ئەزموونی ١٠ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوا تا کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک ژنانی جیهان

شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ بە کشانەوەی هێزەکانی دەوڵەتی سوریا لە شاری کۆبانێ بە فەرمی ڕاگەیەندرا، لاپەڕەی نوێی لە مێژووی شۆڕشەکانی جیهاندا نووسیوە و تا ئێستاش خەریکی نووسینەوەیە.

شەرڤین نودەم

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا کە لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٢ بە کشانەوەی هێزەکانی دەوڵەتی سوریا لە شاری کۆبانێ بە فەرمی ڕاگەیەندرا، لاپەڕەی نوێی لە مێژووی شۆڕشەکانی جیهاندا نووسیوە و تا ئێستاش خەریکی نووسینەوەیە. هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە لە هەندێک ساتەوەختی مێژووییدا سەرهەڵدەدەن. بەڵام بەبێ بەرنامە، ئامانج، دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو لەسەر بنەمای دیدێکی هاوبەشی ئایدیۆلۆژی و سیاسی، ناتوانرێت تەمەنی شۆڕشەکان درێژ بکرێتەوە. لە ڕاستیدا دەتوانین وشەی 'شۆڕش' بە 'شۆردنی شتە ڕەش و تاریک و خراپەکان' لێکبدەینەوە. بەم واتایە یەکەم ئەرکی شۆڕش ڕاوەستانە لە بەرامبەر ڕووڕەشی دەسەڵاتداران، واتە پاککردنەوەی ژیان لە دڕندەیی و کۆیلایەتی. به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی راسته‌قینه‌ی شۆڕشه‌کان په‌یوه‌سته‌ به‌ خوڵقاندنی سیسته‌مێکی نوێی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی کۆمەڵگە که‌ هه‌موو مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ که‌لتوور و شوناسی خۆیاندا به‌ رێز و ئازادیه‌وه‌ تیایدا بژین. تا ئێستا زۆربەی بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان لە ناوەڕاستی ڕێگادا شکستیان هێنا، چونکە کۆمەڵگە و تاک لە سیستمی نوێدا ئازادی خۆیان بەرجەستە نەدەکرد، بە تایبەتی ژنان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەجێهێڵدران و دەسەڵاتی پیاوان لە پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکاندا نەخرایە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ئەم ڕاپەڕینە گشتیانە نەگۆڕان بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کە بتوانێت خەونەکانی ژیانێکی ئازاد و یەکسان بەدیبهێنێت. لە درێژەی ئەودا، دوای لەناوچوونی یەکێتی سۆڤیەت، هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک لە دەوڵەتە سۆسیالیستەکان و بزووتنەوە رزگاریخوازە نەتەوەییەکان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە خۆشحاڵییەوە سەرکەوتنیان لە 'کۆتایی سەردەمی شۆڕشەکان'یان راگەیاند.

 

بەڵام لە سەرەتای سەدەی ٢١دا شۆڕشی ڕۆژئاوا حسابی ستەمکارانی بەتاڵ کردەوە و پریشکی شۆڕشی هەڵگیرساندەوە. به هۆی ئەوەی لە ماوەی ١٠ ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوادا هێرشه سەربازی و سیاسی و ئابوری و ئایدیۆلۆژییەكان له دژی شۆڕش هیچكات کەمنەبووەتەوە، هەوڵەکان بۆ بنیادنانی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەری گەلان و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادی ژنان وردە وردە پێشکەوتووە. بەم شێوەیە شۆڕشی ڕۆژئاوا هیوای بەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد لەناو ژنان و گەلانی کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دووبارە بڵاوبووەوە.

 

بنەماکانی شۆڕش

چی ڕێگەیدا شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک ڕاپەڕینەکانی دیکە لە بەهاری گەلان لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١دا و لە وڵاتی تونسەوە بۆ زۆرێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکست نەهێنێت؟

 

