هەڵەبجەییەکان بە بۆنەی هاتنی پایزەوە ئاهەنگیان ساز کرد

شەوی ١٤ لەسەر ١٥ی تشرینی یەکەم، شەوێکی پڕ لە جۆش و خرۆش بوو بۆ بەشێک لە خەڵکی هەڵەبجە، چونکە لە شەوە ئاهەنگێکدا پیرو گەنج و منداڵ پێکەوە تا درەنگانێکی شەو بە ئاهەنگ و گۆرانی کاتیان بەڕێکرد.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- فێرگەی میوزیکی شنروێ بە هاوکاری کۆمەڵێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی هەردوو پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بە سپۆنسەری پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی شەوە ئاهەنگێکی پایزەیان رێکخست.

 

بەهار حەمە سەعید سەرپەرشتیاری گروپی کۆرسی ژنانی تیپی میوزیکی شنروێ بۆ ئاژانسی ژنها ئاماژەی بەوەکرد، فێرگەی میوزیکی شنروێ هاوکاری مامۆستایان دەکات و ژنانی سلێمانی و هەڵەبجە توانیویانە بە درێژایی ئەمشەوە پایزەییە بەردەوام بن لە ئاهەنگەکەدا.

 

"ئەیسەلمێنین کە هەڵەبجە شارێکی زیندوە"

کوێستان عومەر ژنێکی بەشداربوو لە کۆنسێرتی پایزی هەڵەبجە باس لەوە دەکات ڕۆحێکی هونەرییان هەیە و جیاوازی نیە لەنیوان هەڵەبجە و سلێمانی-دا، گرنگ هونەرە و پەیام بگات، وتیشی: "هەڵەبجە ئەهلی هونەرو کەیف و سەفای خەڵکەو ئەیسەلمێنین شارێکی زیندووە و لە مێژوودا ناوێکی بەرزو جوانی هەبوە".

 

پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی پێی خۆشە خزمەت بە منداڵانی شاری هەڵەبجە بکات

سپۆنسەر کردنی کۆنسێرتی پایزەی هەڵەبجە لەلایەن پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانییەوە بووەو خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەو شەوە ئاهەنگە، کوێستان محەمەد وتەبێژی پەیمانگای گۆتە باسی لەوەکرد، پاش ئەوەی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کردوەو فێرگەی شنروێ-یان بەسەر کردۆتەوە کە ڕۆژانە چەندین خویندکار لە خولدان بۆ ئامێری میوزیک و پاش ئەوە مندالەکانیان بینیوە، لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتی دارایی " فەند"یان بۆ وەرگرتوون، تا کۆنسێرت نمایش بکەن و خۆشحاڵی خۆیان بەو شەوە ئاهەنگە دەربڕی و دڵخۆشی خەڵکەکە دڵخۆشی کردن.

 

لە کۆنسێرتەکەدا تیپی کۆرسی ژنان و منداڵانی فێرخواز بەشدار بوون و تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوو.