لە فێمێنیزمەوە بۆ ژنۆلۆژی؛ تێکۆشانی ژنان...٢

"ژنۆلۆژی ئومێد و ڕێگەچارەسەرێکە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری و پەرتبوونی بزوتنەوەکان"

لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی فێمێنیزم لە مێژووی چەندین ساڵەیدا لە تێکۆشاندایە بۆ بەدەستخستنی مافەکانی ژنان و بە ڕوو وەستاندنەوەی سیستم، بەڵام نەیتوانیوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆزی ژن بدۆزێتەوە، لە بەرامبەردا ژنۆلۆژی بە لێوردبوونەوە لە کولتووری خوداوەندی و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤەکان هەوڵی چارەسەرکردنی داوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کۆمەڵگەبوون هەمیشە لە گۆڕانکاری و وەرچەرخاندا بووە، بەڵام هەندێ گۆڕانکاری هەیە پێیان دەڵێین شۆڕش، بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە چەندین شۆڕشی وەک "زمان، کشتوکاڵ و گوند، شۆڕشی سەردەمی بەردینی نوێ- شۆڕشی نیۆلیتیک" هەڵگیرساوە. ژن ڕۆڵی پێشەنگی بینیوە لە شۆڕشی نیۆلیتیکدا، عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەڵێت "ئەمە شۆڕشی یەکەمینی ژنە، چونکە ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەر سروشتی ژن بنیادنراوە، ڕۆڵی ژن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی و  پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکلاکەرەوەیە"، هەرچەندە لە زۆر سەردەمی مێژووییدا گۆڕانکاری لە دژی کۆمەڵگە ڕوویداوە، پێیان دەوترێت دژە-شۆڕش، وەک پەرەسەندنی سیستەمی باوکسالاری لە ساڵانی ٣٥٠٠ پ.ز،  سیستمەکانی دەسەڵاتداری دەوڵەت، چینەکان، کۆیلایەتی و داگیرکاری لە دوای ئەو سیستمەوە هاتنە ئاراوە.

 

لە سەدەی ڕابردوودا وەک بزووتنەوەی ژنانی کوردستان ماوەیەکی درێژە باس لە شۆڕشی دووەمینی ژن دەکەن، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان وەک شۆڕشی ژن پێناسە دەکەن، بەڵام کاتێک دەڵێین شۆڕشی ژن وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت "سیستەم لەمێژە هەلی سەرلەنوێ ڕاسبوونەوەی بە چاکسازی لەدەستداوە، ئەوەی پێویستە 'شۆڕشی ژنە' لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەنجام دەدرێت، هەروەک چۆن کۆیلایەتی ژن قووڵترین کۆیلایەتییە، دەبێت شۆڕشی ژن ببێتە قووڵترین شۆڕشی یەکسانی و ئازادی، پێویستە شۆڕشی ژن لە ڕووی تیۆری و پراکتیک-جێبەجێکردندا هەنگاوی ڕیشەیی بنێت".

 

زانستی ژن-ژنۆلۆژی کە بەرهەمی تێکۆشانی ژنە، بەرپرسیارێتیەکی گەورەی هەیە بۆ بەهێزکردن و مسۆگەرکردنی شۆڕشی ژن، چونکە هەموو شۆڕشێک پشت بە زانستە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستێت، ژنۆلۆژیش زانستی شۆڕشی ژنە، ئەو کارانەی ژنۆلۆژی بەڕێوەی دەبات، بناغەیەکی زانستی بۆ شۆڕشی ژن فەراهەم دەکات، هەر بۆ ئەوەش ژنۆلۆژی بابەتەکانی لێکۆڵینەوە بەپێی پێویستییەکانی شۆڕشی ژن دیاری دەکات.

 

"ژنۆلۆژی هەوڵ دەدات دابڕانی کۆمەڵگە لە هزرە فێمێنستییەکان پڕکاتەوە"

نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی باسی لە ژنۆلۆژی کرد، کە بووەتە جێگرەوەی فێمینیزم و زانستێکە، ئاماژەی بەوەشدا، لە جیاوازی نێوان ژنۆلۆژی و فێمێنیزمدا دەبێت ڕاستییەک بوترێت کە فێمێنیزم هزرێکە لە ماوەی ٢٥٠ ساڵەی ڕابردوودا گەشەی کردووە، ژنۆلۆژیش زانستە، لە ماوەی ئەو ٥٠ ساڵەی گەشەی کردووە بە شێوازێکی زانستیانە بەرەوپێش چووە، بزوتنەوەیەکی ئازادی ژنی تیۆری و پراکتیکییە کە مێژووی چەند هەزار ساڵەی ژن لەبەرچاو دەگرێت، هەروەها ڕایەڵەیەکی ڕۆشنبیری ژنانە لە ئاستی لۆکاڵی و گەردونیدا.

