ئەفریقا جەنگی دژ بە گۆڕانی کەشوهەوای لەپێشە

هەسارەی زەوی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە گۆڕانکاری بەسەدا هاتووە، زۆر لە ناوچە بەستەڵەکەکان سەهۆڵەکانیان بە ڕێژەیەکی زۆر تواوەتەوە و ئاوی ڕووبارەکان کەمی کردووە، یەکێک لە ناوچە سەرسەڕهێنەکانی جیهان تاڤگەکانی ڤیکتۆریایە، گەرمبوونی جیهان کاریگەری لەسەر وشکبوونی ئەو تاڤگایەش کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تاڤگەی ڤیکتۆریا، بە یەکێک لە سروشتە سەرنجڕاکێشەکانی جیهان دادەنرێت، دەکەوێتە سەر ڕوباری زامبێز لە وڵاتی زیمبابۆی ئەفریقای باشور، بەرزی ئەم تاڤگەیە زیاترە لە ١٠٠کم و لە فراوانترین خاڵیدا درێژیەکەی ١.٧ کیلۆمەترە، ڤیکتۆریا گەورەترین تاڤگەیە لە ئەفریقادا و بە " ئەو دوکەڵەی بریسکە دەکات" ناو دەهێنرێت.

 

تایبەتمەندی ئەم تاڤگەیە ئەوەیە بەناو تاشە بەردە قڵیش بردووەکاندا تێپەڕدەبێت کە لە ئەنجامی ڕێڕەوی گڕکانەکانەوە دروستبووە و لەسەر ڕوباری زامبێزە سەرەتاکەشی لە دەرچەیەکی سروشتییەوە سەرچاوە دەگرێت.

ڤیکتۆریا ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگە

لەگەڵ ئەو سروشتە جوانەی ڤیکتۆریا هەیبوو، لە ساڵی ٢٠١٩ بە هۆی وشکە ساڵییەوە دەنگی ڕووبارەکانی بێدەنگ کران، ئەو ساڵەش بە خراپترین وشکەساڵی ئەم سەدەیە پێناسە دەکرێت.

تاڤگەی ڤیکتۆریا، وەک یەکێک لە هەرە سەرنجڕاکێشترین و گەشتیارییەکانی زەوی دادەنرێت، لەگەڵ کەمی ئاوەکەی و دروست بوونی وشکەساڵی ژمارەی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچەیە کەمی کردووە کە کار لە ئابوری وڵاتەکە دەکات، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکە و بێدەنگبوونی تاڤگەکەی، کارەبای ئەو ناوچانە کەمی کردووە کە سەرچاوەکانیان ئەم تاڤگەیەیە، هەروەها بەرووبومی خۆراکیش بەهۆی کەمی ئاوەوە ڕێژەکەی دابەزیوە، شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانەکانی مرۆڤ و زیابوونی گازە زیانبەخشەکانی زەوی دەگەڕێننەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان-یوئێن ساڵی ٢٠١٩ بە گەرمترین ساڵ بۆ ئەفریقا تۆمار کراوە، هەروەها لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی٢٠٢٠دا سکرتێری گشتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی پیتەر تالاس، ئاماژەی بەوەداوە کە گۆڕانکاری کەشوهەوا لە کیشوەری ئەفریقا لە زیادبووندایە، پێشبینیش دەکرێت هەبوونی گەرما و وشکەساڵی لە کیشوەرەکەدا لە بەردەوامیدا بێت.

دروستبوونی وشکەساڵی لەم هەرێمەدا سیاسەتمەنداران و دەسەڵاتدارانی نیگەران کردووە و ئاگادارکراونەتەوە کە کیشوەرەکەیان قورسترین گۆڕانی کەشوهەوای بەسەردا دێت، هەروەها هەوڵ دەدەن بۆ خۆگونجاندنیان لەگەڵ گەرمای زەویدا، حکومەتی ئەم کیشوەرە لە خەمی دابینکردنی ئاو، تەندروستی و خۆراکدان، هەروەها گەیشتوون بەو باوەڕەی ئەفریقا جەنگی دژ بە گۆڕانی کەشوهەوای لەپێشە.

 

سەرچاوە: بی بی سی نیوز

 

ت.پ