ئاسایشی ژن هەوڵدەدات بە پاراستنی ژنان ئاسایشی ناوخۆ مسۆگەر بکات

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژنان یان هێزەکانی ئاسایشی ژنان کە لەسەر بنەمای "ژیانی ئازاد و چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی" دامەزراون، هەوڵ دەدەن ژنان لە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن، هەروەها بەهۆی ئەو هەلومەرجە دژوارەی کە لەهەرێمدا هەیە ئارامی و ئاسایش بەرقەرار دەکەن.

 

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا یان هێزەکانی ئاسایشی ژنان، یەکەم هێزی پاراستنی ژنانە، کە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزراوە و لە هەموو لایەنێکەوە هەوڵ بۆ پاراستنی ژنان و کۆمەڵگەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات، لەسەر بنەمای "ئازادی و پاراستنی ژنان بە پێی یاساکان" کار بۆ بنیاتنانی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێم دەکات سەرەڕای سەختی و کەمی دەرفەت لە بواری سەربازی و ئیداریدا.

 

ئەمە یەکەمجارە کە هێزێکی ئاسایشی ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە ژێر سێبەری یەپەژەدا دابمەزرێت، توانیویشیەتی لقەکانی لە سەرتاسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بکاتەوە و خۆی بەڕێکخستن بکات، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئاسایشی ژن بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ڕۆڵیان لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی دژ بە ژنان و کۆمەڵگا بە گشتی بینیوە و ئەندامەکانی لە هەموو بوارەکاندا پەروەردە دەکات و ڕاهێنانیان بە دیسپلینی سەربازی بەڕێوەدەبەن، هەروەها ڕاهێنان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتی کێشەکانی ژنان لە ڕێگەی فکر و ڕاهێنانی سەربازیەوە دەکەن.

 

"ئاسایشی ژنان لە دوو کەسەوە دەستیپێکرد"

هیلات محەمەد، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ژنانی هەرێمی جەزیرە، سەبارەت بە ئاواکردن و ئەرک و ڕۆڵی ئاسایشی ژنان لە بەدیهێنانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم وتی: لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا هێزێکی تایبەت بێت بە ژنان نەبوو، درکمان بە پێویستی دروستکردنی هێزی ژنان کرد چونکە سەدان ساڵە ژنان ئەشکەنجە و ڕێگریان لێدەکرێت و دەکوژرێن، لەسەر ئەم بنەمایەش هێزی ژنان بە سایەی یەپەژە دامەزرا، چونکە لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە، ژنان لە هەموو بوارەکاندا جێگەیان گرت و ویستمان بەشێکی یەپەژە بۆ ئاسایشی ژن بنیادبنێین بۆ بەرقاربوونی ئاسایشی ناوخۆ بۆ هەرێمەکانمان.

 

هیلات دەربارەی ژێردەستەیی ڕژێمی بەعس و سیستمی پیاوسالاری ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتاوە زۆر زەحمەتییان کێشاوە، چونکە ناوچەکە لەژێر ئەقڵیەتی پیاوسالاری و ڕژێمی بەعسدا بووە، "ژنان لایان پەسەند نەبوو لە هێزی سەربازیدا بەشدار ببن و هەندێکجار ڕووبەڕووی تانە و تەشەر دەبووینەوە، بەڵام بە دوو کەسەوە دەستمان پێکرد، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنەمان سەند و لقی دیکەمان دەکردەوە".

ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی: ئەرکی سەرەکیمان پاراستنی ئاسایشی ناوخۆییە بۆ هەرێمەکانمان، بە تایبەتی ناوچە ئازاد کراوەکانمان، لە شارەکانی وەک مینبج، تەبقە، ڕەققە، تل حەمس، تل بەرەک، شەداد و هۆل ئاسایشی ژن نەبوو، بەڵام هەر کە شارێکمان ڕزگار دەکرد ئاسایشی ژنمان لەو شارانەدا دامەزراند، لە ساڵی ٢٠٢١دا زۆر لقی دیکەمان کردەوە، بە پێی پێویستیش زیاتری دەکەین، دەبێت کە باری سەرشانی ئاسایشی ژن قورس بێت چونکە بە خۆسەری کاردەکات، بەڵام لە هەڵمەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و بەشەکانی دیکەشدا شوێنی خۆی دەگرێت".

 

"ئاسایشی ژنان ١٢ شەهیدی هەیە"

هیلات ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ژنانی پێکهاتە جیاوازەکان لە ئاسایشی ژندا ئەندامن و ١٢ شەهیدیان داوە، "ئەکادیمیای خۆبەڕێوەبەری تابەت بە ژنان وەک ئەکادیمیای شەهید هیرا لە شاری سەرێکانی دامەزرێنرا، بەڵام دوای داگیرکردنیی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کارەکانی ڕاگیرا، پاشان ئەکادیمیای شەهید نەسرین لە شاری دێرک دامەزرا، هێزەکانی ئاسایشی ژن لەهەڵمەتە سەربازییەکاندا بەشدارن و لە ناوچەی جەزیرە ١٢ شەهیدی داوە کەلە پێکهاتە جیاوازەکانن، دوا شەهیدمان لە پێکهاتەی سریانییە و لە ئایندەدا ئەکادیمیایەک بە ناوییەوە دەکرێتەوە".

 

ئاماژەی بەوەشدا کە لە رابردوودا لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبدا ڕووبەڕووی زەحمەتی دەبوونەوە چونکە لەڕووی هۆشیاری، دابونەریت و ئەقڵییەتەوە لایان پەسەند نەبوو ژنان بەشداری ئاسایشی ژن ببن و پێیان وابوو دەبێت ژن لە ماڵدا بێت.

 

"ئاسایشی ژن پێکدێت لە ١٠٠٠ ئەندام"

هیلات تیشکی خستەسەر ژمارەی ئەندامانی ئاسایشی ژن کە بە تێپەربوونی کات گەیشتووەتە ١٠٠٠ ئەندام و درێژەی بە قسەکانیدا: بە تێپەڕبوونی کات هۆشیاری زیاتر بوو، زۆرێک لە ژنانی عەرەب بەشداری ئاسایشی ژن بوون و سریانی و مەسیحییەکانیش بە ناوی سۆتۆرۆ و ناتۆرۆ دەستیان بە خەباتکرد لە ناو هێزەکانی ئاسایشی ژناندا لە دێرک و تل تەمر، لەگەڵ هەموو دژوارییەکاندا ژنان توانییان لە جەزیرە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و نزیکەی ١٠٠٠ ژن ئەندامی ئاسایشی ژنی ناوچەکەن، پێش شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان ژنان لە ژێر ئەشکەنجە و کوشتن و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵ و دەستدرێژی و نامووسدا بوون، دواتر ژنانی ئازاد ئەمەیان پەسەند نەکرد، لەسەر ئەم بنەمایە هەموو ئەندامانی ئاسایشی ژن بە ئەرکی سەرەکی دەزانن کە سەرەتا ژنان بپارێزن و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەو کارە بکەن".

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە هیوا و ئامانجەکانیان دا و وەها کۆتایی پێهێنا: یەکێک لە ناوەندەکانمان کە دامەزرا، نوسینگەی سکاڵاکانە، کە کاری لێکۆڵینەوەیە، کاری ناوەندەکە ئەنجامدانی ئێشکگرییە تا درەنگانی شەو بۆ پاراستنی ژنان و بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، هەروەها ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی گرفت و سکاڵا دەبنەوە دەتوانن سەردانی ئەم نوسینگەیە بکەن تا هێزەکانی ئاسایشی ژن هاوکاریان بکەن.

 

ت.پ