ناچینە سەر بەرماڵەکانی ئەوان...

شنا فایەق – ڕۆژنامەنووس

 

هێشتا ١٥ ساڵی حوکمڕانیی کوردیی بوو، سەردەشت دەیوت، 'ئێمە دەستمان لە دوعایە و لە خودا دەپاڕێینەوە، ئەو بەرپرسانەی کە بکوژی کوردەکان بوون، بۆمان بکات بە بەرپرسێکی مرۆڤدۆست' ئەوە ١٥ ساڵی دیکە تێپەڕی، ئێمە هەر دەستمان ڕووەو ئاسمانە و هەمان دوعا دەڵێینەوە، هێشتاش لە چاوەڕوانیی گیرابوونی نزاکانمانداین.

 

سەردەشت چەندە دنیا بینییت فروان بوو، چەندە زوو و بە تەمەنێکی چەند کەمەوە تێگەیشتییت، ئەگەر زوحاکەکانی باشوور، خوێنی کەلـلەسەری یەک بە یەکمان هەڵچۆڕێنن، هێشتا تێر نابن.

سەردەشت عوسمان، ٢٠٠٧ دڵنیایی پێداین، کە 'ئەگەر لە خۆپیشاندانێ داوای چوار سەعات کارەبا بکەین، چوار ڕۆژ و شەو بێ ڕووناکی لەزیندانمان دەبەستنەوە، بۆئەوەی نرخی دوو سەعات کارەبا بزانین'، ئێمە لە ساڵانی دوای سەردەشتدا خەریکبووین قسەکانی ئەومان دەکردەوە، تا مافیاکانی دەسەڵات پێیانوتین، نا..، زیندانیی بەس نییە، ئەگەر ئێوە بێنە بەردەم بارەگاکانمان، ئێمە بە فیشەک پێشوازییتان لێدەکەین و خوێنەکەتان دەکەینە پێکێک و لەسەر مێزی بەشکردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە، نۆشی دەکەین.

 

سەردەشت زۆر زوو دەستی بۆ پیرۆزییەکانی ئەوان برد، لە جامانەی سوور و گۆچانی دا، چووە سەر قەڵا و بە دەنگی بەرز، پرسیارە قەدەغەکراوەکانی ئاڕاستەی سەرۆک کرد، هێڵی سووری ئەخلاق و دەبیاتی ڕاگەیاندنی بە میتۆدی ئەوان بەزاند، سەردەشت سنووری ئەمنی قەومی دەرباز کرد و ئێستاش ڕێهەڤاڵەکانی بە هەمان تۆمەت و هەر لە شارەکەی سەردەشتدا، دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێین، ئەوانیش بێ موبالاتانە، مردن و زیندانیی دەکەن بە سادەترین هەڵبژاردنیان.

سەردەشت، تۆ دەزانی ١١ ساڵ تێپەڕیوە و بکوژانت هێشتا بانگەشەی ئارامیی هەولێر دەکەن؟، ڕۆژێک ڕۆژنامەنووس تیرۆر دەکرێت، ڕۆژێک پارێزەر، ڕۆژێکی تر مامۆستای ئاینیی، ڕۆژێک دەستدرێژیی دەکرێتە سەر منداڵی هەشت ساڵان، ڕۆژێک پزیشک و مامۆستا بەر شەق دەدرێ.. ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، کوشتن..ئەمە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنەکانە، ئەو شارە بۆنی خوێنی لێدێ و کەچی هێشتا دێنە سەر شاشە و دەڵێن، قەڵەم ئارامیی شار تێکدەدات، نەک فیشەک!.

 

سەردەشت ئەوکاتەی لە چاوەڕوانیی دیداری بکوژەکانیدابوو، دەیوت، 'تاكه ‌هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین'، ١١ ساڵە دوای سەردەشت قسە دەکەین، هێشتاش زۆر شت ماون، تا قسەیان لەسەر بکەین، هێشتاش زۆر پرسیار بە ترسەوە دەکەین و وەڵامی ڕاستیی هیچیشیمان دەستنەکەوتوە.

 

سەردەشت، لەدوای تۆ هیچ شتێک لە حوکمڕانیی ئەم وڵاتە نەگۆڕاوە، ئەوان هێشتا خەریکی بانگهێشتکردنمانن بۆسەر خوانە ناشیرینەکەیان و دەیانەوێت تیکەی شەرمەزارییمان دەرخوارد دەن، مەخابن زۆرن ئەوانەی قوڕگی بچوکیان لەو پاروە گیربووە، وەلێ ئێمە بەڵێن دەدەین، نە تیکەی شەرمەزاریی دەخۆین و 'نه‌ نوێژ بۆ خوداكه‌ی ئه‌وانیش ده‌كه‌ین، تا بڕۆینه‌ سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌ی ئه‌وان'.

 

سەردەشت پشوو درێژبە، بەرەی خۆفرۆشان چەندە فراوان بێت، بەرەی ئازادییخوازان جەسوورتر دەبن، تا پەیامەکەی تۆ بگەیەننە شوێنی خۆی، لەودیو شیشەکانی زیندانەوە، دەیانی وەک تۆ بانگی ئازادیی دەدەن، ئەگەر لەو دەمەدا ڕاگرەکەت جورئەتی نەبوو کەیسی تۆ بکا بە کەیسی خۆی، ئەوا ئێستا کەیسی تۆ، کەیسی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخوازە.