وتنی چیرۆک بۆ منداڵان پەروەردەی بنەڕەتییە

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە شاری حەلەب، لەلایەن دایکانی تەمەن گەورەوە چیرۆک بۆ منداڵان دەگێڕنەوە، ئامانجیشیان هۆشیارکردنەوەی منداڵان و زیندووکردنەوەی کلتوری چیرۆک بێژییە.

حەلەب

 

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە شاری حەلەب، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی کلتوری چیرۆک بێژی، ئەمڕۆ لە پارکی ئارین میرکان لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب منداڵانیان کۆکردەوە و چیرۆکیان بۆ گێڕانەوە، دایکێک بە ناوی فاتمە حەسەن چیرۆکێکی بە ناوی "ژیانی منداڵان" گێڕایەوە، کە باسی لە پەروەردەی دایک و باوک دەکرد بۆ منداڵەکانیان و گوێڕایەڵی منداڵان لە ئەزمون و قسەی خێزان و گەورەی ماڵەکانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا دایکە فاتمە باسی لە گرنگی چیرۆک بێژی پێشووی بۆ منداڵان کرد.

 

گرنگی گێڕانەوەی چیرۆک

چیرۆکبێژ فاتمە باسی لە گرنگی چیرۆک لەسەر ژیانی منداڵان کرد و وتی: "ئەو چیرۆکانەی ئیستا بۆ منداڵەکانی دەگێڕمەوە من لە دایکی خۆمم بیستووە، ویستمان ئەمڕۆ بۆ منداڵەکانیشی بگێڕینەوە بۆ ئەوەی ئەو کلتورە بە زیندووی بمێنێتەوە، ئێستا تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە، منداڵان زۆرینەی کاتەکانیان بە تەلەفون بەسەردەبەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی منداڵان دەکات و توانای فکریان لاواز دەکات".

 

فاتمە باس لە ساڵانی ڕابردوو دەکات و دەڵێت: "لە پێشتردا هەر چیرۆکێکیان بۆ دەگێڕاینەوە پەروەردەیەک بوو بۆمان، چیرۆک مرۆڤ فیری شتی باش دەکات، بەڵام بەداخەوە ئەو کلتورە ئێستا ڕووبەڕووی لەناوچوون بووەتەوە و منداڵان لە یارییەکانی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە، دەبێت دایک ڕۆڵ بگێڕێت و چیرۆک بۆ منداڵەکانی بخوێنێتەوە و چاودێریان بکەن.

 

"ئامانجمان گەڕاندنەوەی کلتوری چیرۆک بێژییە"

بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی شاری حەلەب، یاسەمین محەمەد ئاماژەی بەوەدا: ئێمە وەکو ناوەندی ژنۆلۆژی هەمیشە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین، ئێمە زیاتر لێکۆڵینەوە لە مێژوو دەکەین، ئەنجامەکەشی دەمانەوێت شتی بەرهەمدار بەدەستبهێنین، دەمانەوێت کلتوری چیرۆک بێژی زیندوو بکەینەوە، هۆشیاربوونی منداڵان لە ڕێگەی چیرۆکەوە پەروەردەیەکی بنەڕەتی ڕاست و دروستە، چالاکییە هاوشێوەکانیشمان لەناو کۆمەڵگەدا بەم شێوەیە بەردەوامی پێدەدەین.

 

ت.پ