"دادگایی کردنەکە زیاتر لە چەسپاندنی دادپەروەری، وەک تۆڵەکردنەوە دیاربوو"

بۆ دیاریکردنی ڕیزە چالاکییەک کە کاریگەری لەسەر دەسەڵات و دادگاکان دروست بکرێت، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان ڕێکخراوەکان و چالاکواناندا ئەنجامدرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کافێ نێتی ئەمنە سورەکە لە لایەن فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی گفتوگۆییەکی کراوە بۆ ڕێکخراوەکان و چالاکوانان ڕێکخرا تا سەرجەمیان بە هاوبەشی کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام بدەن تا کاریگەری لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، دادگای هەولێر، وەزارەتی داد، داواکاری گشتی و دادگای پێداچوونەوە دروستبکەن.

 

لە گفتوگۆکەدا یاداشتی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی خوێندرایەوە، دواتر لە لایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆی لەسەر کرا، بڕیارە سبەینێ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەک بۆ هەمان مەبەست ئەنجام بدرێت.

 

لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، لە دادگایی کردنەکەدا یاساکانی ڕۆژنامەنووسی کاری پێنەکراوە، پڕۆسەی دادگایکردنەکەش زیاتر وەک تۆڵکردنەوە دەردەکەوێت، نەک پرۆسەیەکی دادگایکردنێکی دادپەروەرانە، سەرباری ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی  حاشا هەڵنەگر نییە، لەکاتی لێکۆڵینەوەدا زیندانیکراوەکان  ئەشکەنجەدراون.

 

هەر لە گفتوگۆکەدا داوا لە ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان کرا، تا بەشێوازێکی وردتر و دادپەروەرانەتر پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکەن.

 

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و یەکێک لە بەشداربووانی گفتوگۆکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕایگەیاند: دەبێت پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت و بەدواداچوون بکەن بۆ بڕیاری دادگاکە، هەروەها هاوڵاتیان دەترسن کە دادگای پێداچوونەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بڕیار نەدات، ئەم بڕیارەش بۆ کپکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسانە، دەبێت هەڵوێستمان لەسەر هەبێت و بێدەنگ نەبن.

 

ت.پ