هاوڵاتیان لە نەبوونی سوتەمەنی ناچار بە دار بڕینەوە کراون

نەبوونی نەوت و سوتەمەنی پێویست بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی غاز و هاوڵاتیان ناچاری بڕینەوەی دارن، کە دەبێتە هۆی تێکدانی ژینگە و زیان گەیاندن بە سروشت، ڕۆژانە نەوت هەناردەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت و بۆ هاوڵاتیانیش بە شێوەیەکی خاو دابەشدەکرێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ئێستا وەرزی زستانە سەرما ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەشێکی هاوڵاتیان کەلە گوندەکاندا دەژین بەهۆی سەرما و نەبوونی سوتەمەنی پێویست بۆ گەرمکردنی ماڵەکانیان، پەنایان بردووەتەبەر بڕینەوەی دار و سوتاندنی لە ماڵەکاندا لە زۆپای داردا.

 

لەناو شارەکانیشدا بەهۆی نەبوونی نەوت هاوڵاتیان زۆپای دار دادەنێت، یاخود زۆپای غاز بەکاردەهێنن، کە قەیرانی غازیشی دروستکردووە، بەکارهێنانی هەریەک لە زۆپای دار و غازیش زیانی سروشتی و تەندروستی لێدەکەوێتەوە.

 

ئامینە ئەحمەد، هاوسەرۆکی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی-هەڵەبجە و لێپرسراوی ناوەندی سلێمانی لە کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز بۆ نوژنها دوا و وتی: بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێت نەوت دابەش نەکراوە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە کە هاوڵاتیان دار ببڕنەوە بۆ گەرمکردنەوەی خۆیان، هۆکارێکی دیکەش هەیە کە لە ئێستادا چێشتخانەکان دار بەکاردەهێنن بۆ لێنانی خواردن.

 

ئامینە باسی لەوەکرد لە سنورەکانەوە هاوکاری هاوڵاتیان دەکرێت بۆ هاوردەکردنی دار بۆ ماڵ و چێشتخانەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو کۆمەڵەیە چەندین هۆشیاری داوەتە هاوڵاتیان کە پێویستە لە ٪٢٥ی دارەکان ببڕنەوە و هەڵپاچینی بۆبکەن، بەڵام هاوڵاتیان گوێ بە هۆشیارییەکانیان نادەن و لە بەرامبەردا دەڵێن نەوت و غاز نییە بۆیە دارەکان دەبڕینەوە.

 

"بێخەمی حکومەت ژینگەی گەیاندووتە ئەم ئاستەی ئێستا"

ئامینە دەڵێت: کاتێک خێزانێک هیچ جۆرە سوتەمەنییەکیان لانەبێت بۆ گەرمبوونەوە لەکاتێکدا وڵاتەکە پڕ لە سوتەمەنی و نەوتە بۆیە پەنادەبەنەبەر بڕینەوەی دار و دواجار مەترسی بۆسەر ژیانی خۆشیان دروستدەکەن، بەمەش ژینگە دادەماڵرێت لەو دارانەی چەندین ساڵە بوونیان هەیە و خزمەت دەکرێن.

 

نەک تەنها نەوت بەڵکو کەمی غازیش بووتەوە هۆکار بۆ بڕینەوەی دار چونکە هەندێک ماڵ لە نەبوونی غازدا دار بەکاردەهێنن بۆ ئامادەکردنی خواردن، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "کاتێک ژینگە دۆستێک لە ناچاریدا دەڵێت هاوڵاتیان مافی خۆیانە دار ببڕنەوە ئەمە کارەساتێکە"، وە بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەزانێت چارەسەری کێشەی کەمی نەوت و غاز بکات و زیاتر گرنگی بدات بە ژینگە، چونکە ژینگە بەرەو وشکەساڵی دەڕوات و ناکرێت دارەکانی ناویشی ببڕدرێتەوە.

 

"داربڕینەوە بە مەبەستی داگیرکاری بێدەنگی لێدەکرێت بەڵام لە ناچاریدا دەکرێتە بابەت"

ئەو ژینگەپارێزە ئاماژەی بەوەدا لە ئێستادا سەوزایی و بوونی دارودرەخت لە ئاست پێویستی و ویستی ژینگە دۆستاندا نییە، هەروەها وشکەساڵییە و بەپێی پێویست باران نابارێت، لایەنی پەیوەندیداریش ئاوی بۆ باخ و درەختەکان دابین نەکردووە، بەم شێوەیەش ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە، لە بەرامبەر ئەم دۆخە خراپەشدا کەوتوونەتە بڕینەوەی دار بە تایبەت ئەو دارانەی خۆڕسکانە دروست بوون.

 

وتی: کاتێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نزیکەی شەش ملیۆن داری بڕییەوە لە دارستانەکانی خاکی کوردستاندا هیچ کام لە میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی سەربە حکومەت نەهاتنە دەنگ و نەیانکردە بابەتێکی گرنگ، بەڵام کە هاوڵاتییەکەی خۆی لە ناچاریدا دار دەبڕێتەوە میدیاکان دەیکەنە بابەتی ڕۆژ و هاوڵاتیان تاوانبار دەکەن.

 

"جوڵانەوەیەکی یەکجار داگیرکاری و سنور بەزاندن لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، لەلایەن داگیرکەرانەوە، هەندێک لایەن و بەڵگە دەیسەلمێنن ئەو وشکەساڵییەی لە ئێستادا بوونی هەیە هۆکارەکەی دەوڵەتانی زلهێزن."

 

"پێویستە حکومەت بە پلان کار بۆ خزمەتکردنی ژینگە بکات"

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کەمبوونەوەی دار و سەوزایی جگە لە بڕینەوەیان لەلایەن هاوڵاتیان و داگیرکەرانەوە هۆکاری سروشتی هەیە، بەڵام پێویستە حکومەت پلانی هەبێت بۆ چارەسەکردنی کێشە سروشتییەکان و زیاتر گرنگیان پێبدات، چونکە ئەو سەوزاییەی هاوڵاتیان پشتی پێدەبەستن تەنها دارستانەکانن نەک سەوزایی ناوشار چونکە لە گەرمایەکی زۆردا حکومەت ئاوی پێویست دابین ناکات بۆ ئاودانی باخ.

 

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەربارەی نەبوونی نەوت دەڵێت چی؟

دیمەن ڕەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و جێگری لیژنەی وزە، ئاماژەی بەوەدا هەموو ساڵێک دابەشکردنی نەوت لە ناوچە ساردەکانەوە دەستپێدەکات، وە لە ئێستادا دابەشکردنی نەوت لە پارێزگای سلێمانی لە مەڵبەندی شەشدایە لە کاتێکدا ١٢ مەڵبەند هەیە.

 

وتیشی ئەم نەوتەی ئێستا دابەشدەکرێت هی ساڵی پارە واتە ساڵی پار لە ناوچە ساردەکانەوە دەستی پێکردووە کە هاتووتە سەنتەری شار لە ئێستادا گەیشتووەتە مەڵبەندی ٦، بۆیە هەتا ئەگاتەوە ناوچە ساردەکان دوادەکەوێت و هاوڵاتیان بێ نەوت دەبن، هەندێک کات بەهۆی کێشەی سیاسییەوە نەوت نانێردرێت واتە ناردنی نەوت بۆ هاوڵاتیان بە هۆکاری جیاواز دوادەکەوێت.

 

هۆکاری دواکەوتن لە دابەشکردنی نەوت و ئەنجامدانی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی خاو دەگەڕێتەوە بۆ نەناردنی لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە، بەڵکو تەنها ئەو نەوتەی یەت تەنها حکومەتی هەرێم دەینێرێت کە ڕێژەیەکی کەم دەنێرێت و بە چوار ڕۆژ جارێک دەینێرێت دواتر کۆدەکرێتەوە تا بەشی گەڕەکێک بکات، پاشان دابەشبکرێت.

 

لایەنی پەیوەندیدار پلانی بۆ دروستنەبوونی ئەزمەی نەوت داناوە، بەڵام حکومەت گوێی پێنادات

دیمەن باسی لەوەشکرد، پێش ئەوەی زستان بێت خەمی دۆخەکەیان خواردووە و ڕاپۆرتیان داوەتە لایەنی پەیوەندیدار بەڵام بەهۆی هەناردەنەکردنی نەوت و بوونی کەمتەرخەمی، نەتوانراوە نەوتەکە بگەیەنرێتە هاوڵاتیان بۆیە هاوڵاتی گلەیی دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "ئەو نەوتەی هەناردەی دەرەوە دەکرێت ئەگەر ڕوبعێکی بدرێتە هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی خۆی کێشەی نەوت چارەسەر دەبێت، بەڵام لەگەڵ هەبوونی دوو پاڵاوگە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت ناپاڵێوێت و چاوەڕێی وڵاتانی دەرەوە دەکات نەوتی بۆ بنێرن لە کاتێکدا خۆی خاوەنی نەوتە".

 

بە پێویستی دەزانێت حکومەت بەرلەوەی سەرما بێت بە پێی ڕێژەی دانیشتوان خەمی هاوڵاتیان بخوات و بە سیستم نەوت دابەشبکات و پاڵاوگەکان بکەونە کار و نەوت بپاڵێون و پێداویستییەکان پڕبکەنەوە، دەشڵێت "دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان ئاسانترین پڕۆسەیە چونکە خاوەنی سامانێکە لە نەوت، لە کاتێکدا نەوت هەیە بۆ کڕین و چەندین کۆمپانیای نا حکومی هەن بە فرۆشتن نەوت بە هاوڵاتیان دەفرۆشن."

 

ت.پ