسینی ڕه‌شنووسی هاوپەیمانی كۆمه‌ڵایه‌تی، تا ده‌ستكه‌وته‌كانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و بوونی هه‌ر كیانێك بپارێزرێت، لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا ئامادەکاری بۆ هەر نەتەوەیەک دەکرێت کە بە فەرمی زمان و کولتووری خۆی لە قوتابخانە خۆبەڕێوەبەرەکاندا فێری ئەرمەنی و سوریانی و ئێزدی و عەرەب و کورد بکات. ئەم هەنگاوە بە پیرۆز دادەنرێت، ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ هەر دەوڵەتێک، بەتایبەتی ئەوانەی بانگەوازی دیموکراسی دەکەن، تا بزانن دیموکراسی چییە و چ جۆرێکە. کاتێک دەچینە ئاهەنگێک، ئەگەر فێستیڤاڵی ئەکیتۆ بێت یان نەورۆز، دەبینین هەموو نەتەوەیەک بە جلوبەرگ و کولتووری خۆیەوە بەشداری ئاهەنگەکە دەکات و دەڵێت من لەگەڵ کولتووری خۆمم، ئەمە بۆ خۆی سەرکەوتنە و یەکێکە لە دەستکەوتە پیرۆزەکان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا. هەر بۆیە پێویستمان بە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتە بەنرخانەمان هەبێت.