"دەستی داگیرکاری شیرازەی خێزانەکانی بەرەو هەڵوەشاندنەوە بردووە"

خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروست لەناو خێزانەکاندا بڕیاری نەخستنەوەی منداڵی لەلایەن خێزانەکان دروستکردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی توانای بەخێوکردن و پێدانی پەروەردەیەکی باشیان نییە.

خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروست لەناو خێزانەکاندا بڕیاری نەخستنەوەی منداڵی لەلایەن خێزانەکان دروستکردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی توانای بەخێوکردن و پێدانی پەروەردەیەکی باشیان نییە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- لە ئێستادا زۆرینەی خێزانەکان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و پەککەوتنی پەروەردە و کاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر منداڵەکانیان، سنورێکیان بۆ خستنەوەی منداڵ داناوە، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو بەو شێوەیە نەبوو، هەروەها نەبوونی سیستمی حکومڕانییەکی تەندروست کە مافی تاکەکانی کۆمەڵگە و ژیانێكی شایستە دابینبکات و داگیرکاری سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و دەستوەردانی وڵاتانی داگیرکار هۆکارێکی دیکەی ڕێگریکردنن لە خستنەوەی منداڵ.

 

سەرگوڵ و شلێر یەکێکن لە دوو ژنی کۆمەڵگای کوردی هەریەکێکیان خاوەنی دوو منداڵن، بیروڕای خۆیان دەربارەی سنوردانان بۆ منداڵ خستنەوە و هۆکارەکانی خستەڕوو.

 

سەرگوڵ شەریف، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، هۆکاری نەخستنەوەی منداڵ دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی دۆخی ئابووری و پێیوایە ژیانی کۆمەڵگای کوردی ژیانێکی ناتەندروستە، بەهۆی نەبوونیەوە زۆرینەی هاوڵاتیان دڵیان خۆش نییە، کە منداڵێکیش دێننە سەر دونیا خەمی دواڕۆژی منداڵەکەیانە، بۆیە یەکجار بڕیار دەدەن و منداڵێک ناهێننە دونیاوە.

 

هەروەها وتیشی: ئێستا ژیان بووەتە ژیانێکی چاولێکەری و خەڵکی داواکاری ئەو شتانە دەکەن کە ناتوانن بە دەستیبهێنن، نەبوونی ئابووریەکی باش دۆخەکەی خراپتر کردووە، ئەو کۆچەی کە ئێستا هەیە وای لە بیروباوەڕی هاوڵاتی کردووە بڕیاری کەمی خێزانەکەی بدات.

 

شلێر ڕەحیم، ژنێکی دیکەی دانیشتووی سلێمانییە و هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بوونی پەروەردەیەکی خراپ، دەڵێت "دایکوباوکی ئێستا گرنگی بە پەروەردە نادەن، ئەوەندەی منداڵەکە تێربکەن وەکوتر گرنگی بەوە نادەن چەند کاتژمێر منداڵەکەیان خەریکی سۆشیاڵ میدیا و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانە"، پێیوایە منداڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێزی لە خۆیان گەورەتر ناگرن، هۆکارەکەشی سۆشیال میدیا و ئەو بەرنامانەیە کە تێیدا بڵاودەکرێتەوە.

 

بۆ ئەم مەبەستەش گەشاو عەبدولقادر، مامۆستای زیندەوەرزانی و ئەندامی بۆردی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، باسی لەوەکرد کاتێک منداڵ دێتە دونیاوە، بە تەنها پەروەردەی ئەندامانی خێزان وەرناگرێت، کاریگەری ژینگە و کۆمەڵگا بە گشتی و هاوڕێ و کەسانی نزیکی دەرەوەی خێزانی لەسەر دەبێت، دەشڵێت "سنوردانان بۆ خستنەوەی منداڵ لە کۆمەڵگای کوردیدا چەندین زیانی هەیە".

 

هۆکارەکانی سنوردانان بۆ خستنەوەی منداڵ

لە درێژەی باسکردنی پەروەردەی منداڵدا گەشاو ئاماژەی بەوەدا، کاتێک خێزانێک منداڵێک دێننەسەر دونیا و بەهۆی نەبوونی کات بۆ بەخێوکردنی یاخود پێدانی مافی تەواو بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەیان دەیبەنە ماڵی کەسێکی دیکە یاخود دایەنگە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە پەروەردەی خێزانی سێهەم وەردەگرێت.

 

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ قورسی ژیان کەلە ئێستادا ژن و پیاو پێویستە کاربکەن و ژیانیان دابینبکەن، لەوکاتەشدا کاتیان نامێنێتەوە بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست، زۆرکات منداڵەکە بەهۆی ئاگادارنەبوونی دایکوباوکیەوە پەنادەباتە بەر زیاتر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سۆشیاڵ میدیا، "پێویستە دایکوباوک چەندێک بەهۆی کارەکانیانەوە کاتیان نەبێت، بەڵام دواجار بەرنامەیەک دابنێن بۆ ژیانیان کە کار لە پەروەردەی منداڵەکانیان نەکات."

 

خراپی دۆخی ئابووری کۆمەڵگا و خێزان

گەشاو عەبدولقادر، ئاماژەی بەوەدا زۆر کات دایکوباوک زیاتر لە پێویستی پێداویستی بۆ منداڵەکانیان دابین دەکەن بەو ئامانجەی منداڵەکانیان کەموکورتی نەبێت، دواجار منداڵەکە فێری داواکاری زیاتر دەبێت و لە کۆتایدا ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، "ساڵانی ڕابردوو بە  کۆمەڵێک خوشک و برا یارییەکیان هەبوو یاخود پۆشاکی یەکتریان بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا ڕازی نین بەوەی تەنها یەک پۆشاکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بەڵکو داوای زیاتر دەکەن بە جۆرێک لەسەر مۆدێلات بڕۆن بەڕێوە، ئەمەش لە توانای دایکوباوکدا نییە بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریەوە".

 

نەتەوەی کورد لە چەندین ڕێگاوە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت

ئەو مامۆستایە دەڵێت "کاتێک دایکوباوکێک هەموو توانای خۆیان تەرخان دەکەن بۆ بەخێوکردنی منداڵێک و دواجار کۆچ دەکات بەهۆی خراپی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە، وا بیردەکاتەوە ئەو منداڵە نەهێنێتە دونیا باشترە، چونکە دواجار ئەو گەنجانە هەوڵی خزمەتی وڵاتێکی دیکە دەدەن لە ڕووی زمان و کلتورەوە لە نەتەوەکەی خۆیان کاڵ دەبنەوە".

 

نەتەوەی کورد لە مێژووەوە هەوڵی لەناوبردنی دراوە، خراپی دۆخی ئابووری و پەروەردەیەکی ناتەندروست کە ئێستا تەواوی ژیانی خێزانەکانی داگیرکردووە، گەشاو پێی وایە دەستی داگیرکارییە کە بووەتە هۆی کۆچکردن و کەمبوونەوەی تاکی کورد.

 

هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات لە ڕێگای میدیا و کەناڵەکانەوە پڕۆسەیەکی خراپی هاوژینی نیشان دەدرێت لە ڕێگای پەخشکردنی دراما تورکییەکانەوە، ئەمەش وای لە دایکوباوک و گەنج کردووە بێ ئاگابێت لە ڕاستی کلتوورەکەی خۆی و بچێتە ژێر کاریگەری کلتووری وڵاتانی دیکەوە، دواجار وەک ئەوان مامەڵە بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ خراپبوونی پەروەردەی خێزانێک.

 

گرنگیدان بە کەسانی بێسوود بووتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا

کاتێک گرنگی دەدرێت بە کۆمەڵێک کەس لە سۆشیاڵ میدیاوە، تاکی کورد تەماشایان دەکات و چاویان لێدەکات، هەوڵ دەدات ژیانێکی وەک ئەو بۆخۆی دابینبکات کە تێکچوونی شێرازەی خێزانی لێدەکەوێتەوە گەشاو عەبدولقادر دەڵێت "کەسانی بێسود بووەتە هۆی گۆڕینی فکری کۆمەڵگا و لە بەرامبەردا کەسانی خاوەن ڕۆشنبیری و بە ئەزموونی ناو کۆمەڵگا پەکخراون".

 

باسی لەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کاریگەرە بە سیاسەتی وڵاتانی دەورووبەر بۆ نمونە کاتێک لە تەلەفیزیۆنەکانەوە درامایەکی تورکی نیشان دەدرێت و نمونەی خێزانێکی بێ پەروەردەیی دەچێتە ناو خێزانەکانەوە، گەنج بیر لە پێکهێنانی خێزان ناکاتەوە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت خێزانەکان ڕۆژانە کۆببنەوە و بتوانن لەگەڵ یەکتر تێکەڵ ببن، کات پێکەوە بەسەر ببەن بۆ ئەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیان پتەو تربێت، هەروەها لە بنەڕەتەوە سنورێک بۆ منداڵەکانیان دابنێن و ڕێگە نەدەن پەروەردەی دەرەوەی خێزان کاریان تێبکات.

 

لە کۆتایدا بە پێویستی دەزانێت کەمپەین دروستبکرێت دژی نیشاندانی کۆمەڵێک دراما و بەرنامە لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە.

ت.پ