خواردنەوەی مەی و نزیک بوونەوە لە مردن

لەناو ھەموو کۆمەڵگە جیاجیاکانی مرۆڤایەتیدا لەدێر زەمانەوە بە ڕێژەیەکی بەرز مەی دەخورێتەوە بە ھەموو جۆرەکانیەوە، بەکارھێنەرانیشی لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆدا زۆر زیادی کردووە، مەی خواردنەوەش بۆتە هۆی مردنی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵەکان

 

بەشێوەیەکی ڕوون نازانرێت مێژووی دۆزینەوەی ماددە کحولییەکان کەی و لە کوێدا بووە، بەڵام  شوێنەوارناسەکان شوێنی دروست کردنی شەراب و پاشماوەی شەرابیان لە کوپەی سواڵەت-دا لە ئێران و مێزۆپۆتامیا دۆزیووەتەوە کە مێژووەکەی بۆ ساڵانی ٣٥٠٠ - ٥٤٠٠ پێش زایین دەگەڕێتەوە، زۆربەی مێژووناسان وای بۆ دەچن ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مێزۆپۆتامیا ناوەندی سەرەکی ناسین و دۆزینەنەوەی ماددەی کحول بووە، بە تایبەت ٤٠٠٠ تا ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایین لە ناوچەی نێوان دەریای ڕەش و خەزەر واتە ئەرمەنستانی ئێستا، بۆ دروستکردنی شەرابیش  کشتوکاڵی ترێ کراوە.

ماددەی کحولییەکان لە کۆنەوە لەناو جیهاندا باو بووە، تاکە جیاوازی ئەوە بووە کەسانێک بە ئازادی و کەسانێکی دیکە بە شاراوەی خواردوویانەتەوە و بەپێی کلتور، ئاین و دابونەریتی کۆمەڵگا خواردنەوەی ماددەی کحول گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی دیکە خواردنەوە جیاوازە، لە ھەندێک لە ئایینەکاندا خواردنەوەی مەی یاخود شەراب نەریتێکی تایبەتی هەیە، بۆ نمونە مەسیحیەکان شەراب بە نیشانەی خوێنی عیسا دادەنێن، بۆ جولەکەکان خواردنەوەی شەراب لە زۆربەی کۆبوونەوە ئایینیەکاندا فەرز و پێویستە، لە دینی ئیسلامیشدا خواردنەوەی شەراب لە سەرەتادا حەڵاڵ بووە و لە پاشاندا حەرام کراوە و خواردنەوەی بە گوناهـ دانراوە.

 

شێوازی دروستکردنی ماددەی کحول

ئابجۆ و شەراب لە ڕێگای ھەوێن بوون، ترشاندن و دڵۆپاندنەوە دروست دەکرێن، لە پرۆسەی ترشاندندا، یان هەوێن بووندا گۆڕانکاری بەسەر شەکری نێو دانەوێڵە، میوە و بەشێک لە سەوزەکاندا دێت بۆ کحول و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، زۆربەی وڵاتانی دونیا بە پێی کشتوکاڵی ناوچەکەیان لە یەکێک لە بەرهەمەکانیان کەڵک وەردەگرن، بۆ نموونە لە چین لە ھەرزن و برنج، ئەفریقا سود  لە مۆز،  ھەنگوین، گەنمەشامی و ھەرزنسود وەردەگرێت  و لە ئەمریکای باکووریش سور پێستەکان لە کاکتوس.

لە یۆنان، گورجستان، ئەرمەنستان، کۆماری ئازەربایجان و زۆربەی وڵاتانی دیکە بۆ دروستکردنی شەراب سود لە ترێ وەردەگرن، شەرابی ترێ گرانترین و بەتامترین شەرابە لە تەواوی دوونیادا و تا کۆن تر بێت تامەکەی خۆشتر و نرخەکەشی گران تر دەبێت، هەندێک وڵات یاخود کەسانی سەرمایەدار هەن ڕێژەیەکی زۆر لەم شەرابە دەکڕن و لە ژێر زەویەکاندا یان لە کۆگاکاندا هەڵی دەگرن بۆ دەیان ساڵ لە دوایدا بەنرخێکی ئێجگار زۆر دەیفرۆشن وبازرگانی پێوە دەکەن لە بازاڕەکانی جیهاندا.

 

 لە پرۆسەی دڵۆپاندندا لە دوای کوڵاندنی دانەوێڵە و میوەی ھەوێن کراو، خۆشاوێک دروست دەبێت کە لیکوری پێدەڵێن، بۆ دروست کردنی لیکورەکانیش ڕوسیا لە پەتاتە، جۆ و گەنم، چین لە برنج و مەکسیک لە کاکتوس کەڵک وەردەگرن، هەر وڵاتێک خاکەکەی بەچی دەوڵەمەند بێت کەڵکی لێوەردەگرێت بۆ دروستکردنی لیکور، ئەندازەی کحول و تەواوی مەشروبەکان بێ لەبەرچاوگرتن بە یەک ئەندازەیە و تەنیا جیاوازیان لە ڕێژەی ئاوی تێکراو دایە، مەشروباتی کحولیی، شەکر و کالۆری زۆریان تێدایە و ئەوانەی کە بە شێوەیەکی بەردەوام دەیخۆنەوە، دەتوانێت ببیتە ھۆی زیادکردنی کێشیان.

 

کحول و تێکەڵ بوونی لەگەڵ جەستەی مرۆڤەکان

٪٢٠ـی کحول لە گەدە و ٪٧٥ـی لە ڕیخۆڵە بچکۆلەدا دەچێتە ناو خوێنەوە و ٪٥ ـی کحول بێ ھیچ گۆڕانێک لەگەڵ میزدا فڕێی دەدرێت، کحول لە ڕێگای خوێنەوە دەگاتە مێشک و ئەندامەکانی تری لەش و ھەر بە گەیشتنی بە مێشک، دەبێتە ھۆی خاوبوونەی ئیشی مێشک و دەمارەکان و مرۆڤ دەکەوێتە ژێر کارتێکردنی کحولەوە.

کحول ڕۆڵی ژەھر دەبینێت بۆ ئەندامەکانی لەش ھەر لەبەر ئەوەشە لەش ھەوڵی تەواو دەدات تا بە زوترین کات لەو ژەهرە ڕزگاری ببێت، جەستەی مرۆڤ پێویستی بە کاتژمێرێک زیاتر هەیە  بۆ دەردانی هۆرمۆنی ئونس تا لەگەڵ کحولەکە کارلێک بکەن و لە لەش دەریبکات، ٪٩٠ ئەم ئەرکە لە جگەردا ڕوودەدات ٪١٠ لەرێگەی میز کردن و هەناسەدان و عارەقە کردنەوە دەبێت، زۆر کەس پێیان وایە خواردنەوەی قاوە، چا و وەرزشکردن دەتوانێت شوێنەواری ماددەی کحول بەتەواوی نەهێڵێت، بەڵام خواردنەوەی قاوە نەک تەنها شوێنەوارەکەی زیاتر دەکات و کاریگەریەکی خراپ تر دروست دەکات، بەڵکو سێ ئەوەندە توانای لێخوڕینی ئۆتۆمبێل کەم دەکاتەوە.

زیانەکانی خواردنەوەی مەی لەسەر ئەو کەسانەی بەردەوام مەی دەخۆنەوە

بە پێی توێژینەوەیەکی ساڵی ١٩٧٩ لەسەر هۆکارەکانی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵەوە کە لە  ١٨ دەوڵەتی وەک ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا کراوە بە شێوەیەکی ڕوون دەرکەوتووە خواردنەوەی ماددە کحولییەکان (بە تایبەتی مەی) دەبێتە هۆی مەیینی خوێن لە ناو خوێنبەرەکاندا، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ مردن بە هۆی نەخۆشی دڵەوە، تەنھا لە ئەمریکا ساڵانە ٥٠ هەزار کەس بەهۆی خوردنەوەی ماددە کحولەکان گیان لەدەست دەدەن.

 

خواردنەوەی لە ڕادە بەدەری ماددە کحولیەکان دەبێتە هۆکار بۆ توشبوون بەچەندین نەخۆشی، ٪٤٠ـی ئەو کەسانەی نەخۆشی ھەوکردنی گەدەیان هەیە ئەو کەسانەن ڕۆژانە بەشێوەیەکی بەردەوام زیاتر لە ٣ پێک مەی دەخۆنەوە، ئەگەری نەزۆک بوون زیاد دەکات.

