هەڵەبجە، هەڵمەتێک بۆ هاوکاریکردنی باڵندە و ئاژەڵەکان لە زستاندا

پاش بارینی نزیکەی ٤٠ سانتیمەتر بەفر لە سنوری هەڵەبجە و هەورامان، بووە هۆی دڵخۆشکردنی هاوڵاتیان بەڵام لەلایەکی دیکەوە باڵندە و ئاژەڵەکان خۆراکەکانیان بووەتە ژێر بەفرەوە و بێ لانە و خواردن ماونەتەوە.

هەڵەبجە

 

لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی سەرما و بەفر بارین، هاوڵاتیان وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دانەوێڵە و خواردن لە شوێنە گشتییەکان دادەنێن بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵەکان برسی نەبن.

 

لە پارێزگای هەڵەبجە کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لەگەڵ گروپێک لە خۆبەخشان گەنمیان ڕۆ کرد بۆ باڵندەکان، کوێستان ئەکرەم لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد کە شەپۆلێکی بەفر بارین ڕووی لە ناوچەکە کردووە، لەو کاتەی وەک سەرۆکایەتی شارەوانی شەقامەکانیان پاک کردووەتەوە، چەندین باڵندەیان بینیوە کە بێ خۆراک بوون، "هەستم کرد کە پێویستە ئەو باڵندانە بمێننەوە، بۆیە بە زووترین کات گەنممان بۆ دابینکردن و لە باخی گشتی هەڵەبجە، کە زۆرترین باڵندەی لێیە، بڵاومان کردەو".

 

کوێستان ئاماژە بەوەشدەکات کە باڵندە و ئاژەڵان بەشێکی جوان و تەواوکاری ژینگەن دەبێت خواردنیان بۆ دابینبکرێت و لە سەرمای زستان بپارێزێن.

 

لەگەڵ بارینی بەفر و زیادبوونی سەرما هاوڵاتیان لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستانەوە خۆبەخشانە خۆراک و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵان بڵاودەکەنەوە، چالاکوانان و ژینگە پارێزانیش داوادەکەن کە هەمووان بەشداری هەڵمەتەکە ببن و لە ڕێی خۆیانەوە ئەرکی پاراستنی ئاژەڵان بگرنە ئەستۆ.

 

ت.پ