 

وتیشی: ژنۆلۆژی هەوڵدەدات بە ڕەخنەگرتن لە بزوتنەوەکانی فێمێنیست دابڕانی کۆمەڵگە پڕبکاتەوە، ئەو دابڕانەی کە هەنگاو بە هەنگاوی بزوتنەوە فێمێنیستییەکان کۆمەڵگەیان لێ دابڕا، هەروەها پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کە لە نێوان هزری ئایدۆلۆژی و بزوتنەوە شۆڕش گێڕییەکاندا هەیە، بزوتنەوە زۆرن بۆ وەستاندنەوە بە ڕووی کۆمەڵگەدا و بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی، بەڵام ئەگەر بزوتنەوەیەک نەبێت لەسەر بنەمای ناسینی کۆمەڵگە دەبێتە بزوتنەوەیەکی مارجیناڵ، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە زانست پێویستە، زانستی ژنۆلۆژیش تاکە زانستە بتوانێت بۆشاییەکان پڕکاتەوە.

 

"ژنۆلۆژی بە تەنها ڕەخنە ناگرێت بەڵکو ئەڵتەرناتیڤەکان دەخاتە ڕوو"

ژنۆلۆژی لە ماوەی ئەو ٥٠ ساڵەی گەشەکردنی توانیویەتی گۆڕانکاری بەرچاو دروست بکات، وەک گۆڕانکاری لە وەرچەرخانی پیاودا، لە کەسایەتی ژن و خوێندنەوەیەکی کۆمەڵناسییانە بۆ کۆمەڵگە، کاری لەسەر خۆبوونی ژن خۆی کردووە، چونکە تا ژن خۆی پێکنەهێنێت ناتوانێت کاریگەری لەسەر پیاو بکات، کۆمەڵگە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هەیە لە ڕووی ئەتمۆلۆجییەوە، زاراوەناسییەوە، هەبوون ناسی و چەندینی تر، تا بگەنە ئەو ئاستەی خۆبوونی ژن پەرەبستێنێت.

 

نەجیبە قەرەداغی باسی لەوەکرد، کاتێک کۆمەڵگە دەبینێت ژن خودی خۆی دۆزیوەتەوە و کاری لەسەر خۆبوون کردووە، ناچار دەبێت خۆی بگۆڕێت، خۆبوون و دۆزینەوەی تەنها بە ڕەخنەگرتن لە پیاو و زهنیەتی باڵادەستی نابێت، بەڵکو دەبێت ڕێگەچارەسەری پەرەپێبدەیت، وتیشی: پێویستمان بە زهنیەتێک هەیە پیاویش بخاتە سەر ڕێگەی خودناسی، چونکە کێشەکە لە زهنیەتی پیاوسالاری و نەریتیانەی ژن هەیە، بۆیە کاتێک لە ڕێگای پەروەردەوە هەوڵ درا ژن خۆی بناسێت و ڕاوەستان لەسەر خودناسی پیاو کرا بە جۆرێک بگاتە ئەو بڕوایەی کە بنیادی ڕاستی پیاو ئەو شکڵەی ئێستا نییە، کۆمەڵگەش گۆڕانکاری بەسەردادێت.

 

" پێویستی بە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە کە ژن پێشەنگایەتی بکات"

نەجیبە قەرەداغی باسی لەوەکرد، کاتێک ئامانجەکانی ژنۆلۆژی دەستنیشان دەکەن بەردەوام ئاماژە بە سێ خاڵی سەرەکی دەکەن بۆ گۆڕانکاری زهنی لە ڕێی ژنۆلۆژییەوە، یەکەم پێویست بە نوسینەوەی مێژوو هەیە بە سود وەرگرتن لەو دەستەواژەیەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت "مێژووی کۆیلایەتی ژن نەنووسراوە، مێژووی ئازادی چاوەڕێی نووسینەوەیە"،  دووەم، زەمینەسازی بۆ بەرپابوونی شۆڕشی دووەمی ژن، گوند و کشتوکاڵ کە بە تەنهاش شۆڕشیکی ژنانە نییە، بەڵکو ژینگەیی-ئیکۆلۆجییە بۆ ئەوەی پیاو و ژن پێکەوە بەشداری ئەو شۆڕشە ببن، سێیەم پێویستی بە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی نوێ هەیە کە ژن پێشەنگایەتی بکات، ئەم هاوپەیمانییە ڕێگەچارەسەری ئەو سیستمەیە کە لەسەر بنەمای ئەقڵیەتی نەتەوەپەرستی بنیادنراوە.

 

جەختیشی کردەوە، "ئێمە پێویستمان بەم هاوپەیمانییەتییە هەیە کە پەیوەندی مرۆڤ و ژینگە، ژن و پیاو، تاک و کۆمەڵگە دابڕێژێتەوە بە شێوەیەکی هاوسەنگی بە بەشداریکردنی پیاو".

