بەرنامە خێرخوازییەکان کار لە شکۆی مرۆڤ دەکەن

دەزگا ڕاگەیاندنەکان و میدیا ئەلکترۆنییەکان بوونەتە جێگایەک بۆ لەناوبردنی شکۆی مرۆڤایەتی، لە ڕێگای پەخشکردنی بەرنامەکانی هاوکاری کردن و بەخشینەوە بە نابەرپرسیارانە، شکۆی مرۆڤ لەناو دەبەن و یاری بە هەستییان دەکەن، بەشێکیشیان لەپێناو کۆکردنەوەی بینەردا ئەمە دەکەن.

 

شنیار بایز

سلێمانی- هاوکاری کردنی کەمدەرامەت و هەژاران کارێکی مرۆڤ دۆستانەیە، بەڵام لە ئێستادا کەناڵەکانی ڕاگەیاند و دەزگا میدیاییەکان ڕێڕەوی هاوکارییەکانیان گۆڕیوە و بۆ مەبەستی تایبەتی دەزگاگان بەکاری دەهێنن.

جگە لەوەش دوور لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی کاردەکەن و گوێ بە شکۆ و ژیانی تایبەتی ئەو کەسانە نادەن کە هاوکارییان دەکەن، لەپێناو نیشاندانی بابەتێک و کۆکردنەوەی بینەر بۆخۆیان کار لەسەر جوڵاندنی هەست و ویژدانی کۆمەڵگا دەکەن.

شنۆ ڕەحمان، چالاکوان و توێژەری کۆمەڵایەتی تایبەت بۆ ئاژانسی ژنها، باس لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەم جۆرە بەرنامانە دەکات و ئاماژە بەوەدەکات لە ئێستادا دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە شێوەیەک کار دەکەن دەچنە ناو تایبەتمەندی ژیانی هەموو کەسێکەوە و نهێنییەکانی ژیانیان بڵاودەکەنەوە، لەبەر هۆکاری سیاسی یاخود کۆکردنەوەی بینەر بێت.

 

"پێویستە هاوکاریکردنی کەمدەرامەتان نەبێتە هۆی شکاندنەوەی کەسەکان"

سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاریکردنی کەمدەرامەتان و پیشاندانیان لەلایەن دەزگا ڕاگەیاندنەکانەوە شنۆ ڕەحمان دەڵێت: "یەکێک لەو لایەنە مرۆڤ دۆستانەی کە هەیە لە مرۆڤدا بریتیە لە هاوکاری کردنی کەمدەرامەتان، بەڵام دەبێت هاوکارییەکە بە شێوەیەک بێت نەبێتە هۆی شکاندن و لەکەدارکردنیان، وەک چۆن ئێستا ڕاگەیاندنەکان ئەنجامی دەدەن".

 

شنۆ باس لەوە دەکات، کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکن خاوەن سۆزێکی زۆرن، بۆیە بەردەوام هاوکاریکردنی کەم دەرامەتان دەکەن بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا و دەڵێت: هاوکاریکردنیان کارێکی پیرۆزە و ئەوانەشی دەیکەن جێگەی دەستخۆشین، بەڵام بە چ ڕێگایەک دەیکەن؟ ئەوە گرنگە، پێویستە بە شێوەیەک بێت کە بەچاوی کەم سەیر نەکرێت و نهێنییەکانی بپارێزرێت.

 

کاریگەرییە خراپەکانی بەرنامەکانی هاوکاریکردن چین؟

توێژەر شنۆ دەڵێت: نیشاندانی ئەو جۆرە بەرنامانە کاریگەری لەسەر منداڵ دروستدەکەن لە گەورەبوونیاندا ئەو منداڵە هەست بەوەدەکات کە بێ دەسەڵات و بێ توانایە، خۆی بە داماو یەتە پێش چاو تا وای لێدەکات هەمیشە هەست بەوە بکات توانای کارکردنی نەبێت، پشت بە خەڵکی ببەستێت، ئاماژە بەوەش دەکات: "نیشاندانی ئەو ماڵانە و هاوکاریکردنیان بەو شێوەیە کاریگەری خراپ لەسەر دەروونیان دروست دەکات، بە تایبەت منداڵەکانیان کە دەهێنرێنە قسە تا باس لە قورسی ژیانیان بکەن، وەک هۆکارێک بۆ جوڵاندنی ویژدانی بینەر بەکاریان دەهێنن، جگە لەمانەش کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگاشدا جێدەهێڵێت، بەوەی دووبارە ئەو کەسانە تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبن، هەندێک کات لە ڕێگەی ئەم بەرنامانەوە لە کەسەکان دەدرێت و دەرفەتیان بۆ ناڕەخسێت پۆستێکی باڵا وەربگرن یاخود ببێتە کەسێکی دیاری کۆمەڵگا".

 

"ئەو بەرنامانە ڕێگە خۆشکەرە بۆ دروستبوونی دیاردەی دەرۆزەکردن"

شنۆ پێی وایە جگە لە کەمدەرامەتان کە شایەنی بەخشینن، خەڵکی دیکە هەن ئەم هەلە دەقۆزنەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی پارە دەدەن، هەندێک کات زیادەڕەوی لە وتنی ڕاستییەکاندا دەکەن و ڕێگە خۆشکەریشە بۆ زیادبوونی دەرۆزەکردن.

 

شنۆ ئاماژە بەوەدەکات، ئامادەکردن و پەخشکردنی بەرنامەکانی بەخشین و خێرخوازی هۆکاری سیاسی و بەرژەوەندی لەپشتەوەیە، بەوەی هەندێک لایەنی سیاسی ئەمە بۆ کۆکردنەوەی هاوڵاتی لەخۆیان بەکاردەهێنن، ڕاگەیاندنەکانیش لە پێناو کۆکردنەوە و زیادکردنی بینەر کەناڵەکەیان پەخشی ئەو بەرنامانە دەکەن، دەشڵێت: خێرکردن ئەرکی دەزگا میدیاییەکان نییە، بەڵکو ئەرکی حکومەتە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکات.

 

"کەناڵە ڕاگەیاندنەکان بەرپرسن لەوەی چی بڵاو دەکەنەوە"

دکتۆر پاڤێ جەمیل، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی، باس لە ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی دەکات، کە لە ئێستادا دەزگا ڕاگەیاندنەکان پەیڕەوی ناکەن: کەناڵە ڕاگەیاندنەکان دەکرێت بەرنامەی لەم شێوەیە پەخش بکەن بۆئەوەی هاوکاری کەمدەرامەتان بە خەڵکی ئاشنا بکەن، بەڵام بە سانسۆرەوە و دەموچاو و دەنگی کەسەکان بە شێوە ڕاستیەکەی خۆی نەبێت تا کەسەکان نەناسرێنەوە"

 

تا چەندە دەزگا ڕاگەیاندنەکان ئیتیکی ڕاگەیاندن جێبەجێ دەکەن؟

دکتۆر پاڤێ ئاماژەی بەوەدا: ئەم جۆرە بەرنامانە تەواو دوورن لە ئیتیکی کاری ڕاگەیاندەوە و بۆ مەبەستی تر پەخش دەکرێن نەک تەنها هاوکاری کردن، ئێمە میدیای نیشتیمانیمان نییە تا کاربکات بۆ یەکسانی و بڵاوکردنەوەی زانیاری بەسود، بگرە زیاتر میدیاکانمان حیزبین و بۆ لایەنێک کار دەکەن"

 

ئەو مامۆستایە باس لەوەدەکات سیاسەتی دەزگاکان زاڵن بەسەر کارکردنی میدیاکاراندا، بۆیە زۆر کات گرنگی بە سایکۆلۆجیای وەرگر و ڕۆژنامەواناندا نادرێت و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی پەیڕەو ناکرێت، وەک چارەسەری بۆ دۆخی ئێستای دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دکتۆر پاڤێ دەڵێت: "پێویستە زانستی ڕاگەیاندن فێری میدیاکار بکرێت تا پەیامەکان بە ڕاستی بگەیەنن، کەواتە ڕێکخستنی میدیایی گرنگیەکی زۆری هەیە و دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

"بە هۆی نەبوونی میدیایەکی تەواو تەندروست، شێواوی لە پڕۆسەی ژیانماندا هەیە"

لەکۆتای قسەکانیدا دکتۆر پاڤێ باسی لەوەکرد کە میدیا ڕۆڵی خۆی نەبینیوە لە پەروەردەکردنی کۆمەڵگەدا، بەڵکو تەنها پەیوەستە بە بڵاوکردنەوەی سیاسەتی دەزگاکەی خۆی، هەروەها کاریگەری لەسەر تاکی کۆمەڵگا بەجێدەهێڵێت و ئێستاش سیستمی پەروەردە کردنمان شێواوە، هەوڵدان بۆ نمایشکردن لە ڕاگەیاندنەکاندا زیاتر گرنگی پێدەدرێت وەک لە دەرخستنی ڕاستییەکان.

 

ت.پ