بەپێچەوانەی شۆڕشەکانی بەهاری گەلان، ڕۆح و ئایدیا و ڕێكخستنی شۆڕشی رۆژئاوا زیاتر و زیاتر بڵاوبووەتەوە و وەك شۆڕشێكی ژنان سەرنجەکانی بەلای خۆیدا ڕاكێشا. نهێنی ڕاستی و سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە لە بنەما مێژوویی و زانستی و ڕێکخراوەییەکەیدا شاراوەیە. لە ڕووی بناغەی مێژووییەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای بەها و بنەماکانی کۆمەڵگەی هەرەوەزی دامەزراوە کە لەسەر جوگرافیای میزۆپۆتامیا لە سەردەمی شۆڕشی بەردیندا بە پێشەنگایەتی ژنان بنیادنراوە، فەرهەنگی دایک-خوداوەند بۆتە بنەمای ژیانی هاوبەشی گەلان، مۆزایکێک لە بیروباوەڕ و کولتوورە ناوخۆییەکان. شوێنەواری ئەم کولتوورە تا ئێستاش لە ئەخلاقی کۆمەڵایەتیدا دیارە وەک هاوکاری، نزیکبوونەوەی ورد و لێکتێگەیشتنی یەکتر، هاوبەشکردنی ئازار و خۆشیەکان، ڕێوڕەسمی میوانداری، فێستیڤاڵ، ئاهەنگ، شێوازی بەرهەمهێنان، لە پەیوەندی و کەسایەتی هەندێک کەسدا. بۆیە ئێمە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆڕشی دووەمی ژنان پێناسە دەکەین، کە گرنگی بە بەهاکانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی شۆڕشی چاخی نیوۆلیتیک دەدات، واتە یەکەم شۆڕشی ژنان. جێگای سەرنجە کە ڕەگی وشەی ' revolution' کە لە زۆربەی زمانەکانی ئەوروپادا بە واتای 'شۆڕش' بەکاردێت، لە وشەی لاتینییەوە هاتووە کە بە واتای 'گەڕانەوە' یان 'بۆ دواوە گەڕانەوە' دێت. بەم شێوەیە ئیتیمۆلۆژیای ئەم وشەیە ئاماژە بە دیاردەی شۆڕش دەکات وەک گەڕانەوە بۆ بەهاکانی کولتوری دایکی کۆمەڵگەی سروشتی.

 

لە لایەکی دیکەوە بناغەیەکی دروستی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ئاکامی ڕێکخستن و مەعریفەی کۆمەڵایەتی و کاری شۆڕشی ٤٠ ساڵەی کوردستان بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان سەریهەڵدا. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی ڕۆشنبیری و هونەر و زمان و مێژوو و سیاسەتەوە خۆی پەروەردە کردووە. بە هۆی دڕندەیی و زوڵم و زۆرداری دەوڵەتەوە، کۆمەڵگە بە جۆرێک لە سیستمی خۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی، چالاکییەکانی بەڕێوەدەبرد، پێداویستییەکانی دابین دەکرد و چالاکییەکانی بەڕێوە دەبرد. بە كاریگەری تەڤگەری ئازادی، ژنان لە ماڵەکانیان دەرکەوتن، فێری سیاسەت بوون، رێكخراوی تایبەت بە خۆیان بنیادنا و پێشەنگی كۆمەڵگەیان کرد، لە چالاکی ژنان لە ڕوونکردنەوەی ئامانج و ستراتیژ و سیاسەتەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، هەوڵ و هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆ یەکلاکەرەوە بوون. بە تایبەتی دیدگاکانی ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ئازادی ژنان، کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک، خۆسەری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و نەخشەڕێگا و بەرنامەی شۆڕشی بۆ کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا خستۆتەڕوو. لە ژێر رۆشنایی شیکارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی رێبەر ئاپۆ، ژنان و خەڵکی رۆژئاوا باوەڕییان وابوو، کە بە هێزی سروشتی خۆیان دەتوانن هەموو پێداویستییەکانیان بەدیبهێنن، لە سیستمەکانی خۆبەڕێوەبردن و بەرگریکردن لەخۆیانەوە تا دەگاتە سیستمی تەندروستی و ئابووری و پەروەردەیان بە زمانی دایک ئەزموون و مەعریفەی پرۆسەی شۆڕشی ١٠ ساڵە بناغەیەکی بەهێزی بونیادناوە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەنگاو بە هەنگاو زاڵ بێت بەسەر کەموکوڕییەکان و ببنە بنەمای پێشهاتە نوێیەکان.

 

حەقیقەتی شۆڕشی ژنان

لە ماوەی ١٠ ساڵی شۆڕشدا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان و تێکۆشاندا بەرەو پێشچوون، دەیان هەزار ژن لە پەرەسەندنی شۆڕشی زماندا، لە ڕێکخستنی قوتابخانە و ئەکادیمیای کۆمەڵایەتی و تەعاون و دامەزراوە و کۆمەڵگە و ئەنجومەندا کاریان کردووە و بڕیاریانداوە. دەسەڵاتی ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا لە ژێر چەتری کۆنگرەی ستاردا پشتی بە ڕێکخستنی سەربەخۆی خۆیان بەست، بەمشێوەیە ژنان دەیانتوانی سیاسەتی خۆیان پێشبخەن و بە ئامانج و حیکمەت و بڕیاری هاوبەشەوە خەبات بکەن و لە پرسدا چارەنووسسازەکاندا بە بڕیاربن، لە ئەنجامدا بڕیاری ستراتیژی سەبارەت بە ماف و ئازادی ژنان وەک یاساکانی ژنان یان دامەزراندنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان لە هەموو دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەکاندا بەدەستهاتوون. لە هەمانکاتدا دەرکەوتنی ژنۆلۆژی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی ژن و ژیان، لەگەڵ پێشهاتەکانی شۆڕشدا، بنەمای زانستی شۆڕشی ژنانی بەهێزتر کردووە. ڕێکخستنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەسەر بنەمای ناوەندەکانی توێژینەوەی ناوچەیی دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ چاودێریکردنی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵگە لە واقیعی کۆمەڵگە و شەڕ و شۆڕشدا و پەرەپێدانی شیکارییەکان بە ئامانجی چارەسەرکردنیان. بەم شێوەیە ژنانی ڕۆژئاوا دەستیان کردووە بە نووسینی مێژووی خۆیان و پەرە بە داهاتووی خۆیان لە شۆڕشدا داوە.

 

بە تێگەیشتن لەو کۆتاییە بە ئازارەی کە زۆرێک لە ژنان لە شۆڕشەکانی وڵاتە جیاوازەکاندا ئەزموونیان کردووە، دەیان هەزار ژن لە هەموو پارچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە جێگەی خۆیان لە بنیادنان و پەرەپێدان و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوادا گرتووە. لە ژنانی ناو ریزەکانی یەپەژە و هێزە ئەمنییەکان و ژنانی هەپەسەوە تا دەگاتە ژنانی ناو رێکخراوەکانی کۆنگرەی ستار و ماڵی ژنان و بزوتنەوەی ژنانی گەنج، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان شۆڕشی لە ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا کردووە. لە بەرامبەر فشارە پیاوسالاریەکان و ڕەگەزگەرایی لە کۆمەڵگەدا سەریان بڵند کردووە، بەم شێوەیە بوێری و هێزیان بەخشی بە ژنانی تر بۆ خەبات بۆ سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان، بەرەنگاری داگیرکاری و هەموو هێرشەکانی سەر ژنان و کۆمەڵگە بوونەوە، سەدان ژن کە بەم شێوەیە پێشەنگایەتی شۆڕشیان دەکرد، لەلایەن قەناس بەدەستەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ئەلنوسرە و داعشەوە کرانە ئامانج. شەهیدانی قارەمانی شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک گوڵ سەلمۆ لە حەلەب، شەڕڤانانی یەپەژە سلاڤا و بێریڤان لە عەفرین، مامۆستا ڤیان لە کۆبانێ، سیاسەتمەدار هەڤرین خەلەف لەسەر ڕێگای تل تەمەر، دایە عەقیدە لە سەرێکانی، شەهیدانی قەرەچوغ و هەلینچ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنان لە شەدادییە، سەدا فەیسەل ئەلحەرموس و هند لەتیف خدر و ژنانی شۆڕشگێڕی ئینتەرناسیۆنالیستی وەک ئیڤانا هۆفمان، لێگەرین چیا و هێلین قەرەچوغ بوونەتە هێمای واتای مێژوویی و جیهانییەکەی شۆڕشی ژنان.

 

درێژەی شۆڕشی فیکری

زۆرێک لە منداڵانی لەدایکبووی ساڵانی شۆڕش بە ناو و یادەوەری ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە و هەڤاڵەکانیانەوە گەورە دەبن. ئێستا نەوەیەکی نوێی منداڵان لە قوتابخانە و زانکۆ خۆبەڕێوەبەرەکان دەردەچن. هەندێکیان لە قوتابخانە حکومییەکاندا شاهیدی لێدان یان سووکایەتیکردن بە ڕەگەزپەرستی و ئایینی و ڕەگەزیی بوون. بەڵام شتێکی ئاسان نییە گۆڕانکاری و گۆڕینی عەقڵیەتێک کە لە ئەنجامی ٥٠٠٠ ساڵ لە سیستمی پیاوسالاری و شارستانیەتی دەوڵەتدا دروستبووە، کە لە ژێر کاریگەری ١٠٠ ساڵ دابەشبوونی وڵاتی کوردستان و سەروەری دەوڵەت-نەتەوە و ٦٠ ساڵ شۆڤێنیزمی حیزبی بەعس دروستبووە، ئەم عەقڵیەتە دەسەڵاتدارەی تاک و کۆمەڵگە لە بازنەی ڕەگەزگەرایی و ئایین و زانستی پۆزەتیڤیستدا گیری خواردبوو. بۆیە گفتوگۆ و پەروەردە و هەوڵدان بە ئامانجی خودگۆڕین و گۆڕینی عەقڵیەت بەردەوامە. یەکێک لە نموونەکانی ئەم بەرهەمانە ئەو وۆرک شۆپانەن کە لە ژێر دروشمی "ئەرکەکانی مرۆڤ لە بنیاتنانی بنەماڵەیەکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەیەکی ئازاد" لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی عەفرین-شەهبا و کۆنگرەی ستارەوە بەڕێوەدەچن. لە گفتوگۆکاندا لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە توندوتیژی دژی ژنان، ژیانی خێزان، کێشەی هاوسەرگیری، پەروەردەی هاوسەر و منداڵ، دەرکەوتووە کە زیرەکی بەکۆمەڵ، گەڕان و دەسەڵاتی چارەسەری کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی زیندووە. هاوبەشکردن و گوێگرتن لە یەکتر و بیرکردنەوە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری هەمووان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە یەکتر و خێزان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان. بە تایبەت لە نەوەی ژنانی گەنج و گەنجاندا گەڕانی نوێ سەرهەڵدەدات بۆ ئەوەی لەبری قەدەرگەرایی، تێکۆشان و بەرپرسیارێتی پەرەبسێنێت، لەبری ئەو تێگەیشتنەی کە ژن وەک گوناهبار و شەرەفی پیاو دەبینێت، ئیرادە و بڕیاری ژنان قبوڵ بکەن، و لەبری شکاندنی متمانە بەخۆبوون، دەسەڵاتی فیکری و داهێنان لەسەر بنەمای قەدرزانینی تاکایەتی و بۆچوون و کاری مرۆڤەکان دروستببێت. هەرچەندە هێشتا ڕێگای بەردەممان درێژە، بەڵام هەنگاوە سەرەتاییەکانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، واتە پاککردنەوەی هۆشیاری لە خراپەکارییەکانی حکومەت، نراوە.