 

"سیستمی سەرمایەداری بووەتە هۆکار بۆ پارچەکردنی بزوتنەوە ئازادیخوازەکان"

کارکردن بە بەردەوامی لەسەر ژن، کۆمەڵگە پارچە دەکات، بنەماکانی کۆمەڵگە بریتییە لە هاوسەنگی و پێکەوەبوون وە ئەگەر ئەم پێکەوەبوونە لەسەر بنەمایەکی ئازادانە و تێکۆشانێکی پێکەوەیی نەبێت هیچ گۆڕانکارییەک دروست ناکات، بە پێچەوانەوە پارچەبوونی زیاتر دروستدەکات، نەجیبە قەرەداغی وتی: "ناڵێین فێمێنیزم لەسەر ئەوە کاری نەکردووە، بەڵام ئەو کارانەی کردویانە نەبووەتە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سەرتاسەر کە هێرشەکانی سیستەم بەربەست بکات، سیستمی سەرمایەداری سەرکەوتوو بووە لە پارچەکردنی بزوتنەوە ئازادیخوازەکاندا بە جۆرێک ئێستا فێمێنیزم و بزوتنەوەکانی دیکەی وەک LGBT بەیەکدا دەدەن، هەر بزوتنەوەیەکیش بکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییەوە بە ئەستەم لێی دەردەچێت، لە ساڵی ٢٠١٧دا ژنۆلۆژی کۆنفرانسێکی ئەنجامدا کە چۆن بزوتنەوەکان و لە نێویاندا فێمێنیزم بە سود وەرگرتن لە ژنۆلۆژی بتوانن یەکتری تەواو بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خاڵە لاواز و بەهێزەکانی خۆیان دەستنیشان بکەن و بتوانن ڕەخنە و ڕەخنەداینی خۆیان بکەن، چونکە ئامانجی ژنۆلۆژی سود وەرگرتنە لە ئەزموونی یەکتر و تێگەیشتنە لە یەکتر بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەری.

 

"ژنۆلۆژی ئومێد و ڕێگەچارەسەرێکە بەرامبەر سیستمی سەرمایەداری و پەرتبوونی بزوتنەوەکان"

ئەگەر تا ئێستا قەیرانەکان و ئەو توندوتیژیانەی بەو شێوەیەی کە هەن بەردەوامە، تا دێت کێشمەکێشم لە نێوان سیستمدا زیاد دەکات و شەڕ بەردەوامە و لە گەشەکردندایە و هەژاری و داگیرکاری، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ژیان و وزە بەردەوامە، ئەوە دەگەیەنێت کە بزوتنەوە ئەڵتەرناتیڤەکان لە نێویاندا فێمێنیستەکان بە باشی ئامادە نین و کاریان نەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستم، یەکێک لەو نمونانەی کە نەجیبە قەرەداغی خستییە ڕوو، سەردەمی کۆرۆنا بوو کە تیایدا سیستم بە باشی بەکارهات بۆ تێکشکاندنی بزوتنەوە فێمێنستییەکان چونکە سیستم بەردەوام دەیوت بڕۆنە ماڵەوە، لەلایەکی دیکەشەوە جێگرەوەیەکی نەبوو بۆ ڕانەوەستانی هزری بزوتنەوەکان، بۆیە پێویستە خێزان ئاڵوگۆڕی بەسەردابێت و دەستکاری بکرێت نەک دەستکاری کردنێک بۆ لێکترازانی خێزان، بەڵکو بۆ لێکتێگەیشت و گفتوگۆ دەستکاری بکرێت.

 

لە کۆتایدا نەجیبە قەرەداغی خستیەڕوو، بە شێوەیەکی گشتی بزوتنەوە جیاوازەکانی فێمێنیزم لە جیهاندا لە خۆنوێکردنەوە و ڕەخنەداندان و پێویستیان بە سەرلەنوێ خۆڕێکخستنەوە هەیە، بۆئەوەی نەبنەوە بە یەدەگی سیستم، کامپەکانی ژنۆلۆژی بوونەتە ڕووبەرێک بۆ تێگەیشتنێکی هاوبەش و دروستکردنی ڕێگە چارەسەری، چەندین ژن هەن لەوپەڕی نا ئومێدیدا بوون، بەڵام بە ئاشنا بوون بە ڕێبازەکانی ژنۆلۆژی ئومێد بە ژیانی بەخشراوەتەوە و سەرلەنوێ هەوڵی بونیادنانەوەی خودی داوە، ژن بە ڕێکخستن بێت جیهان دەگۆڕێت، بۆیەش دەوترێت هزری بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد و ژنۆلۆژی مۆمێکە لە شەوەزەنگی تاریکی ئێمەدا ڕووناکی پێبەخشین.