ماردین شارستانیەتی تەلارسازی

شاری ماردین ناوەندێکە بۆ پێکەوە ژیانی نێوان نەتەوە جیاوازەکان، ئەمەش لە سیما و هونەری تەلارسازی شارەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.

بێریڤان کەمال

 

شاری ماردین دەکەوێتە باکووری کوردستان، یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی میزۆپۆتامیا، کە مێژووەکەی بۆ چوار هەزار ساڵ پێش زانین دەگەڕێتەوە، مێژوونوسان و شوێنەوارناسان بە مۆزەخانەیەکی کراوە وەسفی دەکەن بەهۆی ئەو سیما تەلارسازییە ناوازە و هونەرە مێژووییەی تیایدا دەبینرێت.

شارەکە بە تەلارسازی، مێژووی دێرین و کەشوهەوایەکی پاک بەناوبانگە، ماردین دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و لە باکوری سنووری سوریا و لە ڕۆژئاوا سنووری لەگەڵ باشوری کوردستان هەیە، هەر بەهۆی ئەو هەڵکەوتە جوگرافیاییەوە بووەتە شوێنی پێکەوە ژیانی نەتەوە و کلتوورە جیاوازەکانی وەک ئاشورییەکان، ڕۆمییەکان، موسڵمانەکان، مەغۆلەکان، کاسۆلیکەکان، ئەرمەنییەکان، کلدانییەکان، کورد و ئێزدییەکان.

 

مێژووی کۆنی ماردین

ماریدا لە کۆتایی سەدەی ١١ دا کەوتە دەستی سلجوقییەکانەوە، لەو کاتەدا چەندین کۆسک، مزگەوت و مەدرەسەکان لەسەر دەستی سەلجۆقیەکان دروستکران، دواتر دەکەوێتە بەر هێرشی مەغۆلەکان، لە ساڵی ١٥١٦ لەلایەن سوڵتان سەلیمی یەکەمەوە تێکەڵ بە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کرا.

لە ماوەی جەنگی جیهانی یەکەم ماردین بووە ماڵی زیاتر لە ١٢هەزار ئاشوری و زیاتر لە حەوت هەزار و ٥٠٠ ئەرمەنی، لە ساڵی ١٩٢٣بە دامەزراندنی کۆماری تورکیا ماردین کرا بە پایتەختی ئیداری پارێزگایەک، کە دواتر بەوەوە ناونرا.

 

هەڵکەوتەی جوگرافی ماردین

 لە ڕووی ستراتیژیەوە ماردین دەکەوێتە سەر گردێک کە هەزار و ٥٢ مەتر بەرزە و دەڕوانێتە سەر دۆڵێکی گەورە و ڕووباری دیجلە، ناوچەکە بارانبارینی زیاتر لە دەشتەکانی خوارەوە وەردەگرێت و هاوینی گەرم و زستانی ساردی هەیە.

 ئەم خاڵە ستراتیژیە بووە هۆی ناونانی ئەو شارە لە سەردەمی ڕۆمانیدا بە "ماریدا"، ناوێکی ئاشوریە بە واتای قەڵا، کە قەڵایەکی ڕووخاوی ڕۆمانییە، لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا ئاوەدان کراوەتەوە، پارێزگای ماردین ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و بە شێوەیەکی سەرەکی گەنم و جۆ بەرهەم دەهێنێت.

ماردین سەنتەرێکی گرنگی بازرگانی گرنگە لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە باشووری ئەنادۆڵ، ‌هێڵی نێوان ئەستەنبوڵ و بەغدایە، بە ڕێگای گەزیانتپ (ڕۆژئاوا)، حەلەب (باشوری ڕۆژئاوا، لە سوریا)، نوسەیبین (باشوری ڕۆژهەڵاتی)، دیاربەکر (باکوری ڕۆژهەڵات) بەستراوەتەوە.

 

ماردین مۆزەخانەیەک لە هونەر و تەلارسازی

ماردین پڕە لە شوێنەوارە مێژووییەکان، تەواوی شارەکە بە شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانی یونسکۆ دەستنیشان کراوە، لە سەرانسەری شارەکە مزگەوت، کەنیسە و مەدرەسی بەناوبانگ هەیە هەروەها بەناوبانگە بە چەندین منارەی گەورە .

ماردین بە درێژایی سەدەکان لەلایەن چەند ئاین و مەزهەبێکی جۆراوجۆرەوە بنیاتنراوە، بەڵام شارەکە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی مێر تەوکیدی لە سەدەی ١٢ بۆ ١٥ سیما و پێکهاتەی تەلارسازیی دیاری خۆی بەدەست هێنا، لە سەرەتای سەدەی ١٨جێگیربوونێکی کورتخایەنی بەدەست هێنا، قەڵا، شار و گوندەکانی ماردین نۆژەنکرانەوە و بینای نوێ دروستکران لەوانە، سور خان، ڕەیحانی، حاجی عومەر و مزگەوتی شێخ شاران.

ناوەندی شاری نەریتی ماردین لە ناوچەیەکی بازرگانی پێک هاتبوو، هەروەها لە دەوروبەری مزگەوتی گەورەی ماردین ناوچەیەکی دیکەی بارزگانی پەرەیسەند، لەگەڵ دروستکردنی بینای ئیداری نوێ لە گەڕەکی گول، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ماردین ببێتە خاوەن دوو ناوەندی گرنگ، ئەوانیش ناوچەی کۆنی بازرگان و ناوەندی نوێی ئیداری کە لە بەشی باکوری شارەکە بوو.

لە کۆتایی سەردەمی ئیمپڕاتۆریەکی عوسمانییەکاندا، چەندین سەربازگە لە ماردین دروستکران، لەوانە لە ساڵی ١٨٩١ سەربازگەی حەمیدییە بە دوو بینای لاکێشەیی و سێگۆشەی دروستکرا، کە بە عەمباری خاچی داپۆشراوە دروستکراوە، لە ئێستادا خاوەن ڕازاندنەوەیەکی تایبەتە.

 

خانووەکان لە ماردین بە یەک، دوو، سێ یان چوار نهۆمی دروست دەکرێن، لە مەودای یەک لەسەر یاک لە سەرەوەی یەکتر دروستدەکرێن بۆ گونجاندن لەگەڵ تۆپۆگرافییای شارەکە.

 

تەلارە عوسمانیەکانی سەدەی نۆزدەیەم لە ماردین تایبەتمەندی جیاواز بە پێی ئەرک، دۆخی تاکەکەسی،  خواستی خاوەنکارەکان و هەڵوێستی تەلارسازان دروستکراون، سەرەڕای ئەو جۆرە جیاوازیانە، بیناکان کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە.

 

هەندێک لە باڵەخانەکان لە ماردین شێوازی ڕۆمانەکان بە کاریگەری ئەوروپیەوە نیشان دەدات، لەوانە چەند نموونەیەک لە نیو کلاسیک، یەکێک لە نیۆ گۆتیکەکان.

ئەم شێوازە تازەیانە هاوشانی فۆرمی عەرەبی نەریتی و ئەندازەیی کە بۆ چەندین سەدە لەلایەن کۆمەڵگا موسڵمان و مەسیحیەکانی ناوچەکەوە بەکارهێنراون، هەڵگیرابوون.