سیمینارێک لەبارەی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی ئەنجامدرا

لە سیمینارێکدا کە لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان ڕێکخرا باس لەهەراسانکردنی ئەلیکترۆنی کرا، کە ژنان توشی هەڕەشە و ناوزڕاندن دەبنەوە، بڕیاریشە بەردەوامی بەو سیمینارانە بدرێت.

لە سیمینارێکدا کە لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان ڕێکخرا باس لەهەراسانکردنی ئەلیکترۆنی کرا، کە ژنان توشی هەڕەشە و ناوزڕاندن دەبنەوە، بڕیاریشە بەردەوامی بەو سیمینارانە بدرێت.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەم، لە هۆتێل تایتانیکی شاری سلێمانی سیمینارێک بۆ ژمارەیەک لە ژنانی چین و توێژە جیاوازەکان ئەنجامدرا، کە لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان بە هاوکاری ڕێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتی ڕێکخرابوو، لەلایەن ڕێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری عێراق و نیاز ئەحمەد سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و ڕۆشبیری و ئەوقافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دوو بابەت پێشکەشکرا.

 

لە سیمینارەکەدا نزیکەی ٢٠ ژن لە توێژە جیاوازەکانی وەک مامۆستا، قوتابی، توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەنووس بەشداربوون، لەبارەی هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن گفتوگۆکرا، باس لەوەکرا زۆرینەی ژنان ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە، کۆمەڵگا پێویستی بە هۆشیاری زیاتر و یاسای بەهێزتر هەیە بۆ ڕێگریکردن لە کێشەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

 

دواتر گفتوگۆ لەنێوان پێشکەشکارانی سیمینارەکە و بەشداربووان ئەنجامدرا، جەخت لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ناوەندەکانی خوێندن کرایەوە، هەم بۆ مامۆستا و هەمیش بۆ قوتابی سیمیناری تایبەت بکرێتەوە.

 

ئاواز سەلیم سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان بۆ هەمووان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئەم سیمینارە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدایە کە لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتی پاڵپشتی دەکرێت بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی ژنان بەتایبەت لە هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی و چۆنیەتی پاراستنی پەڕە کەسی و فەرمییەکان، لە داهاتووشدا سیمیناریان لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن دەبێت.