کۆرسی پەروەردەیی بۆ ئاشنابوون بە زانستی ژنۆلۆژی لە کارەکانی بەردەوامە

ناوەندی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانیدا، لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢١دا چەند کۆرسێکی پەروەردەیی بۆ ژنان کردەوە. ئەمەش هەنگاوێکی نوێی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی و بایەخدان بە هۆشیاری ژنان و تێگەیشتن لە دۆخی ئێستای ژنان لە کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

زنجیرە کۆرسی پەروەردەیی لەسەر زانستی ژنۆلۆژی و ئاشنا بوونی ژنان بەو زانستە، لە شاری سلێمانی لە لایەن ناوەندی ژنۆلۆژی بەڕێوەچوو، کۆرسی یەکەم ڕۆژانی هەینی بۆ ماوەی دوو مانگ، لە ناوەندی ژنۆلۆژی وترایەوە، لە پاشان لە گەلەری زاموا کۆرسی دووەم لە کەشێکی فکری و ژنانەدا بۆ ژنانی بوێر و ئازاد و ڕەخنەگر ڕیکخرا.

 لەم کۆرسانەدا ''ناوەندی ژنۆلۆژی'' بووەتە جێگەی ژیان و ئاشنابوون بە زانستێک، کە دووبارە ناسنامەی سەربەخۆیی ژن دروست دەکاتەوە، ژن وەک هێزێک بۆ چارەسەری کێشەکان ئامادە دەکات. مامۆستایان، هونەرمەندان، ژنانی ڕێکخراوەکان و ژنانێک کە بە دوای چارەسەرییەوەن بۆ کێشەکان و دەرخستنی تواناکانی خۆیان، لە کۆرسەکاندا بەشداربوون، هەروەها لە ماوەی دوو مانگدا، بەبێ دابڕان و لەسەر بنەمای ئامانجەکانیان، ناوەندی ژنۆلۆژی هەشت کۆرسی پەروەردەیی بەسەرکەوتووی ئەنجامداوە.

 

پانێڵ و سیمینارەکان بۆ ناساندنی زانستی ژنۆلۆژییە

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ناوەندی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان، سازدانی پانێڵی ''ئەزموونی ژنانی هونەرمەند و ڕوانگەی ژنۆلۆژی بۆ هونەر'' و پێرفۆرمانسی ''شیوەنی خاک''ە، هەروەها بڵاوکردنەوەی چەندین نووسین و دروستکردنی چەندین بەرنامەی تەلەفیزیۆنی سەبارەت بە ناساندنی زانستی ژنۆلۆژی و ئامانجەکانی.

هاوکات ئەنجامدانی سمیناری تایبەت بە ''بارودۆخی ژنان لە باشوری کوردستان و تێکۆشان دژی ڕەگەزگەرایی'' لە شارۆچکەی کەلار بەڕێوەچووە.

 

ئەو بابەتانەی لە کۆرسەکاندا باسی لێوە دەکرێت:

کۆرسی یەکەم: ناساندنی ژنۆلۆژی، وەک زانستی سەدەی ٢١ چییە و بۆچی گرنگە، مێژووی سەرهەڵدانی ئەم زانستە، چۆنییەتی خۆدروستکردن و پێشخستنی لەلایەن ژنانی کورد و ژنانی بیانییەوە. هەروەها ناساندنی هێڵی بەرگری و بەرخۆدان لە ژیاندا، بەرامبەر بە شارستانی کاپیتالیزم و سیستەمی سەرمایەداری، بوارەکانی ژیان کە ژنۆلۆژی کاریان تێدا دەکات و لە ڕاستی هەبوونی ژن دەکۆڵێتەوە تیایاندا.

 

کۆرسی دووەم: ژنۆلۆژیی چییە؟ ئۆنتۆلۆژی ژن چییە؟ هەبوونێک کە لە مێژووی نوسراوی پیاوسالاریدا بۆ ژن دستنیشانکراوە یاخود ناسێندراوە و پێویستدەکات ژنان ئەو هەبوونە راستبکەنەوە و جارێکیکە بوون و ناسنامەی خۆیان بە خۆیانو ژیان بناسێننەوە ئیپستمۆلۆژی ژنۆلۆژی، زانیارییەکانی ژن و کەسایەتی ژن و پیاوی ناو سیستەم چۆن دوستبوون و پێویستدەکات چۆن گۆرانکاریی لە بون و زانیاری و رۆڵەکانیاندا بکرێت میتۆدی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی میتۆد.

 

سەرجەم کۆرسەکان لەلایەن ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژیەوە وترانەوە، ژنان بە پەرۆشەوە زانیارییەکانیان لەلای خۆیان تۆمار دەکرد و پێشنیاری بەردەوامی کۆرسی لەم شێوازانەیان بۆ سەرجەم ژنان لە ماڵەوە یان رێکخراو ودامەزراوەجیاوەزەکاندا و بۆ پیاوانیشدەکرد.

لە وەرزی نوێی کارکردنی ناوەندی ژنۆلۆژی، بەشێوازێکی باشتر و جیاوازتر هەڵدەستێت بە کردنەوەی قۆناغی دووەمی کۆرسی ژنۆلۆژی تایبەت بە ژنان، هەروەها کۆرسی تایبەت بە پیاوانیش دەستپێدەکات.

 

ت.پ