بەنان ناسر: توانیم کار بکەم و هاوکاری دایکم بکەم

بەنان لە کارگەیەکدا لەگەڵ دایکی کار دەکات و دەڵێت "ئامادەم ئەو ژنانەی دەیانەوێت لەلامان کاربکەن، فێریان بکەم".

بەنان لە کارگەیەکدا لەگەڵ دایکی کار دەکات و دەڵێت "ئامادەم ئەو ژنانەی دەیانەوێت لەلامان کاربکەن، فێریان بکەم".

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- بەردەوام دەوروبەری جمەی دێت لە خەڵک، بە ژن، پیاو، گەنج، پیر و تەنانەت منداڵیش بۆ کڕینی شیرینی گەرم و بەروبومی خۆماڵی ڕوو لە بەنان دەکەن.

 

کارگەی نان و شیرینی هەڵەبجە لەلایەن نەخشین نامیق، دایکی بەنانەوە دامەزراوە، بەنانیش ئێستا لەبەردەستی دایکیدا کاردەکات و ئەرکی سەرشانی دایکی سوک دەکات، بەنان بەم شێوەیە باسی لە کارەکانی خۆی و دوکانەکە کرد: لە کارگەی نان و شیرینی هەڵەبجە، نانی هەورامی و تیری، ماست، ترشی و شیرینی بەردەوام هەیە، لەسەر داواکاری هاوڵانتیانیش کەلانە و ناوساجی دروستدەکەین.

 

"لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو کار هەبێت لە کارگەکەدا دەمێنمەوە"

بەنانی ڕەنجکێش باس لەوەدەکات کارگە و دوکانەکەیان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەکرێتەوە و تا ئەوکاتەی کار هەبێت لە کارگەکە دەمێنێتەوە، ئەو ئیشکردن زۆر ئاسانە بەلایەوە و کارەکانیان بە ڕێکی بەڕێدەکەن.

 

بەنان خوێندنی تەواو نەکردووە، باس لەوەدەکات زۆر حەزی لە کارکردن بووە، بۆیە تا ئەرکی سەرشانی دایکی کەمبکاتەوە و هاوکاری بکات، هاتووەتە لای دایکی و کارەکان بەڕێدەکات.

 

کارگەکە هەلی کاری بۆ ٢٠ ژن ڕێکخستووە

بەنان بەو ژنانە دەڵێت کە حەزیان بە کارە و لێی نازانن، ئامادەییان تێدایە کە فێریان بکات، چونکە هەلی کاریان بۆ ژنان زۆرە، دەشڵێت: کارکردن زۆر قورس نییە، تەنها کەمێک لە کاتی خۆت بگرە کارکرنت زۆر ئاسان دەبێت، خوازیار، سەرجەم ژنان پشت بە خۆیان ببەستن.

 

ت.پ