ئەو کەسانەی لەگەڵ خوردنەوەی مەیدا جگەرە دەکێشن زیانەکی دەبێتە چوار ئەوەندە چونکە خواردنەوەی مەی وجگەرەکێشان یەکتری بەهێز دەکەن.

 

ئەوکەسانەی توشی نەخۆشیەکانی جگەر دەبن ٪١٥ بۆ ٪٣٠ ئەو کەسانەن کە مەی خۆرن، کحول خۆی ڕێژەیەکی زۆری کالۆری هەیە، خه‌ڵكێكی زۆر به‌هۆی خواردنه‌وه‌ی شه‌راب قەڵەو دەبن، هه‌ر ئه‌و قه‌ڵه‌ویەش ده‌بێته‌ هۆی گیان لەدەستدان بە ڕێژەیەكی زۆر، كە %٩٠ـی گیان لەدەستدانەكان له‌ جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەرنەکەوتنی جگەر و ئه‌نجام نه‌دانی كاره‌كانی به‌ڕێكی به ‌تایبه‌ت لەو كەسانەی كە قەڵەون دوو ئەوەندە ژەهراویترە بۆیان.

 

کاریگەری ماددەی کحول لەرووی تەندروستییەوە

خواردنەوەی پێکێک بۆ ژنان و پێکێک بۆ دوو پێک بۆ پیاوان کاریگەریەکی ئەرێنی باشی لەسەر کارکردنی دڵ هەیە، ڕێژەی بەرزی نەخۆشی دەمارەکانی دڵ کەم دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیادەڕەوی کردن لە خواردنەوەی مەی یاخود ماددەی کحول دەبێتە سەرەتای دەست پێکردنی چەندەها نەخۆشی جیاواز وەک هاتنە خوارەوەی پۆتاسیۆم، کالیسیۆم، فۆسفۆڕ، مەگنسیۆم و ترشی فۆلیکی ناو خوێن و وەرینی قژ و نەخۆشی ئێسک و ماسولکەکان، لێدانی دڵ ناڕێک دەبێت و دەبێتە هۆکار بۆ زۆر لە نەخۆشی تر، خواردنی مەی بەسکی بەتاڵ دەبێتە هۆی دابەزینی شەکری ناو خوێن،  ٣ بۆ٤ پێک مەی لە ڕۆژێکدا ئەگەری زیاد بوون بە شێرپەنجەی دەم و گەروو زیاد دەکات، خواردنەوەی کحول هەڵدەستێت بە لەناو بردنی بەشێک لە خانەکانی مێشک و پوکانەوەی کارکردنی مێشک وەک توشبوون بە بیرچوونەوە.

 

کاریگەریەکانی ماددەی کحول لەسەر کۆمەڵگە

زیادەڕەوی کردن لە خواردنەوەی مەی-دا کاریگەریەکی خراپی لەسەر ژیانی سەدان ملیۆن کەس لە دونیادا هەیە، دەبێتە هۆی ڕوخانی بناغەی ژیانی هاوسەرێتی، ١٥ ساڵ نزیک بوونەوە لە مردنی پێشوەخت و دەرکەوتنی پیری بەشێوەیەکی لەناکاو لە هۆکارە نەرێنییەکانی مەی خواردنەوەیە، خەرجیەکی زۆری ڕۆژانە و کڕینی ماددە کحولیەکان، زیادبوونی ڕوداوەکانی هاتووچۆو بەرز بوونەوەی ڕێژەی مردن، زیاتر بوونی کەسانی نەخۆش و توش بوون بەو نەخۆشیانەی پەیوەندیدارن لەگەڵ خواردنەوەی ماددە کحولەکانلە کاریگەری مەی خواردنەوەیە.

کاریگەریەکی دیکە کە جێگەی باسکردن وگرنگی پێدانە تاوان و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و منداڵانە لە ئەنجامی زیادەڕەوی کردن لە خواردنەوەی ماددە کحولیەکانەوە دروستدەبێت.

 

ت.پ