 

زۆرێک لە ژن و پیاو ئەزموونیان کردووە کە خولیای مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کێشەکانی ژیان و قەیرانی خێزان و کۆمەڵگە چارەسەر ناکات، بە قووڵی دژایەتی دەکەن. بۆیە پێویستی و خواستی گەیشتن بە هۆشیاری و پەیوەندیی خێزانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئازاد زیاتر و زیاتر دەردەبڕدرێت.

 

ژنانی ڕۆژئاوا کە بەردەوامن لە هێرش و گەمارۆ و هەڕەشەی شەڕ و لەشکرکێشی و ڕێگری لە ئاسایشی داهاتوو، بەرخۆدانی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ پاراستنی کەرامەت و بنیادنانی ژیانێکی ئازاد لەسەر خاکەکەیان بە ئەنجامی ١٠ ساڵ شۆڕش.

 

جیهانگیری شۆڕشی ژنان

ئەم هەڵوێستەی بەرخۆدان و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا ئیلهامبەخش و هاندانی زۆرێک لە ژنانی جیهان بوو. زۆرێک لە ژنان تەنیا وەک قوربانی توندوتیژیی سیستمی دەوڵەت-پیاو خۆیان دەبینی؛ ئەو ژنانەی باوەڕیان بەوە نەبووە کە تێکۆشانی ژنان لە سەدەی ٢١دا واتای ڕزگارکردنی ژن و ژیان و کۆمەڵگە لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەبێت.

 

سەدان ژن لە کیشوەرە جیاوازەکانەوە بە ئارەزووی ناسینی ژنانی ڕۆژئاوا و واقیعی کۆمەڵگە و شۆڕش چوون بۆ ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ژنانی وڵاتان و کولتوورە جیاوازەکان بە هەوڵدان بۆ فێربوونی پارادایم و ژیانی شۆڕش، شێواز و ئامرازەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە و پەروەردە و بەرگریکردن لە خۆ، واقیعی خۆیان لە چاویلکەی شۆڕشی ڕۆژئاوا باشتر دەبینی. ئەوان پێویستییان بە دیراسەکردنی مێژوو و کولتوور و حەقیقەتی کۆمەڵگەکەیان بینیوە کە لێی بێبەش بوون. لەسەر بنەمای پەیوەندییە دۆستانەکان و گەڕان بەدوای ئازادیدا بە ئاگری شۆڕشی ڕۆژئاوا سووتێندرابوون، خواست و ویستی ژنان بۆ ڕێزگرتن له تۆڕەکانی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک ژنان و گەلانی جیهان سەریهەڵداوه، هه‌ر هه‌نگاوێك كه‌ به‌م ئامانجه‌وه‌ به‌ پلان و ڕێكخراو، له‌ شوێنێك له‌ جیهاندا به‌پێی واقیعی فه‌رهه‌نگ و مێژووی ئه‌م كۆمه‌ڵگەیه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ده‌بێته‌ به‌هێزترین نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می شۆڕشی ژنان به‌ره‌وپێشچوونه‌. ئەمەش بەو واتایەیە کە سەردەمی شۆڕشەکان کۆتایی نەهاتووە، سەرلەنوێ جیهانگیری دەکرێتەوە لەسەر بنەمای پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان.