هەموو خەونەکانم کۆکراوەتەوە لە تێکەڵکردنی ڕەنگ و تابلۆکاندا

هەرچەندە لە ئێستادا ڕەنگی هەموو هونەرمەندان خۆڵەمێشییە، بەڵام هیوادارم کە ڕەنگەکان بە ڕەنگاڵەیی و زیندوویی لە ژیاندا بن.

هەرچەندە لە ئێستادا ڕەنگی هەموو هونەرمەندان خۆڵەمێشییە، بەڵام هیوادارم کە ڕەنگەکان بە ڕەنگاڵەیی و زیندوویی لە ژیاندا بن.

 

بەهاران لەهیب

کابول- ماری سەمەدی، ژنە شێوەکاری ئەفغانی لە پارێزگای هەرات دەژی، ماری ماوەی هەشت ساڵە لە بواری هونەری شێوەکاریدا کاردەکات، ئەو ژنە نیگارکێشە کاتێک کۆچبەر بوو لە وڵاتی ئێران بەشی شێوەکاری تابلۆی خوێندووە، پاشان کە گەڕایەوە ئەفغانستان بەردەوام بوو لە چالاکیە هونەرییەکانی.

ماری هەمیشە ویستوویەتی تابلۆکانی ڕەنگی سروشت، ڕوخساری ژنان و پیاوانی ئەفغانستان بداتەوە، پەرتووکێکیشی لەسەر وێنەکێشان بۆ منداڵان ئامادەکردووە، دوای هاتنی تاڵیبان ئەو نیگارکێشە ناچار بوو واز لە هونەرەکەی بهێنێت، وتیشی: من ماوەی ساڵێکەوە لە ماڵەوە کار دەکەم بەهۆی بارودۆخێکی خراپی ئابووریەوە، داواکارییەکان وەردەگرم و ڕۆژانە بەوشێوەیە تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ هاتنی تاڵیباندا یەکەم کاریان قەدەغەکردنی بواری هونەر بوو.

ماری باسی لەوەکرد کە بەهۆی بارودۆخی نائەمنییەوە نەمتوانی کارەکەم بەردەوام بکەم، من و مامۆستاکەم گەلەرییەکی بچووکمان هەبوو. ئێمە دەبوا دایبخەین، مامۆستاکەم ئاوارە بوو منیش ناچار بووم لە قوتابخانەیەکی تایبەت کار بکەم.

سەرەڕای ئاستەنگی و نائومێدییەکانی هاتوونەتە سەر ڕێگەی ماری، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە کە واز لە کارە هونەرییەکانی بهێنێت، دەشڵێت: "هونەرمەندێک دەتوانێت بە هونەرەکەی ئازارەکانی خەڵک نیشان بدات، جگەلەوەش هونەر ڕۆح و گیانی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە، چ تابلۆ بێت، چ شیعر بێت، هیچ جیاوازییەکی نییە".

ئەو نیگارکێشە لە کۆتایشدا وتی: "داوا لە هەموو ژنانی ئازادی وڵاتەکەم دەکەم کە هەنگاوی پتەو و ئاسنین بەرەو ئاوات و ئاواتەکانیان بنێن، چونکە هەر کارێک بیانەوێت دەتوانن بیکەن".

ت.پ