ژنانی گەنج بە موچەی کەم ناچاری کارکردنن

خوشکان ئەحمەد : لە ئێستادا دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ لەلایەن حکومەتەوە بوونی نییە ، بۆیە ئێمە لە ماڵەوە دانانیشین و چاوەڕێ بین ڕۆژێک دامان بمەزرێنێت، خۆمان بە دوای ئیشدا دەگەڕێین.

قسەی کۆمەڵگامان دێتە سەر بەڵام قسەکان هیچ نین و ئێمە گوێیان پێ نادەین.

خوشکان ئەحمەد : لە ئێستادا دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ لەلایەن حکومەتەوە بوونی نییە ، بۆیە ئێمە لە ماڵەوە دانانیشین و چاوەڕێ بین ڕۆژێک دامان بمەزرێنێت، خۆمان بە دوای ئیشدا دەگەڕێین.

 

هەوار محەمەد

سەیدسادق- لە ڕۆژی یه‌کی ئایاردا و لە ساڵی ١٨٨٦دا کرێکارانی ئەمریکا ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر زۆری کاتژمێرەکانی کارکردن دەربڕی بە دروشمی "هەشت کاتژمێر كار، هەشت کاتژمێر پشوودان، هەشت کاتژمێر خەوتن" ڕژانە شەقامەکان و داوایان کرد کاتژمێرەکانی کارکردنیان لە ڕۆژێکدا بۆ ٨ کاتژمێر کەم بکرێتەوە، ئەو ناڕەزایەتییە بووە هۆکاری بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی کرێکاران و لەگەڵ پەسەندکردنی چەند بڕیارێکدا ڕۆژی ١ی ئایاری هەموو ساڵێک کرایە ڕپژی جیهانی کرێکاران.

 

لەپاش دوو سەدە بەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا، ژنانی گەنجی شارۆچکەی سەیدسادق لە باشوری کوردستان، باس لە چۆنیەتی و ڕۆژانی کارکردنیان دەکەن و ڕووبەڕووی کەمی مووچە لە هەفتە بازاڕەکان، مۆڵ و فرۆشگاکان دەبنەوە لە بەرامبەر چەندین کاتژمێر لە کارکردن و ماندوێتیدا.

بەپێی یاسای کاری عێراقی ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ کە لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت، بە بڕیاری ١٧٨ی ساڵی ٢٠١٣ لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاردرا لەسەر بەرزکردنەوەی کەمترین کرێی کارکردن لە ٢٥٠ هەزار دیناری عێراقییەوە بۆ ٣٥٠ هەزار دینار، هەروەها بە پێی ماددەی ٦٧ی ساڵی ٢٠١٥ لە یاسای کارپێکردنی عێراقیدا هاتووە، نابێت کرێکار لە ڕۆژێکدا لە ٨ کاتژمێر زیاتر کاربکات جگە لەو کرێکارانەی لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن.

 

موچەی کارمەندان پێچەوانەی بڕیاری یاسایی حکومەتە

لە زۆربەی هەفتە بازاڕ و مۆڵەکاندا ژنان بە دووکاتی جیاواز(شەفت) لە ڕۆژێکدا کاردەکەن، کە هەر شەفتێکیان ١٠ کاتژمێر کاری تێدادەکرێت، بەشێکی کەمیشیان سێ شەفت کاردەکەن، کە هەر شەفتێکی ٥ کاتژمێرە، لە بەرامبەر ئەو کارەی ژنان دەیکەن بە شێوەیەکی گشتی موچەی مانگێکیان لە نیوان ١٠٠-٢٠٠ هەزار دیناری عێراقی دایە، کە ئەمەش بە خواستی خاوەن کار دیاری دەکرێت.

 

لە هەندێک شوێندا موچەی کارمەندانی ژن لە ١٠٠ هەزار دینار کەمترە، لە هەندێک هەفتە بازاڕیشدا لە بەرامبەر دوو شەفت کارکردن کە ٢٠ کاتژمێر کارکردن و لێهاتووی زۆری کارمەندەکە لە ڕووی هزری و بەدەنییەوە لە نێوان ٢٠٠-٤٠٠ هەزار دینار موچە دەدرێتە کارمەندەکە.

 

بەپێی بە دواداچوونەکانی ژنها، جیاوازی لە نێوان مووچەی کرێکارانی ژن و پیاودا دەکرێت، موچەی کرێکارانی ژن لە مۆڵ و فرۆشگاکاندا کەمترە لە پیاوان، ئەو ژنە گەنجانەی لەم ڕاپۆرتەدا دەدوێن ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە پیاوان ڕازی نابن بەو موچە کەمەی خاوەن کارەکان دەیدەن بە کرێکارە ژنەکان، بەڵام  ژنان بە ناچاری ڕازی دەبن و کاردەکەن چونکە لە جێگەی دیکەدا هەلی کاریان دەستناکەوێت.

 

دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دانامەزرێن

زۆرینەی ئەو کارمەندە ژنانەی لە هەفتە بازارەکاندا کاردەکەن، دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و دانەمەزراون.

 

شارۆچکەی سەیدسادق یەکێکە لەو شارۆچکانەی کەمترین ڕێژەی کاری تێدایە بۆ ژنان، ئەویش بەهۆی دانەمەزراندنی دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان، نەبوونی کارگە و کەرتی تایبەت، نەڕەخسانی هەلی کار و کەلتورە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە ڕابردوودا ژنان زیاتر کاری کشتوکاڵییان دەکرد و لەنێو ماڵەکانیاندا کاری دروومان، نانکردن و کاری دەست ڕەنگینییان دەکرد، کەمترین ژن هەبوو کە فرۆشگایەکی تایبەتی بەڕێوە ببردایە، بەڵام نزیکەی ٥ ساڵە کۆمەڵێک هەفتەبازاڕ و مۆڵ و فرۆشگا لە شارۆچکەکەدا کراوەتەوە کە ژنانی گەنج بە چاوی ئومێد و خۆشحاڵییەوە لێی دەڕوانن، لێرە هەرچەندە ژنان پێویستیان بە داهاتە بۆ بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان، بەڵام تینووترن بۆ ئازادی، لە ماڵ چونەدەرەوە و ژیانی کارکردن، ئەوان چێژ و خۆشی لە کارکردن دەبینن و هەرچەند ماندوو دەبن، بەڵام بە گشتی ئەو ژنانەی لەم ڕاپۆرتەدا بۆ ئێمە دووان باسیان لەوە کرد بۆ ئارامی دەروون و ڕۆحیان، بۆ چوونە ناو ژیانی کار و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ژنانی گەنجی تر لە شوێنی کارەکانیان و کۆمەڵگادا، کاردەکەن، ئاماژەشیان بەوەدا کە خێزانەکانیان هاوکاریانن و یارمەتیدەریانن.

 

"موچەکەیان پێداویستییەکانمان پڕ ناکاتەوە"

دییە عوسمان، دەرچوی زانکۆ بەشی زمانی فەرەنسی و کارمەندی هەفتەبازاڕە، باس لەوە دەکات، ئەو بڕە موچەیەی کە وەریدەگرن ناتوانێت تەواوی پێداویستییەکانی کارمەندانی ژن پڕ بکاتەوە، بەڵام ئەوەندەی کە ژنان لە ماڵ دێنەدەرەوە و پشتیان بە خۆیان بەستووە بە گرنگترین پێناس دەکات.

دییە دەڵێت: ئەگەر هەفتە بازارەکان نەبن، ئەوا ژنانی گەنج ناچار دەبن کاری فرۆشیاری بکەن لە هەندێک دوکانی بچوکدا، بەڵام ئەو هەلی کارەی لە سەیدسادقدا بۆ کوڕان ڕەخساوە بۆ ژنانی گەنج نەڕەخساوە.

 

"لەبەرامبەر هەمان کات کارکردندا کوڕان موچەی زیاتر وەردەگرن"

شنیار ڕەفیق، دەرچوی بەشی ژمێریاری و کارمەندی هەفتەبازاڕێکە لە سەیدسادق، دەڵێت: کارکردنیان تا ڕادەیەک یارمەتیدەرە بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکانیان، ئاماژەش بەوەدەکات زۆربەی کارمەندەکان دوو شەفت کاردەکەن، لەلایەن کۆمەڵگاوە هەندێک کات ڕێگریان لێدەکرێت و لە پەیجەکانەوە ڕەخنەیان لێدەگیرێت کە هەفتەبازاڕەکان کارمەندانی ژن وەردەگرن.

شنیار هۆکاری وەرگرتنی کارمەندە ژنەکان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کوڕان ڕازی نابن بەو موچە کەمەی خاوەن کارەکان دیاری دەکەن، کاربکەن، بەڵام ژنانی گەنج ناچارن بەو موچە کەمە ڕازیبن چونکە دەرفەتی کار پێدانیان کەمترە، دەشڵێت کاتی کارکردن بۆ ژنان و کوڕان وەک یەکە، بەڵام کوڕان موچەی زیاتر وەدەگرن.

 

"وەکو پیاوان کاردەکەین دەبێت هەقی خۆمان پێبدرێت"

ژوان جەبار دەرچووی زانکۆیە لە بەشی زمانی کوردی بەڵام دانەمەزراوە، لە ئیستادا کارمەندی هەفتەبازاڕە، دەڵێت جگە لەو گەنجانەی دەرچووی زانکۆن، کۆمەڵێک ژنی دیکە هەن کە خوێندنیان تەواو نەکردووە، بەڵام زۆر پێویستیان بە کارکردنە، ئاماژە بەوەشدەکات سەرەڕای ماندوێتی زۆر بەڵام وەک پیاوان کاردەکەن، دەبێت هەقی خۆیان پێبدرێت

 

کەژاڵ کەریم دەرچووی زانکۆ بەشی کشتوکاڵە و کارمەندی هەفتەبازارە دەڵێت: قسەی کۆمەڵگامان دێتە سەر بەڵام قسەکان هیچ نین و گوێی پێ نادەین.

 

خوشکان ئەحمەد دەڵێت: لە ئێستادا دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ لەلایەن حکومەتەوە بوونی نییە، بۆیە ئێمە لە ماڵەوە دانانیشین چاوەڕێی ئەوە بکەین کە ڕۆژێک دابمەزرێین، دەبێت ئێمە خۆمان بە دوای ئیشدا بگەڕێین. هەروەها باس لەوەش دەکات لە سەیدسادقدا ئەو دیاردەیە کاڵ بووەتەوە کە ژنان لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و ئیش نەکەن، دەشڵێت: ئەگەر ژنێک سەردانی هەفتە بازاڕێک بکات، زۆر ئاسودەتر دەتوانێت پێداویستییەکانی بکڕێت کاتێک ژنان لە هەفتەبازارەکاندا کار دەکەن.

 

ئەو شوێنی کارانەی ژنانی سەیدسادق تێیدا کاردەکەن زۆرینەی خاوەنەکانیان پیاوانن، گوڵشەن ساڵح کە خۆی خاوەن فرۆشگایەکی گوڵ فرۆشتنە و کارمەندێکی هەیە دەڵێت لە بەرامبەر ٣ کاتژمێر کارکردندا مافی خۆی پێدەدات و ئەو ژنانەی کاری دەستڕەنگینی دەکەن، گوڵشەن لە فرۆشگاکەیدا بێ بەرامبەر بۆیان دەفرۆشێت، ئەو ژنە گوڵفرۆشە باس لەو کێشانە دەکات ژنانی دێنە گوڵ فرۆشییەکەی بۆی باس دەکەن و دەڵێت: ئەو ژنانەی وانە دەڵێنەوە یان لە هەفتەبازاڕ و مۆڵەکاندان لە بەرامبەر کەمترین موچەدا کار دەکەن.

 

بەپێی ئامارێکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان لە ئێستادا ٣٧ هەزار و ٢٢١ کرێکار لە سەندیکاکانی هەرێمی کوردستاندا ئەندامن، لەو ژماریەش کەمتر لە ٢٠٪یان ژنن.

ت.پ